پۆلیس ڕێ بە بانگدان لە مزگەوتی ڤێکخۆ دەدات
دامەزراوەی موسوڵمانانی ڤێکخۆ ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسەوە ڕێیان پێ درا ڕۆژانی هەینی بانگ بدەن.

عەبدی ئیسلامی وتەبێژی دامەزراوەی موسوڵمانانی ڤێکخۆ دەڵێت ئەم بڕیارە تەنها بۆ موسوڵمانان گرنگ نییە بەڵکە بۆ هەموو کۆمەڵگەی سویدی، لەبەرئەوەی ئەمە ئاماژەیە بە ففرەکلتوری و دیموکراتییەت لە ڤێکخۆ.

بەپێی ئەو بڕیارەی پۆلیس، مزگەوتی ڤێکخۆ(Växjö) لە گەڕەکی (Araby) لە ڕۆژانی هەینی لە هاویندا لە نێوان کاتژمێر (13-13,45) و لە هاویندا کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ  بۆیان هەیە بۆ ماوەی سێ دەقیقە بانگ بدەن.

 بەڵام بەو مەرجەی ئاستی دەنگی بانگدانەکە لە نێو ماڵ و فێرگەی ئەو گەڕەکەدا لە 45 دێسیبل تێپەڕ نەکات واتا هێندەی ئاستی دەنگەدەنگی نێو فەرمانگەیەک، لە دەرەوەی ئەو شوێنانەش لە 110 دێسیبل زیاتر نەبێت واتا هێندەی دەنگی ئامێرێکی درێل کە بۆ هەڵکەندنی ڕێگاوبان بەکار دێت. جگە لەوەش ئەویش بۆ لەبەرچاوگرتنی پاراستنی بێدەنگی لە نێو ئەو ماڵ و فێرگانەی لە دەورووبەری مزگەوتەکەدان. 

جێی ئاماژەیە پۆلیس پێشتر سکاڵای لەسەر ئەو مزگەوتە تۆمار کردبوو بەهۆی ئەوەی کە بێمۆڵەت چەند جارێک بانگیان دابوو، دواتر و هەر لە مانگی مارسی ڕابوردوودا بوو ئەو مزگەوتە داوای مۆڵەتی بانگدانیان نارد بۆ پۆلیس. 

بەڵام بانگدان لەو مزگەوتەوە ڕەخنە و کاردانەوەی نێگەتیڤی لێ کەوتۆتەوە، بۆ نموونە ئەمڕۆ کە هەواڵی مۆلەتپێدانی بانگدانەکە بڵاو بۆوە نووسینگەی ژینگە لە ڤیکخۆ سەدها نامەی ئەلەکترۆنیان پێگەشتووە کە سکاڵا دەکەن، کاتێک قەشە فڕێدریک مۆدێوس لە ڤێکخۆ لە فەیسبووکەکەی پێشوازی لە بڕیارەکەی پۆلیس کردووە چەندین جنێو و ناڕەزایی لە کۆمینتدا بۆ هاتووە.

هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤێکخۆ ئاننا تێنیە لە سەر لیسی مۆدێرات دەڵێت بانگدان دەبێتە هۆی لێکترازانی کۆمەڵگە و لەبری پێشخستنی هاوگونجی و نزیککردنەوەی گرووپەکانی کۆمەڵگە لەیەک دەبێتە هۆی نانەوەی ناکۆکیی زیاتر.

ئاننا تێنییە دەڵێت گەر کڵێسای سویدیش لە ڕێی بڵندگۆوە بانگەواز بۆ پەیامی خودا بکات من دژ بەوەش دەوەستم لەبەرئەوەی من لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی سێکیولاردام، تێنییە دەڵێت.  

بەگشتی، سیاسەتمەدارانی سوید لەسەر ئەم پرسە ناکۆکن، بۆ نموونە سەرۆکی پارتی مەسیحییەدیموکراتەکان ئێببا بۆش تور داوای لە ئەندامانی کرد دژ بە بانگدان لە مزگەوتەکانەوە دەنگ بدەن. سەرۆکی پارتی مۆدێراتەکانیش سەبارەت بە مۆەڵەتی بانگدان بەگومانە.

بەڵام سەرۆکوەزیران ستێفان لۆڤێن لە سۆسیالدیموکراتەکان، ژینگە و پارتی چەپ پێیان وایە ئەم  پرسە دەبێت لەلایەن کۆمۆنەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

پرسی بانگدان لە سویددا جێی گفتوگۆ و پرسیاری زۆرە، بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی (Sifo) کە لە مانگی مارسی ڕابوردوودا لەسەر داوای تەلەفزیۆنی (Tv4) ئەنجام درا لەسەدا 60 ی هاوڵاتییان لەگەڵ قەدەغەکردنی بانگدانن و لەسەدا 21 لەگەڵ ڕێپێدانین.  

جێی ئاماژەیە تا ئێستا دوو مزگەوت لە سویددا مۆڵەتی بانگدانیان هەبووە مزگەوتی (Fittja) لە بۆتشیکرا و مزگەوتێک لە (Karlskrona).

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  08/05/2018
645   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   99
کۆی سه‌ردان:   29231334