مێتا (Meta)

دنیایەکی شاردراوەی سەرسووڕهێنەر لە پشت گۆڕینی ناوی فەیسبووکەوە

دنیای دیجیتاڵیی باو، بەرەو کۆنبوون دەڕوات، لەوە زیاتر ناتوانێت تینویەتیی مرۆڤایەتیی سەردەم بشکێنێت و وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە قۆناغی دوای ئەم تەکنۆلۆژیای سەردەمە چیی دەبێت.
شارستانییەت لە دوای جێهێشتنی ئاستی ئەنەڵۆگ و گواستنەوەی بۆ دیجیتاڵ، بە سێ قۆناغی سەرسووڕهێنەری پێشکەوتندا تێپەڕیوە، ئەوانیش بریتی بوون لە: ١- تێکست. ٢- وێنە. ٣- ڤیدیۆ. پڕۆسێسەکە بەو شێوەیە بوو، لە قۆناغی نووسینی سەرەتایی کۆمپیوتەرەوە، لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە، کە سیستێمی (دۆس) بوو، گواسترایەوە بۆ وێنە بە ناوی سیستێمی (ویندۆ)ەوە. لە دوای ئەو سیتێمەیشەوە گواسترایەوە بۆ ڤیدیۆ (یوتیوب، فەیسبووک، ئینستەگرام و هتد). پرسیار لێرەدا ئەوەیە: لە دوای ئەو قۆناغە سەختانەی زانست بڕیونی، چی ماوە هەنگاوی بۆ بنێین؟
فەیسبووک بە هاوکاریی چەند کۆمپیانییایەکی تری بواری دیجیتاڵ لەوانە (....(Virtual world, Roblox, Minecraft, جگە لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوینەتەوە، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردن و خستنەبازاڕی دنیای دوای دیجیتاڵیشن. دنیای نوێی دوای دیجیتاڵ ناوی (مێتاڤێرس، Metaverse)ە. لە مێتاڤێرسدا دەتوانین دنیای واقیعیی خۆمان تێکەڵ بە دنیای خەیاڵیمان بکەین و دنیایەکی نوێی لێ دروست بکەین. یاخود ئەو دنیایەی لە مێشک و خەیاڵماندایە تێکەڵی دنیای واقیعیی خۆمانی بکەین و بە هۆی تەکنۆلۆژیای (مێتا)ەوە تێیدا بژین. لە مێتاڤێرسدا توانای ئەوەمان دەبێت هەموو شتە دەستلێدراوەکان (فیزیکەڵ تانجەبڵ ئۆبجێکتس، Physical Tangable objetcs) بخەینە ناو ئەو دنیایەی دەیخوڵقێنین، هەر لە گەردیلەیەکەوە بیگرە، تاوەکو گەورەترین تەنی ئەم دنیایە. لە مێتاڤێرسدا، خۆمان و ئەو تەنە فیزیاییانەیشی دەیانهێنینە ناو دنیاکەمانەوە، هەموویان لە شێوەی وێنەی بەرجەستەی سێدووریدا دەبن. لەو دنیا نوێیە پێویستمان بە شاشەی تەلەفزیۆن و مۆبایل و ئامێرەکانی تری وەکو ئایپاد و ئەو جۆرە شتانە نابێت، بەڵکو لە ئامێرێکەوە، کە لەسەر پلاتفۆرمی نوێ کار دەکات، دەتوانیین هەموو ئەو ئەو شتانە و خۆیشمان بخەینە ناو بۆشاییەکی دیاریکراوەوە، کە خۆمان دەستنیشانی دەکەین. بۆ تێگەیشتن لەم حاڵەتە دەتوانین ئەم نموونەیەی خوارەوە بنەخشێنین:
تۆ دەتەوێت لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێتدا گەشتێک بۆ یەکێک لە دوورگە هەرەخۆشەکانی گۆی زەوی بکەیت. سەرەتا لەگەڵ هاوڕێکانت ڕێک دەکەویت و هەموویان بەو گەشتە ڕازیین. هەموویان لە پلاتفۆرمەکە یاداشت دەکەیت، هە لەو پلاتفۆرمەیشەوە دنیای دیاریکراو، کە دوورگەیەکی زۆر جوانە، بە چواردەوریدا ئاو و جێگای حەسانەوەیە، لەسەر نەخشە دەسنیشانی دەکەیت و دەیخوڵقێنیت، ئینجا