یەکێتی ئەوروپا لەسەر 5 گیراوەکەی بادینان هاتنە دەنگ
یەكێتی ئەوروپا:
🔻 نیگەرانین لە حوكمەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان
🔻 ئەم حوكمە كاریگەری لەسەر دەنگی ناڕەزایەتی‌و كاری رۆژنامەگەریی دەبێت
🔻 داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین پابەند بێت بە مافەكانی مرۆڤەوە
(درەو):
یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بە كەیسی گیراوانی بادینان:
🔸 وەفدی یەكێتی ئەوروپا‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، نیگەرانی خۆیان رادەگەیەنن سەبارەت بە بڕیاری ئەمدواییەی دادگای پێداچوونەوە لە هەرێمی كوردستانی عێراق، كە پاڵپشتی حوكمی زیندانكردنی پێنج رۆژنامەنوس‌و چالاكوان دەكات. ئازادی رادەربڕین‌و رۆژنامەگەری‌و مافی دادگایكردنی دادپەروەرانە، پێكهاتەی بنەڕەتی كۆمەڵگە دیموكراتییەكانن‌و دروستكردنی دامەزراوەی شەفاف‌و لێپرسینەوە‌و حوكمی باشن. ئەم حوكمە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دەنگی ناڕەزایەتی لە هەرێمی كوردستان‌و توانای رۆژنامەنوسان لە بڵاوكردنەوە بەبێ ترسی تۆڵەكردنەوە یاخود كۆتوبەندی هەڕەمەكییانە.
وەفدی یەكێتی ئەوروپا‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، بەنیگەرانییەوە تێبینی ئاماژەكانی هاتوو لەناو ئەو حوكمەدا دەكەن سەبارەت بە پەیوەندی تۆمەتباران لەگەڵ باڵیۆزخانە بیانییەكان، لەناویشیاندا كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر، جێگەی باسە كە ئاڵوگۆڕی رێكخراو لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێكی جیا نەكراوەیە لە كاری نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەسەرتاسەری جیهان.
وەفدی یەكێتی ئەوروپا‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بەتەواوەتی پابەند بێت بە مافەكانی مرۆڤەوە، لەناویشیاندا مافی دادگایكردنی دادپەروەرانە‌و گەرەنتیكردنی تەواوەتی ئازادی رادەبڕین‌و رۆژنامەگەریی.
درەو مێدیا
به‌روار:  11/05/2021
431   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   711
کۆی سه‌ردان:   29251461