دادگاکانی کوردستان یەک فەرمانیان هەیە، نەبوونی یاسا بچەسپێنن.


بەر لە چەند ساڵێک لە یەکێک لەسەفەرەکانمدا گەنجێکی نەخۆش و غەمگینم ناسی بە ناوی «نەوزاد حارس»ـەوە. نەوزاد کوڕێکی رەشتاڵەی گەلێک هەست ناسک بوو، بەسەروڕوخسار زیاتر لە عەرەب دەچوو. نەوزاد نوسینەکانی منی زۆر خۆشدەویست، زۆر بە دوای مۆسیقای ناوازە و تایبەتدا دەگەڕا، هەر جارێک خۆم دەگەڕامەوە بۆ کوردستان یان هەر هاوڕێیەکی نزیک بگەڕابایاتەوە بۆ خۆرئاوا، ئەو سی دی ئەو مۆسیقا ناوازە و تایبەتییانەی دەدامێ یان بۆی دەناردم کە تا ئێستا هەموویانم هەڵگرتووە و بەشێکە لە یادگارە شیرینەکانی من. لێرەدا تەنیا یادی نەوزاد حارس ناکەمەوە، کە شایستەی یادە، بەڵکو دەمەوێت چیرۆکی نەوزاد لە ناوکۆیی ئەو دۆخەدا بگێڕمەوە کە ئازادی و یاسا، نوسەران و دەسەڵاتی بەرابەر یەکتری ڕاگرتووە. نەوزاد کە دەستی وێنەکێشانی هەبوو، ڕۆژێک لە چایخانەیەکی بەرامبەر سەرۆکایەتی وەزیرانی کۆن لە سلێمانی دادەنیشێت و بێباک و بێئاگا لە دونیا وێنە دەکێشێت، لەسەر ئەوە دەگیرێت و لە زیندانە پاک و تەمیزەکانی شارە خۆشەویست و وڵاتە ئازادەکانماندا بە جۆرێکی وەها دڕندانە ئەشکەنجە دەدرێت و ئازار دەدرێت، لە پاڵ نەخۆشییەکانی خۆیدا تووشی کۆمەڵێک گرفتی تەندروستی گەورەی تر دەبێت و هەر بە هۆی ئەو گرفتانەشەوە دوای ماوەیەک کۆچی دوایدەکات. چیرۆکی نەوزاد، کە بەسەرهاتی گەنجێکە لە بەرئەوەی بێباک بەرامبەر بینایەکی دەوڵەتی نیگاری کێشاوە و تووشی تراژیدیایەکی گەورە بووە ... چیرۆکێکی ناوازە نییە. زیاد لە دوو سەد ساڵ پێش نوزاد حارس، لە سیازدەی سێپتەمبەری 1786 دا نوسەری گەورەی ئەڵمان گۆتە، تووشی شتێک دەبێت کە زۆر لە چیرۆکەکەی نەوزاد حارس دەچێت، گۆتەش لە هەرێمێک بە ناوی مالسیسینا کە دەکەوێتە سەر سنوری دەسەڵاتی فینیسا و نەمساوە، لە وێرانەی کۆشکێکدا دادەنیشێت و بێباک دەست بە نیگارکێشانی بورجێک دەکات کە لەو دەمەدا لە نێوان دوو دەڤەرەکەدا خاڵێکی ستراتیژی دەبێت. ئەو دەم بەرپرسان وێنەکە لە گۆتە دەستێنن و دەیدڕن و فڕێیدەدەن، خۆشبەختانە پاسەوانەکانی ئەو سەردەمەی ئەوروپا لە ئاسایشەکانی ئەم سەردەمەی ئێمە مرۆڤتر و ناسکتر دەبن، گۆتە بەدەردێک نابەن، پاش ماوەیەک بە کاری لێدان و ئەشکەنجە بمرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ هەمیشە دەبێت بپرسێت بۆ دەبێت گەنجێک لەسەر ئەوەی وێنەی بینایەکی دەوڵەتی دەکێشێت ئەشکەنجە بدرێت؟ وادەزانم وەڵامی ئەم پرسیارە لە تەواوی ئەو ڕوداوانەدا دەدۆزینەوە کە دوای مردنی نەوزاد حارس لەوڵاتی ئێمەدا ڕویانداوە و تا ئێستا بە بەردەوامی ڕودەدەن، کە بە کۆ ئەوە دەسەلمێنن دەسەڵات نایەوێت کەس هیچ نیگارێکی لێ بکێشێت. دەسەڵاتی کوردی بە شێوەیەکی ترسناک و تراژیدی لە ناو ئەو کولتوورە دیکتاتۆرییەدا نوقمبووە کە دەیەوێت هەموومان ببینێت، بێئەوەی کەس ئەو ببینێت. هاوڵاتی بۆی نییە وێنەی دەسەڵات بگرێت، بەڵکو تەنیا دەسەڵات بۆی هەیە وێنەی هاوڵاتی بگرێت ... ترسی دەسەڵات لەوەی وێنەی بکێشین، قووڵ لە غەریزە سەرەتاییەکانی ناو سیستمی سیاسی ئێمەدا چەسپیوە، دەسەڵاتی ئێمە لە راکردنێکی بەردەوامدایە لە وێنەی خۆی. لە ترسەوە لە هێڵکارییە سادەکەی نەوزاد حارسەوە، تا دەگەینە سەر دادگاییە بەربەرییەکانی