هاوڕێکانت ئاد دەکەیت بۆ ناو ئەو دنیایە. لێرەدا مەرج نییە تۆ و هاوڕێکانت لە شوێنێکی جوگرافیی دیاریکراودا پێکەوە بن، بەڵکو دەشێت هەر یەکە لە ماڵی خۆی بێت، بەڵام هەر یەکەیان مەرجە هەمان پلاتفۆرم لای خۆیەوە ئاکتیڤ بکات و ئامێری سەیرکردنیشیان لەسەر کردبێت. هەر یەکەتان لە جێگای خۆتانەوە پلاتفۆرمەکە دەخەنە گەڕ، دنیای وێناکراو لە ڕێگای تیشکی وێنەیی سێدوورییەوە لەو جێگایەدا دەکەوێتە گەڕ. ڕاستەوخۆ برادەرکانت دەبینیت، تێیدا دەتوانن دەست لە یەکتر بدەن، دەتوانن تەوقە و چاکوچۆنی لەگەڵ یەکتردا بکەن، هەروەها چاو ببڕنە چاوی یەکتر، بەڵام هەموو تیشکە نەک تەنی فیزیایی. تەنە فیزیاییەکان دەگۆڕدرێن بۆ تیشکی وێنەیی سێدووری، لەوێدا بەر یەکە دەکەون قسە دەکەن هەموو شتێک دەتوانن پێکەوە بکەن وەکو ئەوەی لە واقیعدا سەردانی یەکترتان کردبێت.

لێرەدا بە پێوسیتی دەزانم پێناسەیەکی کورتی پلاتفۆرمتان بۆ بکەم. لە ڕاستیدا فەیسبووک، ئینستاگرام، وەتسئەپ، ڤایبەر و سەرجەم ئەو ئەپڵیکەیشنانەی ئێمە ڕۆژانە بە کاریان دەهێنین، هەر یەکەیان بۆ خۆی پلاتفۆرمێکی سەربەخۆیە و هەر یەکەیشیان لە لایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە خاوەندارێتی دەکرێت. پلاتفۆرم سەرجەم ئەو ئامێر و پرۆگرامانە دەگرێتەوە، کە ئێمە ناومان ناون ئەپڵیکەتیش، ئەپ، یاخود پڕۆگرام. پلاتفۆرم، جگە لە ئامێر و پڕۆگرام ئەو سیستێمەیش دەگرێتەوە، کە کۆنتڕۆڵی پڕۆگرامەکان دەکات، بۆ نموونە، پلاتفۆرمی ویندۆ، دۆز، لاینۆکس، ئای بی ئێم، هتد. پلاتفۆرمی داهاتوو دەبێت بە مێتاڤێرس، کە سەرجەم ئەو ئامێڕ و عەقڵەئەلەکترۆنییانە دەگرێتەوە دنیای مێتامان بۆ بەگەر دەخەن. لەو پلاتفۆرمە نوێیەدا خێراترین پڕۆسێسەر (عەقڵی ئەلەکترۆنی) بە کار دەهێنرێت، هەروەها چییپە ئەلەکترۆنییەکان تا ئەندازەی بەچاو نەبینراو بچووک دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی کەمترین قەبارەی هەبێت. (هۆرایزن) ناوی ئەو پلاتفۆرمە دەبێت، کە ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا دنیای سۆشیال مێدیای خۆمانی لەسەر بینا دەکەین. درووستکردنی دنیای سۆشیال مێدیای نوێ لە ڕێگای (خزن) پاشەکەوتکردنی سەرتاپای ئەو داتا کەسییانەی خۆمانەوە دەبن، کە دیجیتاڵیانە دەیانخەینە ناو ئەو پلاتفۆرمەوە.

(هۆرایزن هۆم Horizen Home) ماڵی ئاسۆیی، هەنگاوی یەکەم و ڤێرژنی یەکەمی مێتاڤێرسە. دەتوانین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا (هۆرایزن هۆم) بیبینین. (هۆرایزن هۆم)، وەکو ئەکاونت، یاخود پەیجی فەیسبووکی ئێستا دەبێت، بەڵام لە مێتادا ئەو شوێنەیە، یاخود ئەو ماڵەئەلەکترۆنییەیە دەیخوڵقێنیت و وەکو ژوورێکی عەمەلیات لە دنیای نوێدا بە کاری دەهێنیت. ئەو ماڵەی ئێستا لە واقیعدا فیزیایی تێیدا دەژییت، دەتوانیت سکانی بکەیت و بیکەیتە ئەو (هۆرایزن هۆم)ی خۆت لە پێگەی مێتاڤێرسەکەتدا.
