پۆلیسی بەلجیکا منداڵێکی دوو ساڵانەی کورد دەکوژێ لەناو ئوتومبێلێکی پەنابەران
خەڵک-

شەوی ڕابردوو پۆلیسی بەلجیکا بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلێکی گومانلێکراو تەقەی کردووە و بەوھۆیەشەوە منداڵێکی تەمەن 2 ساڵانەی کورد لە نێو ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە.

ئاری جەلال، بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراق ڕایگەیاندووە: شەوی ڕابردوو 16 بۆ 2018/5/17، ئوتومبێلێکی پۆلیس لە ئەرکی ئاسایی خۆیدا لە رێگەی نامن بۆ بێرخن لەسەر ئۆتۆبانی E42، پاسێکی گۆمان لێکراو دەبینێت و هەوڵی راوەستاندنی دەدات. بەڵام ناتونێت رابگیرێت، هەر بۆیە داوای هاوکاری زیاتری ئۆتۆمبیلی پۆلیس دەکات و لە دوای 2 کاتژمێر هەوڵدان بۆ راگرتنی پاسەکە لە ناوچەی میسێرە لە بەلجیکا، پۆلیسەکان بە ناچاری تەقەی لێ دەکەن و ڕایدەگرن.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە: دوای پشکنینی ئۆتۆمبیلەکە دەرکەوتووە 26 سەرنشینی تێدایە کە سەرجەمیان پەنابەر بوون، لە نێو ئەواندا 4 منداڵی کورد ھەن و دەستگیر کراون.

ئاری جەلال ئاماژە بەوە دەکات، بەداخەوە یەکێک لە منداڵەکان كچێکی تەمەن 2 ساڵەیە، باری تەندروستی زۆر خراپ بووە و تا گەیشتنی ئامبۆڵانس گیانی لەدەستداوە. بە وتەی پۆلیس گومانی ئەوە کراوە گوایە ئەم منداڵە بە تەقەی پۆلیس گیانی لە دەست دابێت، بەڵام لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە پاشماوەی فیشەک لە سەر جەستەی منداڵەکە بەدی ناکرێت.

ھەروەھا دەڵێت: بە پێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی بەلجیکا دایکی ئەو منداڵە سەلامەتە و باوکەکەی دیار نییە، سەرجەم ئەو کەسانەش لای پۆلیسی بەلجیکی دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەیسە بەردەوامە.

لە کۆتاییدا ھێمای بەوە کردووە: بەپی زانیارییە سەرەتاییەکان بەدەست ناوەندی هەواڵگریی فیدراسیۆنی پەنابەران کەوتووە، ئەو منداڵە تەمەن دوو ساڵەی گیانی لەدەستداوە کچە و کوردە و پێشتر خێزانەکەی دانیشتووی قەزای ڕانیە بوون بەمەبەستی ژیانێکی باشتر و شایستە ویستوویانە بگەنە بەریتانیا.
به‌روار:  18/05/2018
783   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   826
کۆی سه‌ردان:   29234868