رۆیتەرز: تورکیا خۆی بۆ هێرشی رۆژئاوای کوردستان ئامادە دەکات

ئاژانسی رۆیتەر لە زاری دوو بەرپرسی باڵای تورکیاوە بڵاویکردەوە، ئەنقەرە ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنەسەر ناوچەکانی باکوری سوریا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندایە.

 ئەو دوو بەرپرسەی تورکیا باسیان لەوەشکردوە: "دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە پەیوەستە بە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و هەر یەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادمیر پۆتن، سەرۆکی رووسیا، کە بریارە بەم نزیکانە لە پەراوێزی لوتکەی گروپی 20 لە رۆما کۆببنەوە".
راشیانگەیاندوە: "ئەنقەرە بە بی هەماهەنگی و ئاگادارکردنەوەی مۆسکۆ و واشنتن دەست بە هێرشەکەی بۆ سەر باکوری سوریا ناکات".
هاوکات میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، سوپای ئەو وڵاتە ژمارەیەک لە یەکەکانی زریپۆشی رەوانەی سەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا کردوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی تورکیا بە پاساوی کوژرانی دوو پۆلیسیان لە باکوری سوریا باسیان لەوەکردبوو، کە جارێکی تر هێرشدەکەنەوە سەر هێزە کوردیەکانی ئەو ناوچەیە.
سەبارەت بە هەڕەشانە پێشتر نوری مەحمود، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاندبوو، "هەمیشە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاو حكومەتی ئاكپارتی زانیاریی ناڕاست‌و درۆ بڵاودەكاتەوە، چونكە لەو ناوچەیەی كە گوایە دوو پۆلیسی توركیای لێ كوژراوە، پێشتر بەڕێكەوتن هێزەكانی ئێمە وەكو (یەپەگە) کشاونەتەوە و هیچ هێزێكی ئێمە لەوێ بوونی نییە".
لە سێ ساڵی رابردوودا تورکیا بە هاوکاری گروپە سوورییەکانی هاوپەیمانی لە دوو هێرشدا دەستی بەسەر شارەکانی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپیی رۆژئاوای کوردستاندا گرتبوو.
نەوا

به‌روار:  17/10/2021
675   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   442
کۆی سه‌ردان:   29259587