هەنگاوی دوای (هۆرایزن هۆم)، (هۆرایزن وێڵد، Horizen World) دێت. لەوێدا، کە ئیتر تۆ کاراکتەرەکانی ناو دنیاکەی خۆت، لە دەرەوەی ماڵی خۆت دەتوانیت دەستنیشان و ئامادەیان بکەیت. لە دنیای مێتاڤێرسدا بواری ئەوەمان دەبێت لە مەسنجەر، وەتسئەپ و سەرجەم پرۆگرامەکانی چات و نووسینەوە ڕاستەوخۆ باز بدەینە دنیای نوێی مێتاڤێرسەوە. جگە لەوە لە هەموو چرکەیەکیشدا دەتوانین دنیای مێتاڤێرس جێبهێڵین، یاخود ئەو کەسانە دەربکەین و بڵۆکیان بکەین، کە لە کۆبوونەوە و پێکەوەژیانەکاندا حەزمان لێیان نیین.

ڕاستییەکەی هۆڕایزن ئەو بەشەیە لە مێمۆری، کە بەکاربەری مێتاڤێرس دەتوانێت ماڵەکەی خۆیی تێدا دروست بکات، یاخود لە داهاتوودا، واتا لە قۆناغی (هۆرایزن وێڵد)دا دنیاکەی خۆیی لەگەڵ خەڵکانی دەرەوەدا تێدا دروست بکات. ئەوانەی لە ئێستادا توانای دروستکردنی گروپی یاریکردنی ئەلەکترۆنیی و سەرجەم ئەپڵیکەیشنەکانی تریان هەیە، ئەوان زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا (هۆرایزن هۆم)ی خۆیان دروست بکەن.
بە پێی قسەکانی مارک، نەک هەر (هۆرایزن هۆم) تاقیکراوەتەوە، بەڵکو (هۆرایزن ۆڵد)یش ڤێرژنی بێتای ساڵی ڕابردوو خراوەتە ژێر بەکاربردنەوە و خەڵکێکی زۆر تاقییان کردووەتەوە. نەخشەی زەمەنی بەواقیعکردنی ئەو خەیاڵاتانە لە پێنج تاوەکو دە ساڵی داهاتوودا بە قۆناغی کۆتایی خۆی دەگات، لە دوای ئەو قۆناغەوە ئیتر قۆناغی دەستکاریکردن، جوانکاری و گۆڕانکارییەکانی ئەو پلاتفۆرمە بەردەوام دەبێت.
سەرەتای ساڵی نوێ مەسنجەر ناو لێ دەنرێت (ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتی، Virtual reality). (ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتی) بە مانای (واقیعی خەیاڵیی) دێت، تێیدا بەکاربەری سیستێمی نوێ دەتوانێت هاوڕێکانی خۆی بانگهێشت بکات بۆ بەشداربوون لە (هۆرایزن وۆرکڕوومز، Horizen Wrok Rooms)، کە بریتی دەبێت لە ژووری عەمەلیاتی هۆرایزن بۆ گفتوگۆ لەبارەی دروستکردنی (هۆرایزن وێڵد)ەوە. لەو دنیایەدا دەتوانین ئامێر دیجیتاڵییەکان تێکەڵ بە دنیای ناواقیعیی ئەو تەنە فیزیاییە سێدوورییانەوە بکەین، کە دەمانەوێت (هۆرایزن وێڵد)ەکەی لێ دروست بکەین. کاتێک تۆ لە گەشتێکی دووردایت شوێنێکی زۆر خۆش بە دی دەکەیت، لەوێوە توانای ئەوەت دەبێت هاوڕێکانت بەشداری ئەو خۆشییە بکەیت بێئەوەی ئەو، یاخود ئەوان لە گەشتەکەتدا لەگەڵتدا بن، بەڵکو هەر لە ماڵی خۆیانەوە ڕایان دەکێشیتە ناو ئەو شوێنەوە.
