کەمپینی مووچەی مانگێکم بۆ ڕۆژئاوا
مالمۆکورد

ئازیزان و خۆشەویستانم سڵاوتان لێ بێت....
ڕۆژی ٢٤/٤/٢٠١٦ لە کۆڕی (ڕۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا)، کەمپینێکم ڕاگەیاند، وەک سەرەتایەک لە خۆمەوە دەستم پێکرد و مووچەی مانگێکی کارەکەم کە وەک کرێکارێک لە کارگەیەک لە دانیمارک دەستمدەکەوێت دەیبەخشم بە ڕۆژئاوا ، لەڕێگای نوێنەرایەتی حکومەتی ڕۆژئاواوە یان هەر ڕێگایەکی گونجاو دەیگەیەنمە دەستیان.
ئەم کەمپینە بۆچی؟
لەدوای ئەزمونێکی بەنرخ و نیشاندانی بەرگریەکی بەرجەستە و بێوێنە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش لە کۆبانی، دەرکەوتنی ژنان وەک فاکتەرێکی گرنگی ئەم بەرگریە و تێپەڕاندنی چەندین دەستەواژەی کۆنەپەرستانە، بەرانبەر توانا و جێگا و ڕێگای ژنان لە کۆمەڵگادا.
بوونی چەندین یاسای گونجا و پێشکەوتوانە لە کانتۆنەکان سەبارەت بە یاسای باری کەسێتی و زەواج و مافە فەردیەکان، ئاسۆیەکی هێناوەتە پێشەوە لە ناوچەکە کە جێگای ئومێدەو سەرەتای بزیسکێکی دڵخۆشکەرە بۆ پاشەکشە پێکردنی یاسا دژی ئینسانیەکان و جیاوازی ڕەگەزی.
نمایش کردنی ئیرادە و توانای ئینسان بۆ بەرگری کردن لە کیان و بوون و ئامانجەکانی خۆی کردە واقیعەتێک و جێکەوت، دانانی نیشانەی پرسیاری گەورە لەسەر ئەوەی کە بەبێ دەوڵەتە زلهێزەکان هیچ ناکرێت و هیچ ئاسۆیەک نابینرێت دانرا، کە ئەمەش نیشانەی ئیرادە و توانای ئینسان بەرجەستە دەکات لەم قۆناغەدا کە زۆر کات بێبەها سەیر کراوە.
نمایش کردنی توانا و خەلاقیەتی ئینسان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە کانتۆنەکان لە وەحشیگەری داعش و کوشتارەکانیان، خاڵێکی درەخشانی کەمکردنەوەی قوربانیەکان و نیشانەی ئەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و قوڵی ئینساندۆستیە بۆ ئینسان و بۆ کۆمەڵگا.
بەرگرتن بە قەڵمڕەوی داعش وکەمکردنەوەی یاری و گەمەی ترسناکەکانی هێزە ناوخۆی وناوچەی و جیهانیەکان لە ئاستی جۆرا و جۆردا، ناوچەکەی پاراستووە لە خوێن ڕشتن و دروست کردنی قەسابخانەی زیاتر بۆ ئینسانکوژی.
ئەگەر لە دوو ساڵی ڕابوردوودا بۆ بەرگری لە کۆبانی و کانتۆنەکان، بۆ ڕسوا کردنی سیاسەتی دەوڵەتە ناوچەی و جیهانیەکان دەچوینە بەردەم سەفارەتەکان و فڕۆکەخانەکان، ئەگەر لەبەر باران و بەسەرما ناوەندی پایتەختەکانی جیهانمان دەهەژاند، ئەگەر دژی پیلانە ناوخۆی و دەرەکیەکان دەنگمان هەڵدەبڕی.
ئەوا ئێستا جارێکی تر و بە شێوەیەکی تر، پیلانی گەوەرەی ناوخۆی و ناوچەی و جیهانی بۆ لەباربردن و لە مەنگەنەدانی ئەم دەسکەوتانە لە ڕۆژئاوا لە ئارادایە، پاشەکشەکردن بەم دەسکەوتانە لە ڕۆژئاوا بۆ هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەبێت جێگای ڕاوەشاندن و هەڵوێستەی جدی بێت، هێرش بۆ سەر کۆبانی و ڕۆژئاوا کۆتایی نەهاتووە، شمسێر و خەنجەری خوێناوی داعش نەچۆتەوە کێلان، پیلانە ناوچەی و ناوخۆیەکان سەریان بەرز کردۆتەوە و بە گەمارۆدانی جۆرا و جۆر دەیانەوێت ڕۆژئاوا و دەسکەتە ئینسانی و مەدەنیەکانی بخنکێنن.
ئەم کەمپینە و داواکاریەکەی هەرچەندە هەنگاوێکی قورسە بەڵام بەرپرسیاریەتێکی سیاسی و ئینسانی و مێژوویە، ئەگەر نەتوانین جەنگاوەری مەیدانەکانی شەڕبین لە ڕۆژئاوا بەهەر هۆکارێک، دەتوانین بەهاوکاریەک کە جێگایەکی شیاوبگرێت، هەرچەندە  لە ڕووی ئابوریەوە گوشارمان لەسەر دروست بکات، دەتوانین وەک هەنگاوێک و لەم گۆشەیەوە وەلامێکی کارسازبدەینەوە بەپیلان و ئامانجە ڕەشەکان.
ئەم کەمپینە بۆ ئافەرین و دەستخۆشی نیە، هەر ئازیزێک دەتوانێت ئەم کارە بکات دەتوانێت، خۆی ناوی خۆی ڕابگەیەنێت و بەهەر شێوەیەک بۆی گونجاوە کۆمەکەکەی بگەیەنێتە جێگای مەبەست، ڕاگەیاندنی ناو لە لایەن هەرکەسێکەوە بۆ فەزڵفرۆشتن نابێت بەڵکو بۆ چوونە پێشەوە و بەخشینی زیاتری کۆمەک دەبێت.
ئەم کەمپینە بۆ دەرەوە گونجاوە بەهۆی ئەو قەیرانە زۆرانەی یەخەی خەڵکی کوردستانی گرتووە، ئەم کەمپینە دەتوانێت خشتێکی بچووکی ئەپارتمانی بەرگری و پاراستنی بەشێک لەو دەسکەوتە پێشکەوتوخواز و مەدەنیانە بێت کە لە ڕۆژئاوا هاتونەتە بەرهەم.
هیوادارم کە بتوانن لەم کەمپینەدا بەشداربن.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو ئازیزان
هیدایەت مەلا عەلی

به‌روار:  28/04/2016
1607   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   638
کۆی سه‌ردان:   29233990