چیرۆکی دوو دزەکە
دوو دز چونە ناو کۆشکێکەوە.
دوای گەڕان و پشکنینی ورد . قاسەیەکیان دۆزییەوە.
دزە گەورەکەیان کە زۆر شارەزاو کارامه بوو ،بەبێ شکاندن قاسەکەی کردەوە . پڕ بوو لە پارە .
دزە گەورە پارەکەی دەرهێناو لەسەر کورسیەکی دەوری مێزێک دانیشت .
بەدزە بچوکەکەی گوت :
ئەو کاغەزانەی قومار لەگیرفانت دەربێنە.
دزە بچوکەکە سەری سوڕمابوو .
گوتی با ڕاکەین . بەئاگا بێن دەمانگرن .
حەزت لە یارییە ، لە ماڵێ یاری دەکەین .
دزە گەورەکە لێی توڕەبوو گوتی :
سەرکردە منم . چیت پێ دەڵێم وا بکە.
بەفر گرەکەش بکەوە . سێ بوتڵ شەربەت و سێ پەرداخیش بێنەو لەسەر ئەم مێزە دایان بنێ .
دزە بچوکەکە ترساو کاغەزی قوماری دەرهێناو دەستیانکرد بە یاریکردن و شەربەت خواردنەوە.
دزە گەورەکە گوتی :
ئەو تەلەفزیۆنە بخەکارو دەنگیشی کەمێ بەرز بکەوە.
دزە بچوکەکە دوو دڵ بوو .
دزە گەورە بەتوندی تێی ڕاخوڕی . گوێت لێم نەبوو .دەی ....
ئەویش بەقسەی کردو تەلەفزێونی خستە کارو دەنگیشی بەرز کردەوە.
زۆریش دەترسا دەسگیربکرێن .
لە ترسان هەڵدەلەرزی .
پێی وابوو هاوڕێ دزەکەی شێت بووە.
خاوەن کۆشک بە ئاگا هات . دەمانچە بەدەستەوە و لەدزەکانی ڕاخوڕی :
ئەوە چ دەکەن هەی دزینە؟
لە شوێنی خۆتان بجوڵێن دەتانکوژم .
دزە شارەزاکە هەر گوێشی پێنەداو بەهاوڕێ دزەکەی گوت :
یاری بکە یاری . گوێی مەدەیە.
خاوەن کۆشک پەیوەندی بەپۆلیسەوە کرد .
پۆلیس گەیشت .
خاوەن کۆشک بە پۆلیسەکەی گوت:
ئەمانە دزن .
ئەوەش ئەو پارانەیە دزیویانە . لەبەر دەمیانە.
دزە شارەزاکە گوتی :
ئەم پیاوە درۆزنە.
بانگهێشتی کردوین بۆ قومار .
قومارمان کردووەو لێمان بردۆتەوە.
کە هەموو پارەکەی دۆڕاند ، دەمانچەی لێ دەرهێناین و گوتی:
پارەکانم بدەنەوە ،ئەگەر نا پەیوەندی بەپۆلیسەوە دەکەم و دەڵێم دزن .
پۆلیسەکە تەماشای سەر مێزەکەی کرد . شەربەت و سێ پەرداخ و پارەی بڵاوی سەرمێزەکەی بینی. لەو لاشەوە تەلەفزیۆن کاردەکاو دەنگی بەرزە .
تەماشای دوو دزەکەی کرد کاغەزی قومار له دەستیاندایە وئارام و لەسەرخۆ یاری دەکەن .
تەماشایەکی خاوەن ماڵی کرد و پێی گوت :
له ماڵەکەی خۆتدا ،قومار دەکەی.
کاتێکیش دەدۆڕێی بانگی پۆلیس دەکەی .
جارێکی تر ئەمە دوبارە بکەیتەوە فڕێت دەدەمە زیندانەوە.
دواتر ڕویکردە دەرگا بچێە دەرێ.
دزە شارەزاکە گوتی :
گەورەم ، گەر بڕۆیت و جێمان بێڵی ،لەوانەیە ئەم پیاوە بمانکوژێ .
دزەکان بە خۆیان و پارەوە و لەژێر پاسەوانی پۆلیسدا ئەو ناوەیان جێهێشت و ڕۆیشتن.
--------------
دزە گەورەکانیش هەر ئاوا دەکەن . لەژێر چاودێری و پاسەوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتگیری یاسا نێودەوڵەتیەکان ، سامانی وڵاتان دەدزن و تاڵانیان دەکەن . دزەکانی ناو خۆش لەژێر چەتری ئەو یاسایانەدا کە خۆیان دایان ناون دزی دەکەن.

وەرگیراوە
به‌روار:  14/09/2021
1524   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   514
کۆی سه‌ردان:   29248379