یەکێک لەو دنیا خەیاڵاوییانەی داواکارییەکی زۆرە لەسەرە، دنیای یارییەئەلەکترۆنییەکانە. ڕاستییەکەی دنیای یارییە ئەلەکترۆنییەکان دەمێکە نزیکن لە دنیای مێتاڤێرسەوە، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا بەشداریی ئەو دنیایە نەکردووە، فەیسبووکە، کە فراوانترین پێگەی سۆشیال مێدای هەژمار دەکرێت. لە دنیای یارییە ئەلەکترۆنییەکاندا مرۆڤەکان نەک هەر پێکەوەن، بەڵکو کێبڕکێی یەکتریش دەکەن، واتا زیاتر هەست بە یەکتر دەکەن، بە ڕۆح لەگەڵ یەکتردا دەبن. لەو دنیایەدا تواناکانیان لە جۆری دیققەت و خێرایی و بەرپەرچدانەوەی کەسەکان گەشەی گەورە بە خۆوە دەبینێت. وای دابنێ تۆ توانایەکی باشت لە یاری شەترەنجدا هەیە و دەتەوێت لەگەڵ بەناوبانگترین یاریزانی دنیادا دەستێک شەتڕەنج بکەیت، زۆر بە ئاسانی لەسەر پلاتفۆرمی مێتاڤێرس توانای ئەوەت دەبێت ئەو کەسایەتییە بهێنیت و بە توانای ئەسڵیی خۆیەوە یاریی لەگەڵ بکەیت.
ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتی هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤ لە شاشە، بەڵکو نزیکخستنەوەیەتی لە هەستێکی ڕیاڵیزمانە بە حاڵەتی فیزیایی تەنەکان بە تایبەتیش تەنە دیجیتاڵەکان. کاتێک تۆ دەست لە ئامێرێکی مۆزیکیی دیجیتاڵی دەدەیت لە دنیای ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتیدا، لەوێدا هەستی تەواو بە دەستلێدانی ئەو ئامێرە دەکەیت. کاتێک دەتەوێت لە کۆگایەکدا، یاخود لە دووکانێکی جلوبەرگدا دەست لە کراسێک، قەمسەڵەیەک، یاخود هەرچ جۆرە بەرگێکی تر بدەیت، لە ڕاستیدا هەستێکی ڕاستەقینەی جۆر و کواڵیتیی ئەو پۆشاک و بەرگە دەکەیت، جووڵانەوەی ئەو پۆشاک و بەرگە جووڵانەوەیەکی واقیعییانە دەببێت، هەرچەند فۆتۆنیشە. لە شەڕەشمشێرێکدا بەرانبەر بە کەسێکی دی، شمشێرەکە هەست پێ دەکیت، دەچێت بە لەشتدا، بەڵام زیانی نابێت، هەروەکو چۆن لە یارییەکی باسکە و بالەدا هەست بە تۆپەکە دەکەیت و دەیشبینیت تۆڕەکە دەجووڵێتەوە بەڵام هێشتا هەموویان فۆتۆنن. دنیای ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتی دنیای داهاتووی ئەلەکترۆنیی مرۆڤایەتی دەبێت. هەستکردنی واقیعییانەی مرۆڤەکان بە یەکتر، پێکەوەبوون و خوتووکەدانی هەستەکانی یەکتر، ئەو گۆڕانکارییانەن دنیای دیجیتاڵیی کلاسیک لە دنیای مێتاڤێرس جیا دەکەنەوە. لە دنیای مێتاڤێرسدا سەنتەری وەرزش دەبێتە ڕاستەقینە، لە بری ئەوەی تەنی فیزیایی قورس هەڵبگریت، دەتوانیت وێنەی سێدووری ئەو تەنە قورسانە بە کێشی ڕاستەقینەی خۆیانەوە هەڵبگریت، دەتوانیت وەرزشی پاسکیل لەگەڵ ئەو کەسانەدا خۆت هەڵیان دبژێریت بکەیت بێئەوی لە ماڵ دەر بچیت، بەڵکو تەنها چاویلکەیەکی بەرگاویت پێویستە لەگەڵ پێوەندیی بە پلاتفۆرمی مێتاڤێرسەوە. ئەگەر لە واقیعدا کەمئەندامیت و ناتوانیت بڕۆیت، ئەوا لە مێتاڤێرسدا دەتوانیت بفڕیت. ئەگەر دەتەوێت هەرەمەکانی میسر دەست لێ بدەیت و بە دەستی خۆت دروستیان بکەیت، ئەوا مێتاڤێرس ئەو خەوەت دەهێنێتە دی. مێتاڤێرس گەورەترین بازدانە لە بواری ژینگەپارێزیدا. لە پیشەسازیی دروستکردنی ئۆتۆمۆبێلدا بۆ نموونە، هەزاران و سەدانهەزار تۆن لە (دووەم ئۆکسیدی) کاربۆن لە ڕۆژێکدا دەردەکرێت، کە بەردەوام ژینگە پیس و گەرداوی دەکات، بەڵام لە مێتاڤێرسدا زیرۆ کاربۆن بەرهەم بەرەڵا دەبێت.
