شانۆگەری میرات.. ( A Play Inheritance)


نووسینی: جەلال قادر
{قەرەوێڵەیەک لە گۆشەی تەختەی شانۆ. گۆزەیەک لەسەر مێزێک دانراوە،کورسیەک لەنێوان مێزەکە و  پەنجەرەیەکدایە }
ئەکتەرەکان ( نووسەر. پیاوکوژ)

نووسەر: باشە براکەم خۆتدەزانی تازە لەفڕۆکەخانە دابەزیوم و ماندووم. هەروەک جاران یەک دووشەو لەباخەکەم پشوو دەدەم.(هەلوێستەیەک).
سبەینێ یەکتر دەبینین… بەلێ ئەمجارە سەفەرەکەم بۆ یەک مانگ دەبێت و زۆرتر یەکتر دەبینین.
ئەمجارەیان بەبەردێک دوو چۆلەکە دەکوژم. یەک میراتەکەم وەردەگرم، دوو کتێبەکەم چاپدەکەم.
ئای غەریبی چەند ناخۆشە. مرۆڤ تا نەگەڕێتەوە نیشتمان نازانێت چ گەنجینەیەکی جێهێشتووە.
(پێکێ ویسکی و جگەرەکێشان. کردنەوەی لاپتابەکەی)
هەرچەندە هاوڕێکانم وتیان با کتێبەکە لە حیسابی دەزگاکان چاپکەین، لێ من قەبووڵم نەکرد.
لە خارجەوە هاتووم و پارەم هەیە و بۆ خۆم چاپی دەکەم.
ئای کە ماندووم؛ دەترسم ئێستا دوشبگرم و خەوم بڕەوێتەوە، وا چاکترە سبەینێ خۆم بشۆم، پاشان قەیماخ و کولێرەی گەرم بکڕم و بچمە ماڵی برام.
(بەدەم خەواڵووەوە...لەسەر قەرەوێڵەکەی ڕادەکشێ؛ گوێی لە خشپە خشپێک دەبێت. گۆزەکە لەسەر مێزەکە هەڵدەگرێ. دزێک بە دەمانچەوە دێتە ژوورەوە. گۆزەکە دەداتە پشتی سەری و بەریدەداتەوە)

تاریکی


{ دزەکە بە کورسسیەکەوە بەستراوەتەوە }
نووسەر- گیرفانی دزەکە دەپشکنێ و ناسنامەکەی دەخوێنێتەوە.

