زەنگێکی مەترسیدار: سنورەکان دەگەن بەئاسمان!!

مرۆڤایەتی لەبەردەم دووڕیانی خۆشگوزەرانی و بەردەوامبوونی ماڵوێرانیدایە، ئومێدێکم هەبوو کە پێشکەوتنە زانستیەکان بەتایبەتی لە بواری پشکنینەکانی ئاسمان ببنە هۆی یەکخستن و یەکڕیزی مرۆڤەکان، ئومێدێکم هەبوو سنورەکان هەر لەسەر زەوی بمێنن و نەگەن بەئاسمان و لەسەر مانگ و هەسارەکانیش دروست نەکرێن، بەڵام بەداخەوە وا ئەو سنورانە دەگەن بەو شوێنانەی ئاسمان کە دەستی مرۆڤیان پێدەگات...

مرۆڤ وەکو بونەوەرێكی زاڵ و زیرەک لەنێو هەموو زیندەوەرەکانی سەر هەسارەی زەوی لە ئێستادا بە ناسکترین قۆناغیدا تێدەپەڕێت، ئەم سەدەیەش بەتایبەتی تا دەوروبەری ناوەڕاستی سەدە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ داهاتووی مرۆڤ و نەوەکانی بە بوون یان بە نەبوون، مرۆڤ ئێستا و لە چەند دەیەی داهاتووشدا لە پێش دووڕیانێکدا دەبێت، پێویستە لەنێوان خۆشگوزەرانی و ماڵوێرانیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، لە ئێستادا بەهەموو پێوەرەکان هەنگاو بەرەو ماڵوێرانی دەنێت، ئومێدێکم هەبوو کە پێشکەوتنە زانستیەکان بەتایبەتی لە بواری پشکنینەکانی ئاسمان ببنە هۆی یەکخستن و یەکڕیزی مرۆڤەکان هەروەها دروستکردن و پتەوکردنی پردەکانی نێو کۆمەڵگاکان نەوەک ناردن و گەیشتنی سنورەکان و دیوارەکانی نێو کۆمەڵگاکان بە بۆشایی ئاسمان و قوڵبوونەوەی زیاتری کێشەکان، بەتایبەتی لەسەر ڕووی قققمانگ و هەسارەی مەریخ...

کێشەی هەرە گەورەی مرۆڤ لە چەند هەزار ساڵی ڕابردوو دوای دروستکردنی شارستانیەتیەکان و کۆمەڵگاکان تاوەکو ئەمڕۆش ئەوەیە کە مرۆڤەکان بە دەستە جەمعی پێش ئەوەی خاوەنی ناسنامەی مرۆڤایەتی بن ئەوان هەڵگری ناسنامەی ترن، ئەوان پێش هەڵگرتنی ناسنامەی مرۆڤبوون هەڵگری ناسنامەی نەتەوە، نەژاد، ڕەچەڵەک، ئایین یان ئایدیۆلۆژیان، هیچ جیاوازیەکیش نیە لە ئەنجامەکان ئەگەر هەر یەکێک لەو ناسنامانە پێش ناسنامەی مرۆڤایەتی بخرێن، بەبێ پێش خستنی ناسنامەی مرۆڤایەتی بەسەر ناسنامەکانی تر ئەوا ڕق و کینە و ڕەگەزپەستی و نەتەوە پەرستی هەر بەردەوام دەبن لەنێوان کۆمەڵگاکان، ئەمەش بەردەوامی دەدات بە کێشەکان، هەروەها ئەگەری کەوتنەوەی شەڕ یان کۆمەڵکوژی، هەژاری و برسیەتی هەر لەئارادا دەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە مرۆڤ پێویستی بە یەکڕیزی و یەک بڕیاری بێ وێنە هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە هەرە گەورەکان کە ئێستا بەڕێوەن لەسەر هەسارەکەمان، ئەو هەسارەیەی کە تاوەکو ئەمڕۆ تاکە ماڵە لە گەردوون بۆ ژیانی مرۆڤ و هەموو زیندەوەرانی تر، کێشە گەورەکانیش بەشێوەیەکی سەرەکی بریتین لە گۆڕانی کەش و هەوا، وێرانبوونی ژینگە و پڕۆسەی قڕکردنی ملیۆنەها جۆر لە زیندەوەران...

جگە لەو کێشانەی سەرەوە پێدەچێت کێشەی تریش بەڕێوەبن لەچەند ساڵ و دەیەی داهاتوو، ووڵاتی ڕووسیا لەم ماوەیەدا بڕیاری دا کە ئیتر لەمەودوا پشکنینەکانی ئاسمان بەهاوبەشی لەگەڵ ووڵاتی چین ئەنجام دەدات، هەروەها بەنیازیشە وێستگەی ئاسمانیش جێبهێڵێت و وەکو چین وێستگەیەکی ئاسمانی بەردەوامی تایبەت بە خۆی دروست بکات...

ڕووسیا و چین ڕێکەوتنێکی سەرەتاییان ئەنجامداوە کە تا ساڵی 2030 بەیەکەوە کۆمەڵێک گەشت بۆ سەر مانگ ئەنجام بدەن بە مرۆڤەوە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی بەردەوام لەشوێنێکی نزیک جەمسەری باشوری سەر ڕووی مانگ، ئەمەش هەمان ئەو شوێنەیە کە ئەمەریکا بەتەمایە لە ساڵی 2024 تا ساڵی 2030 نزیکەی 10 گەشت بەمرۆڤەوە بۆ ئەوێ ئەنجام بدات و بەهەمان شێوە بنکەیەکی بەردەوام دروست بکات، دواتریش هەنگاو بەرەو هەسارەی مەریخ بنێت...

ئەم هەنگاوانەش بەداخەوە جگە لە زۆربوونی تەنگژی و بردنی کێشەکانی سەر زەوی بۆ ئاسمان هیچی تری لێناکەوێتەوە، چەندەها ساڵیشە چین و ڕووسیا جۆرەها چەکی لێزەری نوێ پەرەپێدەدەن و تاقیدەکەنەوە مەبەستی پەیداکردنی توانای خستنە خوارەوەی هەر مانگێکی دەستکرد لەو کاتانەی بیانەوێت، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو وای لە ئەمەریکا کرد بەر لە دوو ساڵ هێزێکی تایبەت دروست بکات بەناوی هێزی بۆشایی ئاسمان...

تێکڕای هەنگاوەکانی مرۆڤ لەئێستادا بەهەموو پێوەرەکان لۆژیکی و دروست نیە، بۆچی وایە..؟ ئایا ئەمە بژاردەی تێکڕا یان زۆرینەی مرۆڤەکانە..؟

نەخێر، بژاردەی تێکڕای مرۆڤەکان نیە، لەبەر ئەوەش وایە چونکە جیهانی ئەمڕۆ لەلایەن بازرگانان و سیاسەتمەداران بەڕێوەدەبرێت، دیموکراسیش تەنیا یاریێکە و جڵەوەکەی لەدەستی ئەواندایە، ئەوانیش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و سەرمایەکانیان یان کۆمەڵگاکانی خۆیان پێش بەرژەوەندی گشتی تێکڕای مرۆڤەکان و ژینگە و ژیان خستووە، هێشتا لەلای زۆربەی ئەوانیش ناسنامەی نەتەوە، ڕەچەڵەک، نەژاد هەروەها ئایدیۆلۆژیا پێش ناسنامەی مرۆڤبوونە...

لوقمان حەوێز
به‌روار:  05/08/2021
456   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   260
کۆی سه‌ردان:   29231750