بۆ 120 هەمین ساڵڕۆژیی رۆژنامەگەریی كوردی
مالمۆکورد


ئەمڕۆ تەمەنی رۆژنامەگەریی كوردی دەبێتە 120 ساڵ، ئەم ژمارەیە كەم نیە بۆ داهێنان و نوێخوازی و باشتركردنی گوزەرانی میدیاكاران، كەچی هێشتا وێڵین بەدوای پێناسێكی گونجاودا بۆ میدیاكەمان، هێشتا توێژی رۆژنامەنووسان لە هەژارترینەكانی كۆمەڵگەن، هێشتا میدیاكان لەبەرژەوەندی خاوەنەكانیان وەك بەرهەمی تایبەت و تاكەكەس بەكار دەهێنرێن..

*پێنج كەیسی تیرۆركردنی میدیاكاران بەكراوەیی ماونەتەوە.

*میدیاكار لە چەندین لاوەو بەچەندین شێواز دەچەوسێنرێتەوە.

*گرێبەستی كاركردن تەنها لەبەرژەوەندیی خاوەنكارە..

*زانیاری وەك پێویست بەدەست میدیاكار ناگات.

*پەیوەندی نێوان میدیاكارو هێزەكانی ناوخۆ دۆستانە نیە.

*موچە لەكاتی خۆیدا و بەدیاریكراوی ناگاتە گیرفانی میدیاكار.

*بڕی داشكێنراو لەموچەی میدیاكار هەڕەمەكیەو بە یاسا رێكنەخراوە.

*مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و جیاوازی لە دامەزراندن و كاركردندا هەیە.

*سەعاتەكانی كاركردن لەهەفتەدا لەستانداردی حیهانی زۆر زیاترن..

*ژنان و كچان لەژینگەو كەشوهەوایەكی میدیای نەگونجاودا كاردەكەن.

*هەڕەشەی دەركردن و نانبڕاو كردن مۆتەكەیەكە بەسەر میدیاكارەوە.

*نەبوونی یاسایەكی كاركردنی گشتگیر كە ماف و ئیمتیازانی میدیاكار بپارێزێت.

*میدیا لەهەندێك شوێندا وەك ئامێرێكی ئەشكەنجە لەجەستەی مێیینەدا كاردەكات.

*لەهەڵمەتەكەكانی هەڵبژاردندا هەندێك كەناڵ دەبنە كارتی تۆقاندنی كۆمەڵگە.

*تیمەكانی روماڵ هەڕەشەی هاووڵاتیانیش دەیانگرێتەوە.

*بژێوی قورسی ژیان وای كردوە هەندێك لەمیدیاكاران وەرزانە كەناڵەكان بگۆڕن.

*گوزەران وایكردوە هەندێك میدیاكار لەشوێنێكدا كار بكەن لەناخدا هاوجۆرو هاوئایدیا نەبن.

*هەڵمەتەكانی كەمكردنەوەو دەركردنی میدیاكاران لەكەناڵەكاندا بە میزاجی بەرپرسەكانە.

*كچانی میدیاكار لەهەندێ جێگادا لەبەردەم هەرەشەی جۆراوجۆردان.

*شەڕی دەروونی و برسی كردن لەكەناڵەكان هێشتا بەجۆرێك لەجۆرەكان هەیە.

*زۆرترین ژمارەی كەناڵمان هەیە بەڵام كەمترین فیدباك و كاریگەیی دروست دەكەن.

*لەدوای 120 ساڵ هێشتا خەون بەكەناڵێكی نیشتمانیەوە دەبینین.

*پەیامی میللەتێكمان بە كەرتكراوی و پچڕ پچڕ یش نەگەیاندوە بە دراوسێ و بێگانەكان.

*لەسەر ئەم هەسارەدا تاكە میللەتێكین میدیاكەمان تەنها بۆخۆمان بێت..

*مەسجی میدیای كوردی ناگاتە دەرەوەی بازنەیەكی داخراو و بچكۆلەی باشووری كوردستان..

