سەرجەمی 31 پەنابەرە خنکاوەکان کوردن


وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند 31 ژن و پیاو و منداڵی کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە خنکاون و دەڵێت، قاچاخچییەکان بەرپرسیارن لەم تراژیدیایە. ئەوەش بە گەورەترین کارەساتی لەو جۆرە دادەنرێت کە لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا روویدابێت.

جیڕاڵد دارمانیان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەمشەو هاتوومەتە کالێی بۆ ئەوەی بەناوی حکومەتی فەرەنساوە هاوسۆزیی قووڵم بۆ قوربانیانی تراژیدیای خنکانی 31 ژن و پیاو لە نقومبوونی بەلەمەکەیان لە کەناڵی ئنگلیز دەربڕم".

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا قاچاخچییەکانی بە روودانی ئەو رووداوە تۆمەتبارکرد و گوتی: "قاچاخچییەکان بەرپرسیارن لەم تراژیدیایە، کە ژیانی ژن، پیاو و منداڵانی بێگوناح دەخەنە مەترسییەوە، پۆلیس و هێزەکانی سوپا گەڕانی رۆژانەی بەردەوامیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانبارانە هەیە".

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەوان نا‌هێڵن ئەو رێڕەوە ئاوییە ببێتە "گۆڕستان"، بەڵێنیشیدا ئەو کەسانە بدۆزێتەوە کە لەو تراژیدیایە بەرپرسن و بە تۆمەتی کوشتنی مرۆڤ دادگاییان بکات. ماکرۆن گوتی، "مرۆڤایەتیی و رێزگرتن لە شکۆی هەموو کەسێک، بریتین لە قوولترین بەهاکانی ئەوروپا."

سەرۆکی فەرەنسا هەروەها داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی نێوان وەزیرانی ئەو وڵاتە ئەوروپیانە کرد کە رووبەڕووی لێشاوی کۆچبەران بوونەتەوە، جیڕاڵد دارمانیان، وەزیری نێوخۆی ئەو وڵاتەش رایگەیاند "کاردانەوەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی"یان دەبێت.دارمانیان گوتیشی چوار کەس کە "راستەوخۆ پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەبوو" دەستگیرکراون.

هەروەها ژۆن کۆرتێکس، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بڕیارە سەرەتای رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەک بە کابینەکەی بکات.

پێشتر بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاندبوو کە سێ کۆپتەر و سێ بەلەم ناوچەکەیان پشکنیوە و تەرمی ئەو کۆچبەرە خنکاوانەیان لە نێو ئاودا دۆزیوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە ماسیگرێک ئەوانی لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە.

بە گوێرەی پۆلیس، کۆچبەرە خنکاوەکان بەشێک بوون لەو 50 کەسەی کە بە سواری بەلەمێک لە رۆژهەڵاتی بەندەری شاری کالێی فەرەنسا بەرەو بەریتانیا بەڕێککەوتبوون.

هاوکات بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە دوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی ئەو "کارەساتەوە" لەگەڵ وەزیرانی حکومەتەکەی، گوتی، "من تاساوم و بە قووڵی دڵگرانم لە بەرامبەر لەدەستدانی ژیانی ئەو کەسانە لە دەریا".

کارەساتەکە بە خراپترینی کەناڵی ئینگلیزی دادەنرێت کە لە ساڵی 2018ـەوە بووەتە رێگەی ئەو کۆچبەرانەی لە فەرەنساوە دەچن بۆ بەریتانیا.

لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی زیادبوونی پەڕینەوەی کۆچبەران، ناکۆکیی لە نێوان پاریس و لەندەن زیادیکردووە. بەریتانیا داوا لە فەرەنسا دەکات کەناڵەکە باشتر پاسەوانیی بکات بۆ ئەوەی رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان بگرێت.
ڕووداو
به‌روار:  25/11/2021
778   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   712
کۆی سه‌ردان:   29251443