ئێمە، لە بەردەم ئەو حاڵەتە هیسترییەداین کە دەسەڵات تووشی دەبێت کە لێی نزیکدەبینەوە. دەسەڵاتی کوردی قووڵ پەروەردەی ئەو کولتوورە دیکتاتۆرییەیە کە پێی وایە تەنیا دەسەڵات بۆی هەیە لە خەڵک نزیک ببێتەوە و کەس بۆی نییە لە دەسەڵات نزیک ببێتەوە. تەنیا دەسەڵات بۆی هەیە دەزگای چاوەدێری کۆمەڵگای هەبێت و کۆمەڵگا بۆی نییە چاوی چاوەدێری دەسەڵاتی هەبێت. لە ڕاستیدا ئەم فۆرمە کلاسیکییەی دەسەڵات کە لە سەری ئەم سیاسەتبازە کلاسیکییانەی ئێمەدا چەسپیوە، فۆرمێکە ئەم دەسەڵاتەی لە شێوە هەر ناشیرینەکانی ستەمکاریی نزیککردۆتەوە. تا دەسەڵات دەزگای چاوەدێریکردنی سەر کۆمەڵگا بەهێزبکات و دەزگای چاودێرکردنی سەر خۆی لاوازبکات، بەرەو دیکتاتۆرییەتی زیاتر دەڕوات، بەڵام ئاشکراشە کە دەسەڵات بۆئەوەی بتوانێت زۆرتر کۆنترۆلبکات و کەمتر کۆنترۆل بکرێت، پێویستی بە دەزگایەکی پۆلیسی و یاسایی هەیە ... واتە پێویستی بە دروستکردنی جۆرە پۆلیسێک و حاکمێک هەیە جوجکی ئەو مەکینەیە بن کە ماشێنەکانی دەسەڵات پرۆگرامی کردون. گەر ورد بروانین دەبینین هەمیشە دووجۆر لە یاساش هەیە، یەکێکیان ئیشی تەنیا ئەوەیە هەیبەتی خۆی و پرەنسیپە ناوەکییەکانی ئیشکردنی خۆی بپارێزێت، ئەوی دییان ئیشی ئەوەیە تەنیا هەیبەتی دەسەڵات بپارێزێت و چاوەدێری کۆمەڵگا بکات. یەکێکیان ئیشی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، یەکێکی دیان جەوهەری وەزیفەکەی ئەوەیە نەهێڵێت کەس لە دەسەڵات نزیک ببێتەوە. لە ئەدەبدا ئێمە نمونەی پۆلیسی قیرچیسمەمان هەیە کە تا کۆتایی دوایی قوربانییەکان دەکەون ... وەک ئەو موفەتیشی پۆلیسەی بەدوای ژان فال ژانەوەیە لە ڕۆمانەی «کڵۆڵان»ـی فیکتۆر هۆگۆ دا، وەک ئەو موفەتیشەی بەدوای راسکۆلینکۆفەوەیە لە ڕۆمانی «تاوان و سزا»ی دستۆفسکی دا، وەک ئەو موفەتیشە سەرسەختەی لە رۆمانی «هەشتا ڕۆژ بە دەوری زەویدا» دەیبینین. لە ڕاستیدا ئەدەبیاتی کلاسیکی ئەمجۆرە پۆلیسە سەرسەختانەی تێدایە کە بە جۆرێکی کوێرانە دڵسۆزی ئیشەکەی خۆیانن، بەڵام ئەم پۆلیسانە خزمەتکاری دەسەڵات نین بەڵکو خزمەتکاری یاسان، یاسایەک هەیبەتی خۆی لە سەرو هەموو بەها و مانایەکی مرۆڤانەی دییەوە دەبینێتەوە.... ئەم جۆرە کاراکتەرانە گەرچی وەک یاساناسانی ئێمە کۆیلەی دەسەڵات نین، بەڵام وەک فیگەری ناشیرین و دزێو چوونەتە مێژووی ئەدەبەوە. ئەو یاسایەی ئەمرۆ لە کوردستان کاردەکات بەرهەمی عەقڵییەتێک نییە لە رێزگرتنی خودی یاسادا قووڵ بووبێتەوە، واتە کولتووری یاسایی ئێمە تا ئێستا کەسانێکی بەرهەم نەهێناوە لە سەپاندنی خودی یاسا و ڕێنمایی و نەزمدا سەرسەخت و توندڕەوبن، بەڵکو کەسانێکی دروستکردوە تەنیا لە پاسکردن و پاراستنی دەسەڵاتدا فانەتیکن. لێرەوە قسەکردن لەسەر یاسا لە کوردستان هیچ نییە جگە لە قسەکردن لە کەرەستەیەکی سەرکوتکردنی دیکە... جەوهەری دەزگا یاساییەکەش لە دونیای ئێمەدا بۆ ئەوە نییە یاساشکێنی نەکرێت، بەڵکو بۆئەوەیە نەبوونی یاسا بپارێزێت و وەک دۆخی سروشتی وەربگیرێت، لە ڕاستیدا دادگاکانی کوردستان یەک فەرمانیان هەیە، نەبوونی یاسا بچەسپێنن.

بەشێک لە وتارێک بە ناوی «دوو جۆر لە یاسا»
بەختیار عەلی
به‌روار:  11/05/2021
633   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   471
کۆی سه‌ردان:   29232763