لە سەردەمی کۆرۆنادا یەکێک لەو شتانەی بوو بە کەلتوور کارکردنی ئەلەکترۆنی بوو لە ماڵەوە. لە داهاتوودا ئەم کەلتوورە لە دنیای سەردەمدا بە جێگیریی دەمێنێتەوە زۆربەمان دەیبنە (ڕیمۆوت، Remote). کارکردنی داهاتوو لە ماڵەوە تەنها ئەوە نابێت خۆت بە تەنها لەسەر کورسییەک دابنیشیت و مێزێکیشت لەبەردەمدا بێت کۆمپیوتەرێکی لەسەر بێت، بەڵکو توانای ئەوەت دەبێت ئۆفیسێکی تایبەت بە خۆت لە دەورووبەری خۆتدا بە (ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتی) دروست بکەیت، هاوڕێکانی سەر کارت بانگهێشتی کۆبوونەوەکان بکەیت، ئۆفیس و لۆکاڵی تایبەت بەو کۆبوونەوانە هەڵببژێریت و لەگەڵیاندا دانیشتن بکەیت وەکو ئەوەی لە ژوورێکدا و لە واقیعدا پێکەوە بن.
لە دیانی مێتاڤێرسدا هەست بەو شتانە دەکەین، کە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا هێشتا هەستمان پێ نەکردوون. مێتاڤێرس دەتوانێت بمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمی دایناسۆرەکان، دەتوانێت وامان لێ بکات لەگەڵیاندا بژیین، هەروەها دەتوانین شوێنە مێژووییەکان بخەینە ناوی دینیای سەر بە پلاتفۆرمەکەی خۆمانەوە و بیانکەین بە دنیایەکی ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتی و تێیدا بژیین. بۆ نموونە گەڕانەوە بۆ سەدان و هەزاران ساڵ پێش ئێستا زۆر ئاسان دەبێت، تەنها پێویستت بە وێنایەکی واقیعییانەی ئەو دیمەن و شوێنانە هەیە دەتەوێت بیانخوڵقێنیت. وێنەکان دەخەیتە ناو دنیاکەی خۆتەوە و بچیتە ناو ئەو شوێنە مێژووییەی دەیخوڵقێنیت. بۆ نموونە، گەر تامەزرۆی ئەو بیت قەڵای دمدم و شەڕەکانی ببینیت و بەشداریی ئەو شەڕانەیش بکەیت، ئەوا پێویستت بە وێنەی واقیعییانەی ئەو قەڵایە و درێژەی شەڕەکان هەیە، کە دەتوانیت بیانخەیتە ناو مێتاڤێرسەکەی خۆتەوە بچیەتە ناو ئەو دنیایە، ئینجا شمشێر بە دەستەوە بگریت، سواری ئەسپ ببیت و بکەویتە شەڕ. دۆڕاندن و بردنەوە هێشتا پێوەندیی بە چاپووکی و توانای بەرپەرچدانەوەی فیزیاییانەی لەشی خۆتەوە هەیە نەک ئەوانەی شەڕت لەگەڵدا دەکەن. هەمان وێنای بۆ ئەهرامەکانی میسر و دەروازەی پاریس و سەرجەم شوێنە مێژوویەکانی تری دنیا یەک بابەت دەبن.