نووسەر : ئەمەیە نەگبەتی، لەگەڵ یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەم دزێک پێشوازییم لێدەکات.
سەیرکەن گەنجیشە؛ وادیارە لەبەر بێکاری و برسیەتی دزی دەکات. نا باوەڕ ناکەم ئەوەی دزی لە خوێنیا نەبێت ناتوانێت دزی بکات.
باشە چۆن ئەم شوێنەی دۆزیەوە؟ چۆن زانیویەتی من لێرەم؟
(هەلوێستەیەک)
(دزەکە بە ئاگا دێتەوە)
دز: ئەوە بۆ بەستراومەتەوە؟؟
نووسەر: پێدەکەنێ...
دز: باشترە تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەیت.
نووسەر : چەند بێ منەتە؛ تەلەفۆن ناکەم، دەمەوێت بزانم تۆ کێیت و چۆن ئێرەت دۆزیوەتەوە؟ هاتووی دزی لەمن بکەیت.
دز: برسیم بوو…
نووسەر: ئەی ئەم دەمانچەیە بۆ لەگیرفانتایە؟
دز : لەترسی ژیانی خۆم.
نووسەر: ڕاستییەکەی بڵێ!
دز : بەڵێ هاتووم بۆ دزی...پێویستم بەپارەیە.
نووسەر: پارەی ژەمێک خواردن یان زۆرتر؟
دز : زۆرتر، دەمەوێت دەرچم لەم وڵاتە.
نووسەر: منیش بەسەفەر گەڕاومەتەوە ئەم وڵاتە! (سەرسووڕمان).
دز: گەر پام لە خارج گیربێت، هەرگیز ناگەڕێمەوە ئەم کاولبووە.
نووسەر: بێزارییت؟؟
دز : ئەم دزیەش هۆیەکە لە بێزاربوونم.
نووسەر : پێمبڵێ تۆ من دەناسیت؟ 
دز : نەخێر…
نووسەر : ئەی چۆن هاتووی بۆ ئەم باخە؟
(بێدەنگی)
ڕاستم پێبڵێ یارمەتیت دەدەم، ئەگینا، پێشئەوەی بتدەم بەدەست پۆلیس دارکارییەکی باشتدەکەم.
(نووسەر تووڕەیە)
ئەمە یەکەمینجارە دزی دەکەیت؟
دز: بەمنداڵی هەندێک وردە دزیم کردووە، بەڵام لەم تەمەنە یەکەمینجارە...ئەگەر لێم خۆشبیت بەڵێن دەدەم ، هەرگیز ئەم کارە دووبارە نەکەمەوە.
نووسەر: تۆبەی گوورگ مەرگە؛ باوەڕناکەم.
دز: بەچی باوەڕدەکەی؟ تا سوێندت بۆ بخۆم.
نووسەر: دەمەوێت بزانم تۆ کێیت و لە کوێ دەژیت؟
دز: ناوێرم پێتبڵێم لەگەڕەک ئابڕووم دەچێت.
نووسەر: ئەگەر لە ئابڕووت بترسیتایە دزیت نەدەکرد.
دز: من دز نیم؛ ئەگەر لەبەر خارج نەبوایە هەرگیز بیرم لەم کارە نەدەکردەوە..
نووسەر: لەبەر خارج ئامادەی پیاو بکوژی؟
دز : ناچارم...زانکۆم تەواو کردووە و لە هیچ شوێنێک دەنەمەزراووم...دەبێت ڕەشوە بدەم ..لە نیوەی مووچەکەم خۆشبم. ئینجا دامدەمەزرێنن.
نووسەر: ئنجا کەست نەدۆزیەوە منی نەگبەت نەبێت؟باوەڕکە دوو سەد دۆلار لە گیرفانمایە...بەس من گوومانم هەیە کە تۆ من دەناسیت و بە تایبەت هاتووی بۆ کوشتنم.
دز: تۆ ناناسم..بۆ تۆ ئەوەندە بەناوبانگیت؟
نووسەر : من نووسەرم، ئەگەر ناونیشانی کتێبەکانمت پێتبڵێم دەمناسیتەوە.
دز: من کتێب ناخوێنمەوە
دز: ( پێکەنین) نووسەروڕۆشنبیرەکان دزی دەرەجە یەکن…
نووسەر: سەرم سووڕماوە نازانم چی لەتۆ بکەم؟!
دز: لەم سەردەمەش بەس ناوی گۆرانی بێژەکان دەزانم.
نووسەر: تۆ قوتابی زانکۆ بوویت و یەک کتێبی ئەدەبیت نەخوێندۆتەوە؟
دز: نەخێر؛ لەم مەملەکەتە جەنگ بەدوای جەنگە بەردەوامە، بێ هیوادەژین...چیمان لە کتێب خوێندنەوە داوە.
نووسەر : ئەم قسە زلانە دەزانیت...واباشترە خۆتم پێ بناسێنیت؟
دز : من برسی و تینوومە، قوومێ ئاوم بەرێ، دواجار بۆ خۆت چی بڕیاردەدەی بیدە. دەمدەی بەدەست پۆلیس یان ئازادم دەکەی…
