لەسەر ئاڵای پەکەکە پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ چالاکوانێکى ئەڵمانى دەکرێت
لە پیرۆزبایى ١ى ئایار (رۆژى جیهانیى کرێکاران) لە شارى فرایبۆرگی ئەڵمانیا ئاڵاى پەکەکە هەڵکرابوو، پۆلیس لەسەر هەڵکردنى ئەو ئاڵایە پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ چالاکوانێکى ئەڵمانى ئەنجام دەدات. ئەو کارەى پۆلیس تا ئێستا لە مێژووى ئەڵمانیادا رووى نەداوە.

بە بۆنەى ١ى ئایارەوە لە شارى فرایبۆرگى ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکى جەماوەری رێکخرا و دەستەیەک لە چەپەکانى ئەڵمانیا بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەى ئازادیى کورد، ئاڵاکانى پەکەکە، یەپەگە و پەیەدەیان بەرزکردەوە. پۆلیسى هێرشى کردە سەر ئەو چالاکوانانە و یەکێک لە چالاکوانەکان ئاڵایەکى گەورەى پەکەکەى بە بینایەکەدا هەڵواسیبوو و لەسەر ئەو کارەشی بۆ ماوەیەک لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

بەشی ئەڵمانیى ئاژانسى هەواڵى فوارت (ANF) بڵاویکردووەتەوە، ئێستا داواکاری گشتی بڕیاریداوە پشکنینى دى ئێن ئەی (DNA) بۆ ئەو چالاکوانە ئەنجام بدرێت. ئەوە یەکەمجارە لە مێژووى ئەڵمانیدا لەسەر دۆزێکى سیاسی پشکنینى دی ئێن ئەی بۆ کەسێک ئەنجام دەدرێت. بڕیارە سبەی ١٨ى ئایار / ٢٧ى گوڵان ئەو چالاکوانە بڕوات بۆ بنکەى پۆلیس و پشکنینى دى ئێن ئەى ئەنجام بدات. ئەوە  بڕیارەى داواکاری گشتی ناڕەزایەتیى لێکەوتەوە.

ئانا فورمان وتەبێژى رێکخراوى هاوکاریى سوور (Roten Hilfe) لە شارى فرایبۆرگ رایگەیاند، بڕیارەکەى داواکارى گشتی بۆ گۆشەگیرکردن و پەراوێزخستنى گروپە چەپەکانى ئەڵمانیایە و وتی "جێگەى شەرمەزارییە، کە هاوشێوەى گوشارەکانى رژێمەکەى ئەردۆغان بەرامبەر بە کورد، لە ئەڵمانیاش ئەو گوشارانە بەڕێوەبچێت".

"هێرشە بۆ سەر مافى هاووڵاتیبوون"

فورمان راشیگەیاند، پشکینیى دى ئێن ئەی بۆ لێکۆڵینەوەى سیاسی، هێرشە لە دژى پارێزگاریکردن لە زانیارییە تایبەتەکانى ژیانى تاکە کەسەکان و لەو بارەیەوە وتیشى "سەربارى ئەوەى کە تاوان، یان تاوانێکى ڕێکخراو ئەنجام نەدراوە، بۆ ئێمە جێگەى سەرنجە، کە هەڤاڵێکمان تەنها لەسەر بەرزکردنەوە و هەڵکردنى ئاڵاى پەکەکە، کارێکى لەو شێوەیە بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، چونکا لە لێکۆڵینەوەى سیاسیدا، تۆمارکردنى زانیارییە کەسییەکان، پێشێلکردنى مافى هاووڵاتیبوونە".

ئانا فورمان داواى لە هەموان کرد، سبەى رۆژى ١٨ى ئایار لە کاتژمێر ١٣.٠٠دا لە بەردەم بنکەى پۆلیسی (Polizeirevier Sued) کۆببنەوە بۆ ئەوەى خۆپیشاندانێکى ناڕەزایەتى لە دژى ئەو کارەى پۆلیس ئەنجام بدرێت

فورات نیوز
به‌روار:  17/05/2018
504   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   839
کۆی سه‌ردان:   29255422