بیستو پێنج فلس!
هاتنی پاسی مەسڵەحە بۆ بەینی شارەکان ،بۆ ئیمەی هەژارو کەم درامەت موژدەیەکی خۆشو گرنگ بوو.

لە دوای پەیا بونی پاسەکانی مەسڵەحە ئیتر ئیمەی مناڵی هەژار ناچار نەئەبوین بە درێژایی ڕێگای "دەربەندیخان/سلیمانی" بە پێوە بوەستین تا پارەی نیو نەفەر بدەینو پارەی نەفەری تەواو نەدەین.

ڕۆشتن بۆ سلیمانی هۆکاری نەئەویست،هەر هیچ نەبوایە بۆی بڕۆیت
سەیری وێنە گەورەکەی "عەلی ئەفەندی" کە لە دوکانی وینەگرێکی لای مزگەوتی گەورەدا هەڵواسرابوو خۆشیەک بوو بۆ خۆی.

خواردنی هەمبەرگەرێک لە هەمبەرگەر ئاڵا ،سەیرکردنی فلیمی شوعلە لە سینەما سیروان،کڕینی سەمونی کارەبایی لە خانەقاو سەرئاوکردنێکی مزگەوتیکی گەورە!.
ئەمانە هەر هەموی تامو چێژی تایبەتی خۆی هەبوو.

ئێمە هەر سێکمان مناڵ بووین، بە پشتو چاودێری "مامە کەمال" بەرەو شاری سلیمانی کەوتینە ڕێگا.
ئێمە هەر سێکمان لە ڕیزێکی سێ کورسیدا دانیشتینو "مامە کەمال" لە پێشی ئێمەوە لە لای مامۆستایەکی ژنی جوانی سفورا دانیشت.

وەک چۆن ئێمە یەکەم جارمان بوو لەو ڕێگایەدا بە ئیسراحەت هەریەکەو لە سەر کورسیەک دابنیشین.
یەکەم جارمان بوو بە پێوە یان لە باوەشی گەورەیەکا نەبین!.

ئاواش "مامە کەمال" یەکەم جاری بوو شانسی باش بیهینێتو لە پاڵ مامۆستایەکی ژنی تەنورە لە پێی جوانا دانیشێ!.
"جابیەکە" هاتوو هەر یەکەو بلیتیکی مناڵی حەفتاو پێنج فلسی بۆ بڕین.

هەر ئەوەندەی خۆش بوو لە تونێلکە چوینە دەرەوە ئیتر دوانمان دەستمان کرد بە ڕشانەوە.
خەڵکی ئەو سەردەمە زۆرینەیان کە سواری سەیارە ئەبوون ئەوەندە سەیری جادەکەیان ئەکرد یەکسەر ئەڕشانەوە.
بۆنی ناو پاسەکە بوبوە بۆنی دۆینەی ترشاو ،چونکە کاتی خۆی نانی بەیانی ئێمە تەنها هەر دۆینە بوو.
هەرچۆن بوو گەشتینە گوندی چنارەو لەوێ پاسەکە وەستا بۆ سەرخستنی نەفەر .
هەر لەوێشا کەسێک بە جلێکی ڕەسمیەوە سەرکەوتو دەستی کرد بە پشکنینی بلیتی نەفەرەکان.
کە گەشتە سەرەی ئێمە داوای بلیتی لێ کردین .

ئیمەش دوانمان بلیەتەکانی خۆمان نیشان داو دانەیکمان کە زۆرتر ڕشابویەوە بلیتێکی لە ناو تەپڵەکی جگەرەکەدا دەرکردو دای بە دەستی جابیەکەوە.

ئێ ئیمە چوزانین کە ئەوە نابێت بلیت هەر بلیتە ئیتر.
کابرای کۆنتڕۆڵ پرسی یەکی چەنتان داوە ؟.
ئیمەش ووتمان یەکی حەفتاو پینج فلس.

کابرا ووتی ئەم بلیتانە یەکێکیان بلیتی پەنجا فلسیە !.
کەواتە ئەوەی بلیتەکەی بۆ بڕیون بیستو پێنج فلسی دزیوە بۆ خۆی!.

کابرای بلیتەوان هەر کە گوێی لەوە بوو هاواری کرد :

"کاک فازڵ" بە کەعبەی شەریف شتی وانیەو هەمویان بلیتی حەفتاو پینجیم بۆ بڕیون،بەڵام "کاک فازڵ" باوەڕی نەئەکردو هەر سور بوو لە سەر ئەوەی کە جابیەکە بیستو پینج فلسی دزیوە.
جابیەکە دەستی کرد بە پاڕانەوەو تا ڕادەیەک گریان،بەڵام دادی نەداو "کاک فازڵ" سور بوو لە سەر دزی کردنەکە.

جابیەکە کەوتە سویند خواردن، کەوتە تەڵاق خواردن ،خەڵکی ناو پاسەکەش تەداخولیان کرد ،بەڵام هەر سودی نەبوو.
جابیەکە هاواری ئەکرد کی لە گەڵ ئەم مناڵانەدایەو؟ ئەیدا بە دەستیا ،بەڵام "مامە کەمال" هەرگیز خۆی تێ نەئەگایندینو شانی خۆی لەکەدار نەئەکرد لە لای ئەو مامۆستا ژنەدا.

دوا جار جابیەکە چاری نەما هاتو دەستی خستە ناو ڕشانەوەکە ..یەع..
بە هەردو دەستی ئەگەڕاو لە پڕێکا بلیتەکەی دۆزیەوە.

هاواری کرد "کاک فازڵ" دۆزیمەوە ئەوەتا ئەمە بلیەتەکەیەتی ئەو بلیتە هی خۆی نیەو ئەمە بلیتەکەی خۆیەتی.
منیش ئەو کاتە هەرچەن مناڵ بووم بەڵام ووتم ڕاست ئەکا ئەوە بلیەتەکەیەو هەر هەمومان بلیتی حەفتاو پینج فلسیمان وەرگرتوە.
ئیتر بەم شێوە "کاک فازڵ" وازی لە کابرای جابی هێناو توشی بەڵایەکی نەکرد.

بیستو پینج فلس بەس بوو بۆ ئەوەی سەری کەسێک بدا بە پەتا.

ئەڵبەتە من باسی ئیدارە ئەکەم نەک وەسفی زەمەنیکی شوم.

ئێستاش بیستو پێنج ملیار دۆلار ببەو نۆشی گیانت بێت و هیج "کاک فازڵێک" نیە بتدا بە سزادا.

تێبینی.....
ئەمە چیرۆک نەبوو ئەمە ڕوداویکی ڕاستی بوو کە لە خۆم ڕویداوە بی هیچ زیادو کەم گێڕامەوە.

حسێن عەلی شەریف
به‌روار:  16/05/2022
525   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   691
کۆی سه‌ردان:   29256993