مێتاڤێرس تەنها بۆ کاتبەسەربردن و یاریکردن دروست ناکرێت، بەڵکو دنیای پێگەیاندن، پەروەردە و فێرکردن، لە سەرتاپای قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا هەموویان دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم مێتاڤێرسەوە و لەوێوە ئیتر ئێمە لەمەودوا هەم وانە دەڵێینەوە و هەمیش فێر دەبین. گەرورەترین دەستکەوت لەو بوارەدا، بواری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەبێت، تێیدا پێشکەوتنێکی موشەکئاسا بە خۆیەوە دەبینێت. تەنها بە لەسەرکردنی کڵاوێک و چاویلکەیەکی ئەلەکترۆنیی بەرگاوی دەتوانیت بۆ نموونە نەشتەرگەریی بۆ مرۆڤێک بکەین، دەتوانیین ئۆتۆمۆبێلێک دروست بکەین، یاخود خانوویەک لە کورتترین ماوەدا دیزاین بکەین. هەموو ئەو دروستکردنانە ڕوو دەدەن بئئەوەی ژینگەی پیس بکەین. مێتاڤێرس تەنها زانست و پیشەسازی و بازرگانییەکانمان بە کورتترین ماوە فێر ناکات، بەڵکو بە باشترین ڕێگە فێریشمان دەکات. ڕێژەی هەڵەکردن دراماتیکییانە دادەبەزێت، واتا ئاستی دیققەت (precision) دەگاتە بەرزترین ئاست، بەوەیش مرۆڤایەتی لە پێرفێکشینیزمەوە نزیک دەبێتەوە . لە میتاڤێرسدا پیشەسازیمان زۆر وردتر و تەندروستیمان زۆر باشتر دەبێت، ، پیربوون دوا دەخرێت و کەمترین ڕێژەی مردنمان دەبێت.
یەکێک لە ئاڕنگاڵەکانی دنیای دیجیتاڵ لە ئێستادا جووڵەی جەستە و دەستی مرۆڤ و بوونەوەرەکانە لەگەڵ بەکارهێنانی دەنگ. لە دنیای دیجیتاڵیی ئێستادا زۆر بە ئاسانی تەن و وێنەی مرۆڤێکی راستەقینە لە تەنێکی دیجیتاڵکراو جیا دەکەینەوە، ئەویش بە هۆی ڕێزلوشنی وێنەکان، جووڵەی جەستە و دەست، لەگەڵ دەنگ. دنیای مێتاڤێرس توانیوییەتی بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵ ببێت. گەشەپێدەرانی پڕۆگرام و ئەپەکان هەوڵی جددی زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتەدا دەدەن. لەو دنیایەدا زۆر بە ئەستەم هەست بە دیجیتاڵبوونی بوونەوەر و مرۆڤەکان دەکەین، بەڵکو زۆر زیاتر لە حاڵەتی سروشتیی خۆیاندا دەیانبینین و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین.
کڕین و فرۆشتن لە مێتاڤێرسدا بازی گەورەی تەکنۆلۆژی بەخۆوە دەبینێت. بۆ نموونە گەر بتەوێت بچیت بۆ دووکانێک چەپکێک گوڵ هەڵببژێریت، لە میتاڤێرسدا هیچ پێویستت بەوە نییە بچیتە ناو دووکانەکە و دەست لە گووڵەکان بدەیت، بۆنیان بکەیت ئینجا بیکڕیت، بەڵکو لە ڕێگای هۆڕایزنەوە دەتوانیت بچیتە ناو دووکانەکەوە، تێیدا هاتووچۆ بکەیت، دەست لە یەکە بە یەکی گووڵەکان بدەیت، بۆنیشیان بکەیت ئینجا بیانکڕیت، کە دواتر بە پۆست دەتوانێت بۆت بهێنرێتە ماڵەوە.
