مافیایەکی گەورەی مالمۆ بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درا
سوید
مەترسیدارترین مافیای سوێد بۆ هەتاهەتایە زیندانی دەكرێت

دادگەی سزا قورسەكانی مالمۆ لە سوێد بە تاوانی كوشتن و سپیكردنەوەی پارە سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەر یەكێك لە مەترسیدارترین مافیاکان دەركرد كە پێشتر لە ئیسپانیا دەستبەسەركرابوو.

ئەو گەورە مافیایە ناوی سەلام شیبانییە، تەمەنی 29 ساڵە، بە "ئێل پاترۆن" El Patron ناسراوە و ناوی لە لیستی داواكراوانی نێودەوڵەتیدا هەبوو، بەر لەوەی لە ئیسپانیا دەستبەسەر بكرێت. سەلام شیبانی تۆمەتباربوو بە ئەنجامدانی تاوانی زۆر مەترسیدار و رێكخراو.

داواكاری گشتیی مالمۆ تۆمەتنامەی دژی شیبانی ئامادەكردبوو كە لیستێكی دوور و درێژی تاوانی لەخۆگرتبوو، كە بریتیبوون لە كوشتن، فەرمان دەركردن بۆ كوشتن، هاندان و راهێنانی ئەندامانی تۆڕە مافیاییەکەی بۆ كوشتن، دزیكردن و سپیكردنەوەی پارە.

یەكەم تاوانی كوشتن بۆ رۆژی 30ی ئاداری 2017 دەگەڕێتەوە، كاتێك دوو چەكداری دەمامكدار بە سواری ماتۆرسكیلەوە لە مالمۆ دەستڕێژی گوللـەیان لە گەنجێك کرد و چەندین گوللـە بەر سەر و لاشەی کەوتن.

دواتر روونبووەوە سەلام شیبانی فەرمانی كوشتنی ئەو گەنجەی دابوو. شیبانی نامەیەكی دەستنووسی خۆی بۆ بكوژانی گەنجەكە نارد و تێیدا نوسیبووی، "بەڕاستی سەرتاشینێكی نایاب بوو. سوێند بە خودا ئەم كارەتان زۆر دڵخۆشتان دەكات".

لە پرۆسەی دادگاییكردنەدا، دادوەر ئیما ریگینز لەبارەی ئەو تاوانە گوتی، "ئەنجامدانی ئەم تاوانە لە شوێنێكی گشتی، پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە و هاوشێوەی لەسێدارەدان بووە".

یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان کە ئاراستەی شیبانی کرا ئەوەبوو کە رۆژی 2ی شوباتی 2018، فەرمانی كوشتنی بازرگانێكی تەمەن 52 ساڵی دابوو لە ناوچەیەكی مالمۆ؛ لە كاتی دەستڕێژیكردن لە بازرگانەكە، كەسێكی دیكە بەرکەوت و دەستبەجێ لە شوێنی هێرشەكە گیانی لەدەستدا و بازرگانەكە لە مردن رزگاری بوو. ئێستا ئەو بازرگانە لەلایەن پۆلیسەوە دەپارێزرێت و پاسەوانی بۆ دامەزراوە و وەك شایەتحاڵ بەشداریكرد لە دادگاییكردنی شیبانییدا.
ڕوداوو
به‌روار:  08/05/2021
1334   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   946
کۆی سه‌ردان:   29235580