ساڵیادی شەهیدانی سێدارە
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

هەشت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر لەسێدارەدانی پێنج زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوینی تاران، کە بە شەهیدانی ٩ی گوڵان یان شەهیدانی سێدارە ناسراون و تا ئێستا تەرمەکانیان، نە ڕادەستی خانەوادەکانیان کراوەتەوە و نە دەشزاندرێ لەکوێ نێژراون.

 

بەرەبەیانیی ڕۆژی ٩ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠، پێش هەڵهاتنی خۆر، لەکاتێکدا دۆخی ئێران لەپاش خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ هێشتا ئاڵۆز بوو، پێنج زیندانی بەناوەکانی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مهدی ئیسلامیان بەنهێنی و بەبێ ئەوەی بە خانەوادە و پارێزەرەکانیان ڕابگەیەندرێت، لە زیندانی ئەوینی تاران لە سێدارەدران.

 

فەرزاد کەمانگەر ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئاسک بوو، هەروەها بە نازناوی "سیامەند"ەوە لە گۆڤاری ڕۆیان بابەتی دەنووسی، هاوکات چالاکوانێکی ناسراوی مافی ژنان بوو، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٦دا لە تارانی پایتەخت لەگەڵ دووان لە هاوڕێکانی دەستگیرکرا، لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

نامەکانی زیندانی فەرزاد کەمانگەر، ناوی ئەو مامۆستا کوردەی خستە ناو مێژووی ئەدەبیاتی فارسییەوە، لەلایەکی دیکەوە لەپاش لەسێدارەدانی، ڕای گشتیی ئێرانیی و کوردستان ڕۆژی ٩ی ئایاری بە ڕۆژی مامۆستا ناونا.

 

شیرین عەلەمهولی، لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١، لە گوندی دیم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبوو، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨دا لە تاران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا، لە ٢٥ ڕۆژی سەرەتای دەستگیرکردنیدا لە شوێنێکی نادیار بە توندوتیژترین شێوە ئەشکەنجەدرا، پاشان نێردرا بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوینی تاران، شەش مانگ دواتر گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەو زیندانە، لە ڕۆژی ١٩ی ١٢/ ٢٠٠٩ دادگای شۆڕشی تاران بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، سەرئەنجام لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ سزای سێدارەکەی جێبەجێکرا.

 

فەرهاد وەکیلی، لەدایکبووی شاری سنە و باوکی سێ منداڵ بوو، جێگری پێشووی فەرمانگەی کشتوکاڵی شاری سنە بوو، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٧دا لە سنە دەستگیرکرا و چەندین مانگ لە زیندانەکانی سنە، کرماشان و تاراندا ئەشکەنجە درا، وەکیلی لە نامەیەکدا کە لە زینداندا نووسییەتی دەڵێت: لە داداگاییەک-دا کە تەنیا ١٠ خولەکی خایەند سزای سێدارەم بەسەردا سەپێندرا.

 

عەلی حەیدەریان، لەدایکبووی شاری سنە، هاوکات لەگەڵ فەرهاد وەکیلی دەستگیرکرا و چەند مانگێک دوای دەستگیرکردن بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پژاک، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

مهدی ئیسلامیان، لەدایکبووی شاری شیرازی ئێران بوو، هاوکات لەگەڵ چوار زیندانی سیاسیی کورد لە هەمان ڕۆژدا لە سێدارەدرا، مهدی ئیسلامیان بەتۆمەتی هاوکاریکردنی براکەی موحسین ئیسلامیان بۆ چوونە دەرەوە لە ئێران سزادرا.

 

ئەمڕۆ هەشتەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی ئەو پێنج زیندانییەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا حکومەتی ئێران نە تەرمەکانی ڕادەستی خانەوادەکان کردووەتەوە و نە پێشی ڕاگەیاندوون، کە ئەو زیندانیانە لە کوێ بە خاک سپێردراون.

 

یەکێک لە سیاسەتە چاوەڕوانکراوەکانی حکومەتی ئێران لەو کاتانەدا، کە دەکەوێتە قەیرانەوە، تۆقاندنی خەڵک لە ڕێگەی کوشتن وبڕین و سێدارە و زیندانییکردنەوە، مێژوو سەلماندوویەتی حکومەتی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی ئەو سیاسەتانە بەکاردێنێت.

 

پاش ئەوەی حزبی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا گرت و توانی بە هاندانی خەڵک بۆ بەرەکانی جەنگی سنوورەکانی عێراق و کوردستان جێگەی خۆی مسۆگربکات، بۆ جێگیرترکردنی پێگەی دەسەڵاتدارییەکەی کۆمەڵکوژیی زیندانیانیی سیاسیی و بەتایبەتی زیندانییە چەپەکان و کوردەکانی دەستپێکرد، حکومەتی ئێران لە یەکەم شەپۆلی کوشتارەکانیدا لە ماوەی سێ مانگ لە ساڵی ١٩٨٨دا زیاتر لە ٢٠ هەزار زیندانیی چەپ و کوردی لە سێدارەدا.

 

پاش ئەوەی چالاکوان و زیندانییە سیاسییەکانی لەسەر ڕێگای لابرد، دەستیکرد بە کۆمەڵکوژکردنی ڕۆشنبیران، لە ساڵەکانی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٨ دا زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووس، شاعیر، نووسەر، ڕۆشنبیر و وەرگێڕ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێرانەوە، بەبێ دادگایی ڕفێندران و دواتر تەرمە ئەشکەنجەدراوەکانیان دۆزرانەوە، ئەو شەپۆلە لە کوشتارە بە کوشتاری خوێندکارانی زانکۆی تاران لە ساڵی ١٩٩٩دا کۆتایی پێهات، کە لەدژی کوشتاری ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووساندا ڕژابوونە سەر شەقامەکان.

 

حکومەتی ئیسلامیی ئێران بەو شێوەیە لە ڕێگای چاوترسێنکردن و تۆقاندنەوە پێی نایە سێیەم ١٠ساڵی حکومەتەکەیەوە، سێیەم شەپۆلی کوشتاری حکومەتی ئێران بۆ تێپەڕکردنی قەیرانێکی سیاسیی بوو، کە پاش خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ تێیکەوتبوو، حکومەت لەلایەن زۆرینەی خەڵکی ئێرانەوە ڕوایەتیی لەدەستدابوو و ناڕەزاییەکان نزیکەی ساڵێکیان خایەند، بۆ ئەوەش لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئیحسان فەتاحیان، زیندانی سیاسیی کورد و پاشان لە ساڵی ٢٠١٠دا فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مهدی ئیسلامیانی لە سێدارەدا.

 

لەم دواییانەدا، بەهۆی سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی حکومەتی ئێران، حکومەت جارێکی دیکە، ئەم جار قووڵتر لە هەموو جارەکانی پێشوو ڕەوایەتی خۆی لەدەستدا، سیاسەتە سواوەکەی حکومەت دیسان هاتە ئاراوە و لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهیی کرایە ڕۆژەڤ، هەرچەند بەهۆی ناڕەزاییە گشتییەکانی گەلانی ئێران و ڕای گشتیی جیهانیی سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی دواخرا، بەڵام هێشتا مەترسیی لە سێدارەدانی لە گۆڕێدایە و پێدەچێت حکومەتی ئێران بیەوێت گەنجێکی دیکەی کورد بکاتە قوربانی بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتدارییە دیکتاتۆرییەکەی.

 
به‌روار:  11/05/2018
921   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   380
کۆی سه‌ردان:   29232058