نووسەر: ئازادت ناکەم..
دز : بیستوومە نووسەرەکان مهرەبانن.ئەوەنییە گەڕاویتەتەوە بۆ نیشتمان ودڵت پێمان دەسووتێ.
نووسەر: نیشتیمان….
دز: ئەی بۆچی گەڕاویتەتەوە؟ بۆ ژنهێنان...
نووسەر: نەخێر؛ ڕۆمانێکم نووسیوەتەوە دەمەوێ چاپی کەم.
دز: قسەیەکت پێبڵێم پێتناخۆش نابێت؟
نووسەر: فەرموو..
دز: تووخوا پارەی ئەو چاپە بدەیت بەمن باشترنییە؟  لەم وڵاتە کەس کتێب ناخوێنێتەوە.
نووسەر: نا وانییە..تۆ ناخوێنیتەوە...خەڵکێک هەن دەخوێننەوە.
دز: دەپێمبڵێ چیرۆکەکەت باسی چیدەکات؟
نووسەر: باسی دزێکی وەک تۆ دەکات.
دز : ئنجا من نایخوێنمەوە…(بەپێکەنینەوە).
نووسەر: گالتەم پێدەکەی؟
دز: نەخێر گاڵتە ناکەم؛ چونکە لەم وڵاتە ئەوەندەمان دز هەیە هەتا خوا دەڵێت بەس. ڕۆژانە لەبەرچاومان دزی دەکەن...ناوێرین فزەبکەین.
نووسەر: تۆش دزێکی سیاسیت.
دز : نا ئەمە شتێکی ئاشکرایە، جاران دیکتاتۆرێک هەبوو دەیکوشتین. ئێستا سەدان مافیا هەیە بەخەفەت دەمانکوژن.
نووسەر: ئەم قسە زلانە دەزانی و دزیش دەکەیت؟
دز :  پێموتی ..من دزی دەکەم تا لەم وڵاتە رزگارم بێت.
نووسەر: هەی گەمژە، نابێت دزی بکەیت..نازانم، چیتلێبکەم.
دز: ئازادم کە…
نووسەر: بەس ؛ باسی ئازادی مەکە.
دز : ئازادم کە، بەڵێن بێت هەرچی کتێبت چاپکردووە دەیخوێنمەوە.
نووسەر: مەیکڕە، بیدزە.
دز: نا نا، باوی کتێب دزین نەماوە. ئێستا سەردەمی ئاودیوکردنە.
نووسەر: دیسان ڕادەبوێری؟
دز : نەخێر، بەس بەڕێزتان ئەوەندە بەناوبانگن..لەم نیشتیمانە ماڵێک نەبوو میوانداریت بکەن. لەم باخە نەبێت؟
نووسەر: نامەوێت کەس ئەزیەت دەم.
دز : دەڵێن ئەم خارجیانە سپۆرتن…(پێکەنین)
نووسەر: بەسە زمان درێژی.
دز: ئەی باشە ماڵی برا و خوشک، دایک ..باوک کەسێک نەبوو….؟
نووسەر: دایک و باوکم ئێوە خۆش، یەک براو خوشکێکم هەیە.
دز: خوا لێکتان نەکات. منیش یەک برا و خوشکێکم هەیە.
نووسەر: ئۆی لەو درۆیە.
دز؛ هەقتە باوەڕنەکەی، من لەگەڕەکی ئیسکان دەژیم هەموو کەس دەمناسێت.
نووسەر: ئەی لەگەڕەکی شۆڕجە کەس دەناسیت؟
دز: شۆڕجە؟ (بیرکردنەوە)
نووسەر: براکەم لە ناو بازاڕ دوکانی دەڵاڵی هەیە.
دز: دەڵاڵ..خانووبەرە..
نووسەر: کەس دەناسیت لەناوبازار نزیک ئەحمەئاغا؟
دز: ها..نازانم..تۆ برات هەیە لەناو بازار..دەڵاڵی پاسکیل و سەیارە و خانووبەرە زۆرن.
نووسەر: (قوومێک ئاودەدات بە دزەکە)
دزەکە: وتت میرات وەردەگریت؟
نووسەر: بۆ حەزدەکەی بزانیت؛ نزیکی بیست سی دەفتەرە لەنێوان من و خوشک و براکەم بەشی دەکەین.
دز: ئەگەر سی دەفتەربێت..تۆ نزیک سیانزە دەفتەرت بەردەکەوێت،  ئیتر قەپاتی بۆخۆت، خوشکەکەشت کەمتری بەردەکەوێت.
نووسەر: وانییە؛ من داوام لەبراکەم کرد کە بە یەیەکسانی بەشیکەین، بەڵام خوشکەکەم ڕازی نەبوو، وتی من لە شەریعەتی ئیسلام لانادەم.
دز: دونیا پڕ لە تەماحە، بەس مێشکی خوشکەکەتیان باش شۆریوەتەوە، ژن نیوە ئینسانە!.
نووسەر: تۆش ئەگەر بەپێی ئیسلام بێت دەبێت قۆڵت ببڕمەوە.
دز: لەخوا بەزیاد بێت نووسەرەکان کاری واناکەن.
