کوردێک چاوی بە هیتلەر کەوتوە!

رەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت کوردێک ساڵی ١٩٣٨ لە سلێمانییەوە چووبێتە ئەڵمانیاو چاوی بە ئەدۆلۆف هیتلەری سەرۆکی ئەڵمانیا کەوتبێت و نەک هەرئەوەندە، بەڵکو رووبەڕوو لەگەڵیدا دانیشتووەو باسی کێشەی کوردی بۆ کردووە.
ئەو کوردەش مامۆستا تایەر یەحیا بەگی بابانە.
شێخ قادری بەرزنجی (شێخ قادرە ڕەش) گێڕایەوە: ساڵی ١٩٣٨ رۆژێکیان من و کاک نوری شاوەیس لای شەقامی مەولەوی وەستابووین، لە مەینەتی و نەهامەتی کورد دەدواین، ئەوەندەی پێ نەچوو مامۆستا تایەر بەگ هاتەلامان و فەرمووی: کاک نوری، کاکە شێخ وەزارەتی پەروەردە بەنیازە وەفدێک بۆ مەشق و ڕاهێنانی وەزشەوانانی تیپە کەشافەکان بۆ ئەڵمانیا بنێرێ، پێموایە کورد تەنهاو بەس منی تیابم، خوازیارم بگەمە ئەوێ و چاومان بە هیتلەر بکەوێ، ئەوسا خۆم ئەزانم چۆن چۆنی زوڵم و زۆرداری لە نەتەوەکەمان باس دەکەم.
بەڕاستی ئێمەش بەو گفتە گەلێ کەیف خۆشبووین و زۆریش پشتیوانیمان لە ڕاوبۆچونەکانی کرد، رۆژ دێ و ڕۆژ دەڕوا، ئەوەندەمان زانی و بیستەوە تایەر بەگ بۆ چەند هەفتەیەک دەبێ لە ئەڵمانیایە، چاوە چاوی هاتنەوەیمان بوو، ئا بزانین تا چەند کردارەکەی مەیاندووە، ساتێ گەڕایەوە، یەکەم کەسێ من بووم بەخێرهاتنەوەم لێکرد.
تایەر بەگ ئینسانێکی وریا بوو، هەر منی بینی بە بەرچاوی کۆمەڵێ مامۆستایانی دۆستییەوە وتی: شێخ قادر ئەزانم عەواڵی چیت، ئەو شتانەی باسمان کرد، گشتی بەدڵی هەموو دۆستە، کاتێ قسە کەوتە لای من بە جەنابی هیتلەرم وت: (من کوردم، بابانم، دانیشتووی سلێمانی، کورد لە توخم و رەگەزی ئێوەیە، میللەتێکی بێ پشت و پەنایە، ئەسەف و حەسرەت کەسێ نیە ئاوڕێکی لێبداتەوەو لێی بپرسێت).

ئەڵێن رەحمەتی تایەر بەگ بە دوو قۆڵی وێنەی لەگەڵ هیتلەردا هەبووە، هیوادارین ئەو وێنەیەمان دەستبکەوێت

وێنەی یەکەم: تایەر بەگی بابان.
وێنەی دووەم: تایەر بەگ لەراستەوە، دووەم کەسە لەگەڵ وەفدی کەشافە لە یارییەکی دووگۆڵی لەگەڵ تیپێکی ئەڵمانیدا.
وێنەی سێیەم: وەفدی کەشافەی عێراقی لە ئەڵمانیاو. تێکەڵ بونیان لەگەڵ سوپای هیتلەردا، لەبەردەم یەکێک لە سەربازگەکانی سوپای هیتلەر، لەم کاتەدا هیتلەر وتار ئەخوێنێتەوە، تایەری یەحیا بەگیش لە سلێمانییەوە چووە.

سوپاس بۆ زانیارییەکانی مامۆستا عومەر عەزیز مەحوی.

داناز عەبدولڕەحمان
به‌روار:  17/05/2022
676   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   539
کۆی سه‌ردان:   29230087