فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد لە نێوان ژیلا حوسێنی و زارا موحەمەدی دا

زارا محەمەدی ، مامۆستایەکی رۆح سوک و بوێر ، ماوەی دە ساڵە لە ناو شاری سنە و گوندەکانی دەوروبەریدا ئازایانە و خۆبەخشانە وانەی کوردی دەڵێتەوە ، هەر بۆیە ئەم جورمە گەورەیە لە لای دەسەڵاتدارانی ئێران مایەی قبوڵ و چاوپۆشی نیە ، زیاتر لە دوو ساڵە فایلی تاوانی زارا ، کە لە دیدی ئەواندا پێچەوانەی بنەماکانی ئاسایشی نیشتیمانیە ، لە بگرە و بەردەی دادگای سنەدایە ، سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٩ دا بە زیندانی کردنی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ حوکم درا ، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە حوکمەکەی بۆ کرد بە ٥ ساڵ و لە سەرەتای ئەم ساڵدا داوا لە زارا محەمەدی کرا خۆی رادەستی ئیدارەی زیندانی سنە بکات . زارا محەمەدی تەمەن سی ساڵ ، لە دایکبووی گوندێکی شارۆچکەی دێوڵانی شاری سنەیە، بۆ پاراستی زمانی نەتەوەکەی ماوەی دە ساڵە ئەو منداڵانە فێرە زمانی کوردی دەکات کە مەحرومن لە فێربوونی زمانی دایک ، دەریچەیەک شک نابەن فێری خوێندنەوە و نوسینی ئەو زمانە بن کە قسەی پێدەکەن . زارا جگە لە بواری پیشەیی مامۆستایی و وتنەوەی وانەی کوردی خۆبەخشانە ، لە بواری ئەدەب و فەرهەنگیشدا چالاکە ، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین و لەکاتی دەرچوونی حوکمی زیندانیکردنەکەی سەرۆکی ئەو دەزگایە بووە .
زارا محەمەدی یەکەم کەس نیە کە بوێرانە و دوور لە چاوی ئەوانەی فێربوونی زمانی کوردی بە تاوان دەزانن ؛ منداڵان ، یان ژنان و کچانی شار و گوندەکانی کوردستانی رۆژهەڵات فێری نوسین و خوێندنەوەی کوردی دەکەن . لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ، " ژیلا حوسێنی " شاعیر و نوسەر وێرای سەرقاڵی بە ژیانی تایبەت و نوسین و چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی ، بەڵام لە فێرکردنی زمانی کوردی بە ژن و کچەکانی هاوڕێیدا درێخی نەکردوە . بەهاری کچی ، ئاوا باسی رۆڵ و چالاکی دایکی دەکات لە هاندانی فێربوونی زمانی کوردی : ( ژیلا لە ماڵی خۆیدا، هەوڵی دەدا هەندێک لە هاوڕێ ژنەکانی خۆی، کە ئێواران کۆدەبوونەوە، فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردییان بکات.. من تا تەمەنی هەشت ساڵی لەگەڵ ژیلادا ژیاوم، هەمیشە لەگەڵیدا بووم، زۆر جار لەگەڵ خۆی دەیبردم، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنم دەدی، بەردەوام لە کۆڕەکاندا لەگەڵی بووم، هەر لە منداڵییەوە بە کۆڕی شاعیران و ئەدیبان ئاشنا بووم، پاشان کە بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری کرد، من لە ماڵی بابەم مامەوە، ئەو ماڵی لە سنە بوو، منیش لە سەقز بووم، بەوهۆیەوە ئێمە زۆر جار نامەمان دەگۆڕییەوە، ژیلا هەمیشە نامەکانی بە کوردی بۆ من دەنووسی. زۆر هەوڵی دەدا کە منیش هەر لەو تەمەنی منداڵییەوە کوردی بنووسم، کوردی بخوێنمەوە، تا بەتەواوی فێری کوردی ببم. ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین بیرەوەرییەکانی من لەگەڵ ژیلا کە هەر لەو تەمەنەدا منی فێری کوردی نووسین و کوردی خوێندنەوە کرد. بەداخەوە من تەمەنم دوازدە ساڵ بوو کە ژیلا کۆچی کرد.)
ژیلا حوسێنی شاعیر ، کە هەندێک بە فروغی کورد ناوی دەبەن ، ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٦٤ لە شاری سەقز لە دایک بووە ، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٧/٩/١٩٩٦، لە کاتێکدا بە مەبەستی بینینی شێرکۆ بێکەس ، لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی بەرەو شاری تاران بەڕێکەوتبوون، لە نزیک شاری دێولان، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە لەگەڵ کیژۆڵە ١٠ مانگانەکەی (ژینا)، لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا، کۆچی دوایی دەکات و هەردوو تەرمی ژیلا و (ژینا) لە گوندی بنەماڵەکەیان و لە تەنشت گۆڕی (مێهران حسێنی) باوکیەوە ئەسپەردە دەکرێن. دوای ئەو مەرگە ناوادەیە ، شێرکۆ بێکەس بە شیعرێک بۆ ئەو خاتوونە کە لە ماوەی کەمی ژیانی پڕ تێکۆشانی خۆی ، بوو بە نموونەیێکی کەم وێنە بۆ کچان و ژنانی سەردەمی شارەکەی و تەواوی کوردستانی رۆژهەڵات، بەناوی " ژیلا " دەهۆنێتەوە : ئەمەش کۆپلەیەک لەو شیعرە :
...............
پەرییەکی شیعری "حافظ "
نیوەی: گوڵ و نیوەی: تەرزە..
کچی تەم و کچی باران..
ھات.. داگەڕا و
گەیشتە لام و پێی وتم:
- من خۆم دیومە «ژیلا» بووە بە شەتاوێ
لەو کاوانە و «ژیلا» بووە بە چنوورێ لەو کەژانە و
«ژیلا» بووە بەماسییەکی باڵداری ناو «زرێبار».
من خۆم دیومە. ئێستە ئەو لەناو ھەورایە و
لەسەر کورسیەکی بەرزی ئەرخەوانی دانیشتووە و،
بە گزنگ شیعر ئەنووسێ و کراسێکی ئاودامانی
مانگەشەوی لەبەردایە.
من خۆم دیومە: بووە بەکۆترە شینکەیەک
لەو ماھیانە و مەمی ئەوینێتی و
ھەر شەقژنی برینێتی و ھەر چاوە چاوی بینینی
باڵای شیعرێکی تۆیەتی و
ملوانکە موورووی ئەستێرەی لە ملدایە.
کاروان جەلال
به‌روار:  08/01/2022
624   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   302
کۆی سه‌ردان:   29253941