نووسەر: واز لە قسەی زل ناهێنیت.
دز: دڵنیام ئازادم دەکەیت.
نووسەر: نەخێر دەتدەمە دەست پۆلیس...تا بە سزای خۆت بگەیت.
دز: بۆ خۆت باشترە ئازادم کەیت!.
نووسەر: (رووی دەمانچەکەی لێدەکات) مەبەستت چییە؟
دز: چی دەکەیت؟ دەزانی دەمانچەکە فیشەکی تیا نییە!.
نووسەر: (تاقیدەکاتەوە)...کەواتە تۆ نەتویستووە من بکوژی؟
دز: خوا دەزانێت!.
نووسەر: ڕاستیم پێبڵێ!.
دز : ویستم بتترسێنم و پارەکەت بەرم.
نووسەر: ( قاچ و دەستی دزەکە دەکاتەوە) تۆ دزێكی بەڕەحمی!.
دز: خوا دەزانێت!
نووسەر: بڕۆ دەرەوە..نامەوێت بتناسم.
[ لەناکاو دزەکە چەقۆیەک لە ملی نووسەرەکە گیردەکات]
نووسەر: دەتەوێت بمکوژی؟ بۆ دوو سەد دۆلار؟!
دز: (پێکەنین) دوو دەفتەر نەک دووسەد دۆلار.
نووسەر: دوو دەفتەر… با میراتەکە وەرگرم.
دز: بەخوا نووسەرێکی گەمژەی؛ من بەدیار تۆ دانیشم تا میراتەکەت وەردەگری..تۆ وادەزانی ئەوەی نەخوێنێتەوە گەمژەیە.
نووسەر: ئاخر من تێناگەم بۆ دەبێت من بکوژیت..دڵنیام حزبێک لایەئەنێک تۆیان ناردووە بۆ کوشتنم...بەرمدە من کەسێکی نیشتیمان پەروەرم.
دز: (پێکەنین) نیشتیمان بۆ ئەوکەسانەیە کە سەفتەی دەکەن...پێمووتی من لە دەست ئەم نیشتیمانە ڕادەکەم و بێزارم..تۆ هێشتا نازانیت لەناخی مرۆڤەکان چیدەگووزەرێت؟!.
نووسەر: چی دەگووزەرێ...دەتەوێت تاوانێک بکەیت لەبەرئەوەی بێزاریت.. دەتەوێت مرۆڤێک بکوژی بۆ ئەوەی بگەیت بە ئەوروپا.
دز: تۆ تێناگەیت…(چەقۆکە تووندتر دەکات).
نووسەر: تێمگەیەنە...کێشەکەت چیە..پارەیە..هەموو سەروەتی خۆمت دەدەمێ!.
دز: نەخێر...کێشەکە براکەتە.
نووسەر: برا….
دز: بەڵێ. براکەت منی ناردووە تا بتکوژم.
نووسەر: (سەرلێشێواو) باوەڕناکەم.
دز: ڕاستیەکەی من نەمزانی ئەوەی منی ناردووە براکەت بووە...تا  خۆت پێناساندم و وتت برام هەیە دەڵاڵە لە ناو بازاڕ..پاشان ڕەنگتان بەیەکتر دەچێیت.
نووسەر: دەتۆ بەرمدە...شێتم مەکە...وێنەی براکەم لەناو موبایلەکەم هەیە و پێت پیشاندەدەم...ئەگەر خۆی بوو، خۆم بۆت ڕادەکشێم و بمکووژە.
(دزەکە ئازادی دەکات و سەیری وێنەی ناو موبایلەکە دەکەن)
دز: خۆیەتی و مەکتەبەکەشی ناوی (برایەتی)یە..
نووسەر: باوەڕ ناکەم..بۆ دەبێت بمکووژێ؟!
دز: دەڵێم لە گوێی گایا نووستووی..
نووسەر: خۆزگە، بمردمایە بەڵام ئەم  کردەوەیەم لە خێزانەکەمان نەدیبایە...تۆ دڵنیایت، براکەم تۆی ناردووە.
دز: بەڵێ (شەماڵ)ی برات منی ناردوە، و وتی: کەسێک هەیە کات خۆی پارەی خواردووم، لە فڵانە باخە و بڕۆ بیکوژە دوو دەفتەرت دەدەمێ. ئیتر سەرم مەیەشێنە...منیش بەرگەی ئەم ڕووداوە ناگرم، برا برا بکوژێ!!
( دز ڕادەکاتە دەرەوە).
نووسەر: وەرە بۆ کوێ دەرۆی ..من بەرگەی ئەم ڕووداوە ناگرم...نا نامەڕۆ بەتەنیا جێم مەهێڵە...هەموو شتەکان با وەک جارانی لێبێتەوە...بگەڕێوە توانای ژیانم نەماوە.

تێبینی:
بۆ نمایشکردنی ئەم دەقە شانۆییە، تکایە پەیوەندی بە نووسەرەوە بکەن.








به‌روار:  17/05/2018
553   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   165
کۆی سه‌ردان:   29237355