نەتەوەیەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی دەکات
ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر کەیسی بهندكراوی سیاسیی کوردی ڕۆژههڵاتی كوردستان، حەیدەر قوربانی هاتە دەنگو داوای لەکاربەدەستانی ئێران کردووە بڕیاری لەسێدارەدانی ئەم زیندانیـیە کوردە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئۆفیسی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سهر بهنەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لەڕاگەیاندراوێکدا دهڵێت، شارەزایانی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان داوا لەئێران دەکات حەیدەر قوربانی لەسێدارە نەدات و ئەو بڕیاری لەسێدارەدانەی بۆی دراوە هەڵبوەشێنرێتەوە بەهۆی هەبوونی نیگەرانی جدی لەبەرامبەر دادگایـیکردنەکەی بەشێوەیەکی نادادپەروەرانەو ئەشکەنجەدانی لەکاتی دادگایـیکردنەکەیدا.
ئاماژه بۆ ئهوهش كراوه كه دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران دەستبەجێ هەوڵی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی ڕابگرن و حوکمی لەسێدارەدانەکەی هەڵبوەشێننەوە، "وەک پابەندبوون بەوابەستەیـیە نێودەوڵەتیـیەکان جارێکی دیکە دادگایی بکەنەوە."
لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە، حەیدەر قوربانی تەمەن 48 ساڵ لەوەتای مانگی دەی ساڵی 2016 دەستگیرکراوە لەسەر کەیسێکی پەیوەست بەوەی وەک دەڵێن 3 ئەندامی هێزی بەسیج بە دەستی کەسانی سەر بە کۆمەڵێک چەکداری ئۆپـۆزسیۆن کوژراون. لە پاش دەستگیرکردنەکەی بۆ ماوەی 3 مانگ بێ سەروشوێن کراوە و هیچ لە بارەیەوە بەکەسوکاری نەوتراوە.
شارەزاکانی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، زۆر نیگەرانن لەوەی حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەدان و خراپی ڕەفتارکردن لەگەڵیدا ئەو دانپیادانانەیان لێوەرگرتبێت. هەروەها نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە بارەی ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لەوە دەکەن حەیدەر قوربانی ڕێگەی پـێنەدرابوو لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا پەیوەندی بە پارێزەرێکەوە بکات و پاشان پارێزەرەکەی مافی ئەوەی نەبووە دەستیبگات بە تەواوی فایلەکانی کەیسەکە لە کاتی دادگایـیکردنەکەدا.
لە مانگی دەی ساڵی 2019 ، دادگایەکی تاوانەکان حەیدەر قوربانی بە تاوانبار دانا بەوەی گوایە یارمەتی داوە و هەروەها هانی داوە بۆ کوشتن و هەوڵی ڕفاندن و یارمەتیدانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە لە هەڵهاتن. لەو دادگایەدا بە 118 ساڵ و 6 مانگ حوکمی زیندانی درا.
لە مانگی دووی ساڵی 2020 ، دادگایەکی شۆڕش لە ئوستانی کوردستان حەیدەر قوربانی تاوانبارکرد بە "بەغی" واتە یاخیبوونی چەکداری لە دژی دەوڵەت، بەمەش حوکمەکەی کرا بە لەسێدارەدان کە هەرچەندە دادگاکە لە بڕیارەکەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات حەیدەر قوربانی هەرگیز چەکدار نەبووە.
بەپـێی یاسای تاوانەکانی ئێران، تاوانی "بەغی" ئەوەیە تۆمەتبارەکە ئەندامی کۆمەڵێکی چەکداربێت و چەکی هەڵگرتبێت. لە کاتی دادگایـیکردنەکەدا حەیدەر قوربانی هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەی کرابوون، گوتی ئەندامی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی کوردی نەبووە و هیچ چەکی پێنەبووە لەو کاتەی ئەو کەسانە کوژراون.
لە مانگی هەشتی ساڵی 2020، دادگای باڵای ئێران حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی پەسەندکرد. لە مانگی نۆی 2020 و لە مانگی هەشتی 2021 دادگای باڵا داواکانی حەیدەر قوربانی بۆ پـیاداچوونەوە بە بڕیاری لەسێدارەدانەکەی ڕەتکردەوە. بۆیە ئهگهری هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا لەسێدارەبدرێت.
ئاوێنه
بهروار: 04/09/2021
1284 جار خوێندراوهتهوه
|