لەتوركیا خێزانێکی حه‌وت كه‌سی‌ کورد کوژران
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 30-7-2021 لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر ماڵباتێکی کورد، حەوت ئەندامی خێزانەکەیان کوشت و خانووەکەیان سووتاند.

هێرشەکە کاژێر 06:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەن.

ناوی ئەو کەسانەی کوژراون بەمشێوەیەیە: یاشار دەدەئۆغوڵڵاری، باڕش دەدەئۆغوڵڵاری، سەرپیل دەدەئۆغوڵڵاری، سێراپ دەدەئۆغوڵڵاری، ئیپەک دەدەئۆغوڵڵاری، مەتین دەدەئۆغوڵڵاری و سیبەل دەدەئۆغوڵڵاری.

پۆلیس دوای ئاگادارکردنەوەی دراوسێکانیان و پەیوەندیکردنیان بە هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای کۆنیا بەبوونی تاوانی کوشتن، لەگەڵ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ژمارەیەک ئەمبوڵانس چوونە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت حەوت ئەندامی خێزانێک بەدەستڕێژی گوللـە کوژراون و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەخێرایی ئەو بەشەی خانووەکەیان کوژاندەوە، کە گومان دەکرێ بکوژەکان سووتاندبێتیان.

دواتر تیمەکانی تەندروستی تەرمی هەر حەوت ئەندامەکەی ئەو خێزانەیان گواستەوە دادپزیشکی کۆنیا.


12ـی ئەم مانگە گرووپێکی "تووندڕەو" هێرشیان کردە سەر هەمان خێزان و حەوت ئەندامی خێزانەکەیان بریندار کرد. ئەوکات بەشێک لەو گرووپە "تووندڕەوە" دەستگیرکران و دواتر پێنج کەسیان ئازادکران.

ئەو ماڵەی ئەوکات هێرشیان کردبووە سەر خێزانە کوردەکە، دراوسێی خۆیان بوون. ئەو خێزانە کوردە 24 ساڵ بوو لەو ناوچەیەی کۆنیا دەژیان.
ڕووداو
به‌روار:  30/07/2021
617   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   484
کۆی سه‌ردان:   29219508