یەکێکیتر لەو شتانەی لە دنیای مێتاڤێرسدا دەتوانین لەگەڵیاندا بژیین مردووەکانمانە. کەسانی ئازیزمان کاتێک جێمان دەهێڵن، دەتوانین دواتر لە دنیای مێتاڤێرسدا دروستیان بکەینەوە، بە جەستە و دەنگی خۆیان لەگەڵماندا بن، بماندوێنن و هەرچی شتێک ئێمە دەیکەین ئەوانیش بەشدار بن لەگەڵماندا. ئەم جۆرە لە پێکەوەژیانی زیندووان و مردووەکان دەبێتە ڕێگایەک بۆ سەبووری ئەو کەسانەی لە دای مردنی کەسێکی ئازیزیان سەرتاپای ژیانیان هەرەس دەهێنێت. لە ڕاستیدا لە داهاتوودا لە دنیای مێتاڤێرسدا دەتوانیین تەلەفۆنی کەسە کۆچکردووەکانیشمان بە کراوەیی بهێڵینەوە، تێلمان بۆ بکەن و بیاندوێینین لەگەڵ ئەوەیشدا، کە لە ژیاندا نەماون. بە کورتی، لە دنیای مێتاڤێرسدا توانای ئەوەمان دەبێت مردووەکانمان دیجیتاڵی وەکو ئەڤێتار زیندوو بکەینەوە و لەو چرکانەدا لەگەڵماندا بژیین، کە خۆمانی تێدا دەژیین.
ڕەنگە خوێنەر ئەو پرسیارە لە مێشکیدا بێت بڵێت: ئێمە ئەو دنیای مێتاڤێرسە لە کوێوە دەتوانین ببینین. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت باس لە (هاردوێر) بکەین. هەموو پرۆگرامێکی کۆمپیوتەری پێویستی بە ئامێرێک هەیە تێیدا کار بکات، ئەویش پێی دەگووترێت (هاردوێر). بۆ مێتاڤێرس ئەو هاردوێرە ناوی (کەیمبریا، Cambria)ەیە. (کەیمبریا) هەم دەسکە، هەمیش چاویلکەیە. (کەیمبریا) ئەو دەستگایە دەبێت، کە تۆ هەموو کارەکانتی لە ناو دنیای مێتاڤێرسدا پێ ڕادەپەڕێنیت، هەروەکو چۆن لە ئێستادا بۆ هەڵسوڕانی یاریی ئەلەکترۆنی پێویستت بە دەسکێکی ئەلەکترۆنییە، کە بە ئامێری یارییکەوە بەستراوەتەوە، یاریزانیش لە ڕێگای بەکارهێنانی دووگمەکانی سەر ئەو دەسکەوە، دەتوانێت بۆ نموونە ئاڕاستەی ڕووی تفەنگەکەی لە یارییەکەدا بگۆڕێت، بیکاتە دوژمنەکەی و هەر بە هەمان دەسک لە ڕێگای دووگمەیەکی ترەوە تەقەی لێ بکات. (کەیمبریا) سەرنجڕاکێشترین، خێراترین و مەڵتیفەنکشنترین دەسکی ئەلەکترۆنییە تاوەکو ئێستا دروست کرابێت. (کەیمبریا) کاتێک وێنەی خۆت دەگرێت، بووکەڵەیەک، یاخود (ئەڤێتار)ێکت لێ دروست دەکات، ئیتر ڕاستەوخۆ لەو چرکەیەوە هەرچ جووڵەیەک لە تۆدا ڕوو بدات وەکو مرۆڤ، ئەڤێتارەکە لاساییت دەکاتەوە لەسەر هەمان ڕێتم و خێرایی جەستەی تۆ. جووڵەی سەرجەم ئەندامانی لەشت، چاوت دەستت و هەموو جەستەت دەقاودەق وەکو خۆی دەردەکاتەوە. (کەیمبریا) ئەو ئامێرە دەبێت، کە سەرتاپای دنیای واقیعیی تۆ دەخاتە ناو مێتاڤێرسەوە وەکو خۆی. ئەو دنیا واقیعییە، ئیتر دەتوانیت لەگەل خۆتدا لە رێگای ئەو ئامێرەوە وەکو مۆبایل بیگێڕیت، هەرچ کەسێکت بوێت بانگهێشتی بکەیت و لەگەڵیاندا کات بەسەر ببەیت لەو دنیایەدا.
