بەختیار عەلی بۆ مەرگی شێرکۆ بێکەس
شێرکۆ .. ئەو شاعیرەی هەرگیز لە یادناچێت

نۆرمان میللەر لە تێکستێکیدا دەڵێت « مردن زۆر سەخت نییە، تا ئێستا کەس نییە نەیتوانی بێت بمرێت». بەڵام ئەم وەسفە بۆ هەموو کەس ناشێت... بە بڕوای من شێرکۆ لەوانەیە چەندە بیەوێت، چەندە هەوڵبدات ناتوانێت بمرێت.

کورتکردنەوە و وەسفکردنی شێرکۆ لە کارە سەختەکانە. من رستەیەک شک نابەم لەوەسفیدا باسیبکەم، دێڕێکی کنۆت هامبسون نەبێت کە دەڵێت «بلیمەت چەخماخەیەکە، گرمەکەی سەدان ساڵ دەنگدەداتەوە». ڕاستە ئەمڕۆ چیتر روناکی ئەو چەخماخەیە نابینین، بەڵام بە دڵنیاییەوە گرمەی تا سەدان ساڵی تر و ڕەنگە تا دوا کورد لە سەر ئەم ئەستێرەیە بەردەوام بێت.

مردنی کتوپڕ نەبوو، لەو جێگایەدا هات کە دەبوو بێت، وەک خۆی، وەک رووداوێک، وەک شتێک دوای خۆی رەنگی دونیا دەگۆڕێت... مردنی وەک شتێک دێت کە پێشتر زۆر بیری لێکرابێتەوە، وەک پلانی بۆ کێشرابێت، وەک ساتێک بێت، لە مێژە خۆی بزانێت لە کوێدایە و کەی دێت.

مردن هەمیشە بەشێکی گرنگی جیهانبینی شێرکۆ بووە، بەڵام شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە دەتوانین بە شاعیرانی ژیان ناویان بەرین. زۆر لەسەر مردوەکانی نوسیوە، نا بۆ ئەوەی مردنیان بگێڕێتەوە، بەڵکو بۆئەوەی زیندوویانبکاتەوە... نوسین لای شێرکۆ، پرۆسەی ژیان بە بەرداکردن بووە. نوسین لای ئەو بە دروستکردنی ژیانەوە گرێدراوە.

سەردەمی شێرکۆ، بەمڕۆشەوە سەردەمی مردن و کارەساتە گەورەکان بوو. بەرامبەر بە دەسەڵاتی ڕەهای مەرگ، شیعری شێرکۆ سەمبولی دەسەڵاتی ڕەهای ژیانە. ئەو بە ژیانی ڕەها، بە ژیانێک کە دەکرێت بە بەری هەموو مردوەکاندا، بە بەری هەموو بێگیانەکاندا، وەڵامی مەرگ دەداتەوە، بەرامبەر بەبێ نرخبوونی مرۆڤ، شیعری شێرکۆ گۆرانییەکی بەردەوام و ستایشکردنێکی بێوچانی جوانییەکانی مرۆڤە. هەموو شتێک لە شیعری شێرکۆدا دەژی و وەک مرۆڤ دەنوێنێت.

نیشتیمانی شێرکۆ، نیشتیمان نییە بە مانا ناسیونالیستییە تەسکەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شوێن و سنوورانەیە کە هێزی ژیان دەستی دەگاتێ. لە شیعری ئەودا بەردەکان، چیاکان، باڵندەکان پێکڕا وەک ئێمە زیندوون، وەک ئێمە هاواردەکەن، دەترسن و دەژین و بۆ مانا دەگەڕێن .

«گۆران» یش وەک شێرکۆ عاشقی ژیان بوو، بەڵام گۆران کوڕی ڕۆژگاری کارەساتە گەورەکان نەبوو... گرنگی شێرکۆ لەوەدایە لە ناوەراستی هەموو گەردەلوول و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات، ئەو تەنیا وابەستەی زیندوێتی خۆی نییە، بەڵکو وابەستەی لادان و شکاندنی هەر قاڵبێکە کە بوونمان گەمارۆدەدات، شیعری ئەو هیچ نییە جگە لە بەربوونی وزەی ناکۆتای ژیان لە زیندانە گەورەکانی خۆی. شێرکۆ لە سیاسەتیشدا نوێنەری هاواری ژیانە، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک یان بەرەیەک. ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان و شتە بچوکەکانیش بوو، هیچ کات لە زمانی شیعر بەولاوە زمانێکی تری نەبوو، شیعری ئەو بریتییە لە سەفەرێکی بێوچان و قووڵ و پڕ لە سەرسامی بە ناو شتەکان و پەیوەندییە نهێنییەکانیاندا. ئەو یەکێک بوو لەو شاعیرە کەمانەی مێژوو کە دەتوانن هەموو شتێک بکەن بە شیعر

بەشێک لە وتارێک، بە بۆنەی کۆچی شاعیری گەورە (شێرکۆ بێکەس)ـەوە نوسراوە
بەختیار عەلی
به‌روار:  04/08/2021
1526   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   387
کۆی سه‌ردان:   29232144