دزەکانی سلێمانی
ئێوە کێن و کێ هێنانی بەم شارەدا ،
کێ پێی وتن لە هەواری بابانەوە - حوکممان کەن ،
باوکم و باپیری باوکم لەم شارەدا لەدایک بوون ،
ئەم حەقە بە خۆشم ئەدەم بەرگری کەم لە وێران بوون ،
من ئەمەوێ خەڵکی شارم حوکم دار بێ ،
خانەوادە دێرینەکان لە پێگەی قەرار دانابێ ،
یەک کەس لەوانە نابینم لە سەر کورسی دەسەڵات بێ ،
یان تەلاریان لەسەر گردێک یان قەڵا بێ،
کوانێ شێخانی شارەکەم ،
کوا خەڵکانی دێی مەڵکەندی ،
لە کوێن تیرەی بابانەکان ،
خانەوادەی ساحێب قڕان بەگزادەکان
کوا ئاغاکان ، خەڵکانی گەڕەکە دێرینەکان ،
یەک کەس لەوانە نابینم پارەی جارانیان پێ مابێ ،
یان کاسپ کارەکانی شار تانکەری نەوتی دزێتی لە ڕێگا بێ ،
دە پێم بڵێن ......
چ لافاوێک ئێوەی ڕاماڵی بۆ ئێرە ،
لە کام مانهۆڵی زێرابێ سەر ئاو کەوتون،
لەکام قوڕی بۆگەن و پیسا دروست بوون،
ناپاکی و ناداد پەروەری لە کوێ فێربون ،
هاوارمان کرد ....
گەنجمان فێری جنێو مەکەن ،
پارەی خیانەت حەڵاڵ مەکەن ،
دەنگ و زەنگی کوردایەتی لە ڕۆحی گەنجەکانمان کپ مەکەن ،
جاشێتی مەکەن بەنەریت سەر بە خەڵکەکەم شۆڕ مەکەن ،
شارەکەمان وێران مەکەن ،
قەسابخانە بۆ کوشتنی تێکۆشەران دروست مەکەن ،
ئێوەی نامۆ ... گەر نازانن ....
شار شاری ڕۆشنبیران بوو ،
دژی داگیر کەرو جاسوس و خۆفرۆشان بوو ،
شاری شۆڕشە مەزنەکەی شێخ محمودو بەرخودان بوو ،
پێگەی شۆڕشی ئەیلول و گشت پیاوانی قارەمان بوو ،
سەر قافڵەی بیری ئازادی و سەربەخۆیی کوردوستان بوو ،
تێ گەیشتن.......
ئێوە نامۆن بەشاری شێخ
بەبابان و بەخەڵکانی دێی مەڵکەندی
بە چوخمەکەی سابونکەران ،
بە پیرمەسور ،
بە گاوران و حەوشی گەورە ،
بەسەیرانگای توی مەلیک و کانی شەکراو ،
بەسەرچنار بە وەیس و قۆریە شکاو ،
بەکارێزی وەستا شەریف ،
بە عەولە سیس ،
بە ڕۆحی گیانی یارمەتی بۆ هەژارو خەڵکی داماو ،
ئەگەر خەڵکی دێرینی شار لەسەر کورسی دەسەڵات بێ ،
قەت نایەڵێ شاخی ڕەنگاو ڕەنگی گۆیژە کاول ببێ ،
سەرقەبرانی گردی جۆگەی کەس و کارمان تەخت بکرێ ،
تف لە باڵەخانەکانتان ،
لە چاڤی لاند شوقەکانتان ،
لە کۆمپانیا دزەکانتان ،
لە هەڵوێستی نامەردیتان ،
ئێوە دزن .....
هەرچی ماڵی خەڵکی دێرینی شار هەیە،
بەپارەی دزی کڕیتان ،
کاولتانکرد و ڕوخانتان ،
مێژوی شارێکتان تاڵان کرد ،
بیرەوەری سلێمانی بەبەرنامە لەناوتان برد ،
پێیان وتوون ؟؟؟؟؟
دەسەڵات دارەکان جاران خەڵکی شار بوون ،
خانەدان بوون ،
پارەدار بوون ،
کوردپەروەر بوون ،
هەژارکەی لە هەموتان بەڕێز تر بوون ،
ئێستا هەموو کەس نامۆیە بەچڕوچاوی بۆگەنتان ،
یان لە تاراوگە ئەنۆشێ ئازاری دورە وڵاتی لەدەست سیاسەتی گڵاوتان .
بڕۆن بەرۆکمان بەر بدەن ،
وەک بایەقوش بەسەر سەری ئەم خەڵکەوەن ،
تۆوی پیاو کوشتن ئەچێنن ،
تێکۆشەران تیرۆر ئەکەن ،
لاومان فێری تلیاک ئەکەن ،
کەسانی مەرد ڕسوا ئەکەن ،
دزو جەردە و سەرسەرێکان بەخێو ئەکەن ،
مێژوی کوردایەتی گەلەکەمان لەناو ئەبەن ،
بەهۆش هاتون ، تێگەیشتون ؟؟؟
ئێمەو ئێوە لە یەک ناچین ،
شارمان پیاوی وەک عەلەکەی تیا دروست بوو ،
شێخی نەمر شۆڕشەکەی لەم شارەدا بڵێسەی بوو ،
بەهەزاران ڕۆشنبیرو کەڵە پیاوی لێ پەیدا بوو ،
تێکۆشەرانی کورد پەروەر بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لەم شارەدا پەروەردە بوو ،
هەر هەموو شار تێگەیتن !!!!!
دڵتان بەشارمان ناسوتێ ،
نیازتان سڕێنەوەی مێژومانە ،
ئەتانەوێ جاشێتی و جاسوسی خۆتان بسەپێنن بەسەرمانا ،
لێتان لێتان قوبوڵ ناکەین
ورگیراوە.
به‌روار:  17/11/2021
530   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   467
کۆی سه‌ردان:   29254696