(ئی ئێم جی) یەکێکی تر دەبێت لەو داهێنانە ئەلەکترۆنییانەی لە دنیای مێتاڤێرسدا شۆڕشێکی گەورەی خوڵقاندووە. (ئی ئێم جی) ئامێرێکی بچکۆلەیە، لە قەبارەی کاتژمێرێکی دەستی ڕەنگە بڕێک گەورەتر ببێت، یاخود نەبێت. کاتێک ئەم ئامێرە دەیکەیتە دەستت، توانای خوێندنەوە و سکانکردنی سیگناڵی ناو دەمارە هەستیارەکان (عصب nerve)ی دەبێت و تێدەگات تۆ دەتەوێت چی بکەیت، چی بنووسیت و دەتەوێت دەست بە چ دووگمەیەکدا بنێیت، ئیتر ئەو راستەوخۆ کارەکەت لەسەر ئامێرەکە بۆ دەکات. با وای دابنێین تۆ دەتەوێت کەناڵی تەلەفزیۆنەکەت بگۆڕیت، بێئەوەی دەست ببەیت بۆ کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆنەکە تۆ تەنها بیر لەوە دەکەیتەوە، بێ ئەوەی پەنجەت بجووڵێنیت، ئیتر ئەو ئامێرە سیگناڵەکە دەخوێنێتەوە و کەناڵی تەلەفزیۆنەکەت بۆ دەگۆڕێت. بۆ نووسین، بەکارهێنانی ئامێری نەشتەرگەری، ئامێرەکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمۆبێل و سەرجەم تەنەکانی دنیا (ئی ئێم جی) هەمان کارمان بۆ دەکات.
کاریگەرییە نەرێنییەکان:
گرفتی جیاکردنەوەی واقیع لە خەیاڵ، متمانەنەبوون بە واقیع و سەرلێشێواندن لە کاتی کڕین و فرۆشتندا،
داتای کەسیی دەکەوێتە بەردەست پلاتفۆرمی مێتاڤێرس، کە دەتوانرێت بە پێی ئارەزوو بە کار بهێنرێت. بۆ نموونە: کاتێک کەسێک تۆ بڵۆک دەکات، جگە لەوەی بڵۆکت دەکات، دەتوانێت تۆڵەشت لێ بسەنێتەوە. ئەو دەتوانێت سەرجەم داتاکانی تۆ بە کار بهێنێت و مەشهەدێکی زۆر قێزەون، دوور لە هەموو ئاکارێکی کۆمەڵایەتیی لێوە دروست بکات و لە دنیاکەی خۆیدا مامەڵەی پێوە بکات. یاخود داتای چالاکییەکانی مێشک، ئەو وێنە سێدوورییە لە کاتی سکانیندا (تەنوور) دەردەچێت، تۆ ناچار دەبیت بیخەیتە ناو دنیاکەی خۆتەوە، کە دواتر ئەوانیتر دەتوانن بە کاری بهێنن. ئەو داتای چالاکییانەی مێشک ڕەنگە لە ئێستادا تۆ ئامادە نەبیت بیدەتە دەست نزیکترین کەسی خێزانەکەی خۆت، بەڵام مێتاڤێرس داوات لێ دەکات بۆ ئەوەی بتوانیت ئەندامێک بیت لەو دنیا ئاڵۆزەدا. ئەو ئەڤێتارانەی دروست دەبن و دێنە دنیاکەی تۆوە هەر وەکو پڕۆفایڵە بێدایکوباوکەکانی ئێستای فەیسبووک تۆ نازانیت کێیان لە پشتەوەیە، بەڵام پێویستیشت پێیانە، گەر بتەوێت دنیای خەیالیی خۆت تاقی بکەیتەوە، یاخود دنیای خەیاڵیی تێکەڵ بە دنیای واقیعیی خۆت بکەیت. هەرچی زیاتر دوورخستنەوەی مرۆڤەکان لە ڕووی جیۆگرافییەوە، بەڵام نزیککردنەوەیان لە یەکتر لە ڕێگای دیجیتال و ڤیرچوەڵ ڕیاڵیتییەوە. کەمبوونەوەی هەستکردن بە هەستەکان و جەستەی یەکتر. هەموو ئەوانە نەرێینین، کە دەشێت سەدان و هەزاران خاڵی نەرێینیی ترمان لە کاتی خۆیدا بۆ درووست ببێت.

سەرچاوەکان:

لینکی لێدوانەکەی مارک سوغبێرگ
https://www.facebook.com/zuck/videos/1898414763675286

who is building metaverse:
https://www.reuters.com/technology/whos-building-metaverse-2021-11-01/

مێتاڤێرس
https://www.youtube.com/watch?v=RgJwPco3wew
ئاراس وەهاب
کۆپنهاگن
به‌روار:  20/11/2021
954   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   802
کۆی سه‌ردان:   29238669