بەتورکی قسە لە گەڵ کەرەکەت بکە ..!!

ساڵی 2012 چوومە ئیستەنبۆل، هەفتەیەک لەوێ بووم و بەفڕۆکە هاتمەوە ئامەد و چەند ڕۆژێکیش لەباکوور مامەوە. پانتۆلێکی کاوبۆم لەئیستەنبۆل کڕیبوو و تۆزێ درێژبوو، لەئامەد چوومە دوکانێکی خەیاتی کورتی کەمەوە!
دوکانەکە، باوکێک و دوو کوڕ کاریان تێدا دەکرد، باوکەکە بەتەمەن بوو و زیاتر سەرپەرشتی و ڕێنمایی دوو کوڕەکەی دەکرد!
خۆی هەندێ پرسیاری کرد و دەزووی گفتوگۆکەی کردەوە!
لەگەڵ من بەکرمانجی و لەگەڵ کوڕەکانیشی بەتورکی قسەی دەکرد، منیش گوتم ئێستا قسەکردن بەکوردی بێکێشەیە، بۆچی بەکرمانجی لەگەڵ کوڕەکان قسە ناکەی؟ پێکەنی. گوتی، ڕاستدەکەی، بەڵام ئێمە سەدان ساڵ چەوساوینەتەوە و زوڵمی تورکمان لەسەر بووە و ماوەکی دەوێ تاوەکو وڕ بوونی ڕابردوو بەرمان دەدا و دێینەوە سەرخۆ!
خاوەنی دوکان گوتی:
- ئێمە پێشتر ماڵمان لەگوندەکی سەر بە ئامەد بوو، مەڕدار بووین و باوکم شوان بوو، ئێوارەیەک باوکم حەیوانەکان لەدەشت دەگەڕێنێتەوە و پێش ئەوەی بگاتەوە ناوگوند، شەپێک لەپشتی گوێدرێژەکەی دەدا و دەڵێ، هەڕە ماڵ!
بەیانییەکەی لەقەرەقوول (پۆلیسخانە) بانگی باوکمیان کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردبوو و گوتبوویان دوێنێ تۆ بەکوردی قسەت کردووە!؟ باوکم پێی گوتبوون، جا من گوناهم چییە، کەرەکەی من تورکی نازانێ و بەس لەکوردی دەگا؟!. گوتبوویان ئەوەل و ئاخیر جارتە، دەبێ بەتوورکی قسەی لەگەڵ بکەی!
جا کابرای خەیات سەیرێکی کردم و گوتی، ئێمە لەوەی گەیشتینە ئێرە، ماوەکمان دەوێ تا بەخۆ دێینەوە!
وەرگیراوە
به‌روار:  27/11/2021
559   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   581
کۆی سه‌ردان:   29250283