بـــاوەڕدەکــــــــەن؟


١) کە لەساڵی (١٩٧٠) چوومە زانکۆی بەغدا ــ کۆلێژی ئاداب، بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی، هەموو (٢٠)ی مانگێک، حکومەت (٧) دیناری بە قوتابییەکانی بەشی ناخۆ دەدا. کە دەیکردە (١) ملیۆن و (٦٨٠) هەزار دینار. هاوڕێیەکم، کە لە زانکۆ دەرچوو (٢٥) مسقاڵ زێڕی کڕی بوو، بەو بڕە پارەی کە لەوە پاشەکەوتی کردبوو.

٢) هەموو قوتابییەکی دەرەوەی بەغدا، هەژار و دەوڵەمەند، مافی ئەوەی هەبوو بچێتە بەشی ناوخۆ. بەشی ناوخۆی ئێمە، کە تازە بە نوێترین نەخشە دروستکرابوو، هەر (٦) دەقیقە لە کۆلێژەکەمان دوور بوو. هەر (٦) قوتابی لە ژوورێک بوون. هەموو داپێویستییەکانمان لە یاتاغ و دۆڵاب و کورسی و مێز بۆ دابینکرابوو. ساختومانەکە کە پتر لە (٥٠٠) قوتابی تێدا بوو، هۆیەکانی گەرمکردنەوەو فێنککردنەوە و (٢٤) سەعات ئاوی گەرمی هەبوو. بۆ هەر (٦) قوتابیش، گەرماوێکی سەردەمیانە. ئەو بەشە ناوخۆییە گەورەیە، نە پرسگەی هەبوو، نە پاسەوان، خۆمان پاک و خاوێنی ژوورەکانمان ڕادەگرت.

٣) لە چێشتخانەی بەشی ناوخۆ، قوتابی پلیتی مانگانەی دوو ژەم نان خواردنی ڕۆژانەی هەبوو، کە نرخەکانی (٤٠٪) داشکانی بۆ کرابوو.

٤) ساڵانە، ئێمە هەر لە پشووی نیوەی ساڵ و پشووی سەری ساڵ دەگەڕاینەوە کوردستان. (٨) مانگ و نیو دەوامان دەکرد.

٥) هەموو کتێب و داپێویستییەکانی خوێندنم، لەسەر حکومەت بوو. لەبیرمە لە قۆناغی سێیەم. (١٧) کتێبی ئینگلیزیم وەرگرت، کە هەموویان نوێ بوون، هێندە قورس بوون، بە دوو کەسان بۆمان گوێزرایەوە بەشی ناوخۆ.

٦) لە مانگی (٩)ی (١٩٧٥) بڕوانامەی دەرچوون لە زانکۆ وەرگرت، لە (٢٧/١٠/١٩٧٥) ، وەک مامۆستا دەست بەکار بووم، مووچەی ئەو (٣) ڕۆژەم لەگەڵ هی مانگی دوای بەسترا.(ساڵێک خوێندنی زانکۆم لەسەر چوونە شاخ لە قیس چوو ١٩٧٤.)

٧) یەکەم مووچەم (٥٧) دینار بوو، کە دەیکردە (١٣) ملیۆن و (٦٨٠) هەزار دیناری ئیمڕۆ.(بە نرخی زێڕ)

٨) هەموو مامۆستایەک تا ساڵی (١٩٨٢) لە ڕیی کۆمپانیای گشتیی ئۆتۆمبیل، ئۆتۆمبیلی نوێ وەردەگرت، دوای پێشەکی، بە قیستی مانگانە لێیان دەگێڕایەوە. چەندان مامۆستا لە شاری کۆیە ئۆتۆمبیلی تۆیەتەی ژاپۆنی وەرگرت.

٩) هەموو کەسێک کە نووقستانیەکی هەبووایە، تا ساڵی (١٩٨١)، ئۆتۆمبیلێکی سفر کێلۆمەتری بە نرخی داشکاو پێدەدرا. لە قوتابخانەکەمان، بەردەستێک، نەختێک دەلەنگی ئۆتۆمبێلێکی وەرگرت، لە کاتێکدا، بەڕێوەبەڕەکەم ڤۆگسواگۆنی قالۆچەی لێدەخوڕی. هەبوو هەر پەنجەی توتەی نەختێ خوار بوو، ئۆتۆمبیلی وەرگرتبوو. ئۆتۆمبیلەکان ڕەنگ ومۆدیل و دیزاینەکەیان هێندە جوان بوو، ئاوی لە چاوی مرۆڤ دەهێنا. هاوڕییەکم، کە ئۆتۆمبیلێکی وەرگرتبوو، هەموو جارێ کە دەرگاکەی دادەخست، (٣) ئایەتول کورسی بۆ دەخوێند دوو فووێکی گەورە گەورەی لە ئۆتۆمبیلەکە دەکرد، ئەوجا لێ دوور دەکەوتەوە.

