چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرەو ڕۆلی پشکنینی سێ مانگی ( HbA1c )


زۆر رێگا هەیە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەكرە، یەکێک لەو ڕێگایانە پشکنینی خوێنی سێ مانگی ( HbA1c ) ە، دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە لەكاتێكی زوودا، واتە بەرلەوەی نەخۆشیەكە پەرەبسەنێت، یان چاودێریکردنی نەخۆشیەکە لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ئێجگار گرنگە، ھەموو راستیە زانستیەکان ئەوەمان پێدەلێن کە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە دەبێتە ھۆی نەھێشتن و کەمکردنەوەی ماکەکانی شەکرە . بە پێچەوانەوە ئەگەر كەمتەرخەمی بكرێت ودرەنگ دەستنیشان بكرێت، کۆمەلێک چەرمەسەری بۆ نەخۆش دروست دەكات . لەو کورتە وتارەدا هەوڵدەدەم باس لە رۆلی پشکنینی سێ مانگە ( HbA1c ) بکەم .

1-پشکنینی خوێنی سێ مانگی (تەراکومی ) رەنگدانەوەی تەمەنی خڕۆکە سوورەکانی مرۆڤە ، ئەو پشکنینە ئەوەمان پێدەلێت، کە رێژەی شەکر لە ماوەی سێ مانگ چەند بووە . سالانێکی زۆر ئەو پشکنینە بۆ چاودێریکردنی کۆنترۆلی نەخۆشانی شەکرە بەکاردەھێنرا ، ھەنووکە ئەو پشکنینە لە زۆرینەی حالەتەکان جگە لە ھەندێک حالەتی تایبەت نەبێت دەتوانرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە بەکاربھێنرێت .

2-فەحسی تەراکومی بە رێژەی سەرووی 6.5 %‏ ئەوە دەگەیەنێت کەسەکە نەخۆشی شەکرەی ھەیە . رێژەی 5.7 بۆ 6.4 % بە قۆناغی پێش شەکرە دەناسرێت ، رێژەی خوار لە 5.7 % بە نۆرمال پێناسە دەکرێت .

3-دیارە رۆلی گرنگی پشکنینی سێ مانگە جگە لە یارمەتیدان بۆ دەستنیشانکردنی شەکرە بۆ چاودێریکردنی نەخۆشی شەکرەیە. مەبەست لە کردنی ئەو پشکنینە ئەوەیە، كە نەخۆش ئاگاداری دۆخی نەخۆشیەکەی بێت و بەگوێرەی پشکنینەکە چارەسەری گونجاوی بۆ بكرێت، .پزیشکی پسپۆر دەبێت بڕیار لەسەر زیادکردنی دەرمانی پێویست بدات، ئەگەر کۆنترۆلی نەخۆشیەکە باش نەبێت.

4-لە نەخۆشانی شەکرە ھەول بدرێت رێژەی پشکنینی سێ مانگە لە سەرووی 7% نەبێت ، دیارە ئەو رێژەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت ، بۆ نموونە لە کەسێکی بەتەمەن شتێکی ئاساییە ئەگەر ھەندێک بەرزتریش بێت و لە ھەندێک نەخۆش بە تایبەت لە نەخۆشانی شەکرەی خۆری یەک کارێکی ئاسان نەبێت بگات بەو رێژەیە لەبەر زۆر ھۆکار . لە ھەموو حالەتەکان ئەگەر کۆنترۆلی شەکرە باش نەبوو واباشە پزیشکی پسپۆر ببینی بۆ ھەر گۆڕانکاریەکی پێویست لە چارەسەری .

5-بۆ ئەو نەخۆشانەی کۆنتڕۆڵی شەکرەیان باش نیەو پێویستیان بە گۆڕانکاری لەچارەسەری دەبێت، وا باشە دوای سێ مانگ پشکنینەکە دووبارە بکەنەوەو کاریگەری چارەسەریەکە ھەلسەنگاندنی بۆ بکرێت . بۆ ئەو نەخۆشانەی شەکرەیان باشتر کۆنترۆل کراوە دەکرێت دوای شەش مانگ و بە لایەنی کەم سالێ جارێک پشکنینەکە دووبارە بکەنەوە .