*ناوەندە ئەكادیمیەكانی نەیانتوانیوە لەئاستێكی باڵادا میدیاكار دروست بكەن.

*سیستمی وەرگرتنی فێرخواز لە كۆلێژو ناوەندەكاندا پێویستە گۆڕانكاری تەواوی بەسەردا بێت.

*كاربكرێت بۆ دەرچوونی میدیا لەژێر چەترو هەیمەنەی حزب و سێبەری حزب و بازرگانانی میدیادا.

*كاری بەپەلەو بێ دواكەوتن بۆ جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی رۆژنامەنووسان بكرێت.

-بۆیە لەسەردەمێكی وەك ئەم سەردەمەدا، ناكرێت تەنها پیرۆزبایی بۆ بنەماڵەی بەدرخانیەكان بنێرین و ستایشی رۆڵی ئەوان بكەین، بەڵام گلەییەك لەخۆمان و دەزگاو كەناڵەكانمان نەكەین كە پاش سەدەیەك و بیست ساڵ میدیاكانمان لەم ئاستەدا بن..

هەموومان.. لەدوای تێپەڕبوونی 120 ساڵ پشكێكی ئەم كەمتەرخەمییەو ئەم گلەییانەمان بەردەكەوێت، بۆیە خۆمان بەكەمتەرخەم دەزانین لەئاست ئەو كەلێن و كەموكوڕییانەی كە میدیای كوردی ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنێت..

لەناو گێژداوی ئەم هەموو كێشەو قەیرانانەی میدیادا دەستمان لەسەر دڵمانە نەك لەسەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردندا میدیا ببێتە هۆكارێك بۆ تێكدانی یەكڕیزی نیشتمانی و كەتنێك لەدەستی بقەومێت، كە ئیتر نەتوانین رووی سووور بۆ میدیا بگەڕێنینەوە..

بۆیە ئێمە لە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان زۆر بە وردی و لەنزیكەوە چاودێری رەوشی میدیا و كارەكانی دەكەین و هەر لەم پێناوەشدا سەرجەم چالاكی و مەراسیمەكانی ئەم یادەمان دواخست بۆ وادەی دوای هەڵبژاردنەكان، تا لە ژینگەیەكی هێمن و بارێكی دەروونی جێگردا، سەرجەم چالاكیەكانی لقەكەمان بە زنجیرەیەك كۆڕو رێزلێنان و دیاریەوە بۆ كەناڵەكان و میدیاكاران  سازبكەین..

لێرەشدا سڵاوی بەئەمەك و وەفامان بۆ قوتابخانەی رۆژنامەوانانی سلێمانی و رابەری رۆژنامەگەریمان میر مقداد مەدحەت بەدرخان دەنێرین.

لقی سلێمانی

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

 

 

لقی سلێمانی پێشوازی لە میوانانی دەكات

سڵاوی كارو میدیا

هەروەك پێشتریش رامان گەیاندبوو سەرجەم چالاكی و دیدارو سیمنارەكانمان كە تایبەتن بە ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی كوردیەوە دوادەخەین بۆ پاش وادەی هەڵبژاردنەكانی مانگی مایس و بەهیواین لەكەشو هەوایەكی جێگرو هێورتردا خزمەت بە میدیاكاران و كەناڵەكانیان بكەین..

بۆیە بەبۆنەی یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیەوە كە هاوزەمان 22/4/2018 یەك شەممە رۆژی پیرۆزی میدیای كوردیمانە ئەو یادە رووناكتر دەبێت.. ئێمە لە لقی سلێمانی لە سەعات 9 نۆی بەیانیەوە تا 12 ی نیوەڕۆ پێشوازی لە میوانەكانمان دەكەین..

بەخێرهاتن سەرچاوان

لقی سلێمانی

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

 

به‌روار:  23/04/2018
657   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   498
کۆی سه‌ردان:   29233699