١٠) هەموو مامۆستاو فەرمانبەرێک مافی هەبوو لەڕیی (جمعیە الاسکان) داوای زەوی بکات. گەڕەکی جەمعییە لە کۆیە کە بەسەر مامۆستا و فەرمانبەران دابەشکرا، پارچە زەوییەکانیان (٥٠٠)وە (٤٠٠) م دووجا بوون. لە وەرگرتنی کەرەستەی دروستکردنی خانوبەرەش داشکان هەبوو بۆ شیش و چەمەنتۆ و ...تاد.

١١) هەموو مامۆستایەک تا ساڵی (١٩٨٠) لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە، دەیتوانی مۆڵەتی سەفەرکردن بۆ تورکیا و بولگاریا و هەنگاریا و لوبنان بکات، پلیتی سەفەر داشکانی بۆ دەکرا.

١٢) بۆ هاوسەریکردن، بووک یان زاوا، مافی وەرگرتنی پێشینەی هاوسەرگیری هەبوو.

١٣) هەموو مامۆستایەک مافی وەرگرتنی قەرزی هەبوو، لە بانقەکاندا، بە گوێرەی بڕی مووچەی مانگەی.

١٤) لە کۆیە ئەگەر ژن و مێردێک، هەردووکیان مامۆستا بوونایە، پێیان دەگوتن (دیجلە و فوڕات). خوالێخۆش بوو مامۆستا یەعقوب ئیبراهیم یەڵدا، یەکەم کەس بوو ئەو زاراوەی داهێنا.

١٥) هەموو مامۆستایەک، دەیتوانی دوای (٣) ساڵ لە خزمەتکردن لە دەرەوەی زێدەکەی خۆی، گەر بیەوەێ بگەڕێتەوە ئەوێ.

١٦) . تا ساڵی (١٩٨١) ، ئیجباری بوو، ئەو شۆفێرانەی لە خەتدا کاریان دەکرد یان تاکسی بوون، ئۆتۆمبیلی مۆدیل زۆر کۆنیان هەیە، ئۆتۆمبیلەکەیان ڕادەستی حکومەت بکەن و ئۆتۆمبیلی سفر کێلۆمەتر، بە نرخی داشکاو بە قیست وەرگرن.

١٨) زۆر کۆمپانیا و بازاڕ و کۆمەڵەی هەرزانفرۆشیش هەبوون، وەکو ئوریزدیباگ، فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ وەک تاقمی نووستن و ژووری دانیشتن و نانخودارن و ناندێن...تاد.، وەرگرتنی تایەی ئۆتۆمبیل و پاتری بە نرخی داشکاو.

١٩) هەموو کەس دەیتوانی خۆی ناونووس کات بۆ وەرگرتنی هێڵی تەلەفۆن، تا ساڵی (١٩٨٢). خەڵک بە گشتی ئەو شتانەی نەدویست، دەیانگوت، کۆیە تەلفۆنی بۆچییە، هەموو (٥) گەڕەکە. تەنانەت بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبیلی نوێش، سارد بوون.

٢٠) دوای ساڵی ( ١٩٨٠) واتا لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیراق و ئێران، وردە وردە، ئەو ئیمتیازاتانەوە کاڵ بوونەوە و بەرەو نەمان چوون و بەهای دیناری ئیراقی شکاو لەو ڕۆژەوە بەردەوام لە دابەزین دایە. ئیمڕۆ نرخی زێر، لە گرانترین ئاست دایە، لە مێژووی ئیراقدا. ئەوجا بایعی پەیدا بوو..شتی دیکەش.

ئەمن هەر ئەوەندەم لەبیرە... .
(لە ساڵی ١٩٧٩) منیش ئۆتۆمبیلم تۆمار کردبوو، لە ساڵی (١٩٨٠) لەگەڵ مامۆستا حەمید میرخانی ئازیز، ناومان، لە ڕێی بەڕێوەبەڕایەتیی پەروەردە، دەرچوو بۆ گەشتی هاوێنە بۆ وڵاتی بولگاریا و هەنگاریا، بەڵام شەڕی (٨) ساڵە هەڵگیرسا، نە ئۆتۆمبیلم وەرگرت نە سەفەرکرا.
ئەی تۆ چیت، لەبیر مایە...؟

وەرگیراوە
به‌روار:  23/11/2021
759   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1034
کۆی سه‌ردان:   29236642