6-بۆ ئەو کەسانەی قۆناغی پێش شەکرەیان ھەیە دەبێت گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیان بکەن و پارێز بکەن و ھەول بدەن کێشیان دابەزێنن و وەرزش بکەن ، ئەگەر ئەم رێکارانە سوودی نەبوو ئەوە دەکرێت حەبی مێتفۆرمین بەکاربھێنن چونکە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن، کە ئەو دەرمانە دەبێتە ھۆی راگرتنی یاخود دواخستنی سەرھەلدانی نەخۆش شەکرە لەو گروپەی نەخۆش ، وەک ھەمیشە پزیشکی پسپۆر دەبێت بڕیار لەسەر ئەو ھەنگاوە بدات .

7-چاودێریکردنی شەکرە لەرێگای ئەو ئامێرەی، کە لە مالەوە بەکاردەھێنرێت و بە دلۆپێک خوێن رێژەی شەکرە دەست نیشان دەكرێت، کارێکی زۆر پێویستە بۆ نەخۆشانی جۆری یەکەمی شەکرە و ئەو نەخۆشانەی جۆری دووی شەکرەیان هەیە و ئەنسولین یان ھەندێک دەرمان بەکاردەھێنن . بەلام زۆرینەی ھەرەزۆری نەخۆشانی جۆری دووی شەکرە پێویستیان بە فەحسی خوێن لە مالەوە نابێت جگە لە ھەندێک حالەتی تایبەت نەبێت ، لە زۆربەی کاتەکان جگە لە بەھەدەردانی پارەو ئازاردانی پەنجەکان ھیچ رۆلێکی نابێت لە دیاریکردنی ھەر گۆرانکاریەکی پێویست لە چارەسەری .

8-بەشێک لە رێکخراوە جیھانیەکانی شەکرە بە باشی دەزانن، کە پشکینین بۆ ھەموو کەسانی سەروو تەمەن ٤٥ سالی بکرێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشی شەکرە چونکە دەزانین ژمارەیەکی بەرچاو لە تووشبوانی شەکرە ھیچ نیشانەیەکی ئەوتۆیان لێدەرناکەوێت بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشیەکە . ھەروەھا ئەو کەسانەی کە زۆر قەلەون و نەخۆشی شەکرەیان ھەیە لەنێوان ئەندامانی تری خێزانەکانیان دەبێت پشکنینینان بۆ بکرێت تەنانەت ئەگەر لەخوار تەمەنی ٤٥ سالیش بن ، بەھەمان شێوە ئەو ئافرەتانەی تووشی شەکرە دەبن لە کاتی دووگیانیدا، دەبێت چاودێری بکرێن، چونکە ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆش شەکرە زیاترە بە بەراورد لەگەل ئافرەتانی تری ھاوتەمەنی خۆیان .

9-نەخۆشی شەکرە لە زۆربەی وولاتانی جیھان لە زیادبوونە ، تێبینی دەكرێت ژمارەیەکی ئێحگار زۆر لە خەلکی شەکرەیان ھەیە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، چونکە پشکنینیان بۆ نەکراوە تەنانەت لەو وولاتانەشدا، کە سیستەمێکی تەندرووستی پێشکەوتوویان ھەیە بۆ نمونە، لە وولاتێکی وەک بەریتانیا مەزەندە دەکرێت نزیکەی یەک ملیۆن کەس ھەلگری نەخۆشی شەکرەن، بێ ئەوەی پێی بزانن ، بۆیە دەبینین لە زۆر وولاتاندا دەزگاکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە کار لەسەر ھوشیارکردنەوەی ھاوولاتیان دەکەن بۆئەوەی پشکنین بكەن وهەنگاوی پێویست بگرنە بەر بۆ دەست نیشان كردن وچارەسەرەكردنی نەخۆشیەكە .

10-دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە ، ئەگەر بە پارێزکردن کۆنترۆل نەکرا ئەوا حەبی مێتفۆرمین، کاریگەرترین دەرمانە بۆ جۆری دووەمی نەخۆسی شەکرە . دیارە ئەو دەرمانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەستەو نرخەکەشی گونجاوە . لە پۆستێکی تایبەت زیاتر باسی کاریگەری ئەو دەرمانە دەکەین .

خوێنەری خۆشەویست نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشیە ھەرەباوەکان لەسەرانسەری جیھان . مرۆڤ بە پەیڕەوکردنی چەند رێکارێک دەتوانێت نەخۆشیەکە کۆنترۆل بکات و لە ماکەکانی ئەو نەخۆشیە خۆی بپارێزێت .

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو
پسپۆری وورد لە نەخۆشییەکانی کوێرە ڕژێنەکان
لەندەن
به‌روار:  15/10/2021
1222   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   379
کۆی سه‌ردان:   29248920