ئەڵمانیا 10 هەزار پەنابەری تازە وەردەگرێ
خەڵك- بەشی هەواڵ 
كۆمیسیۆنی ئەوروپا، بڕیارێكی ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی زیاتر لە 10 هەزار پەنار لە باكووری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاشكرا دەكات، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆگرامی یەكێتی ئەوروپا بۆ نیشتەجێكردنەوەی پەنابەران. 

ئەمڕۆپێنج شەممە 19ی نیسانی 2018،  دیمتری ئەفرامۆپوڵۆس كۆمسیاری یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری كۆچ و كاروباری ناوخۆ لە یەكێتی ئەوروپا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"بەرلین گرەنتی پێشكەش بە كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا كردووە بۆ وەرگرتنی وەجبەیەكی تری پەنابەران". 

ئەو كۆمسیاریەی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، ئامانج لەو پرۆگرامە نیشتەجێكردنەوەی پەنابەرانە كە یەكێتی ئەوروپا خستویەتیە كارنامەی خۆیەوە، پاش ئەوەی كۆمسیۆنی ئەوروپا بەڵێنی لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكە وەرگرت بۆ پێشوازیی لە نزیكەی 40 هەزار پەنابەری تر. 

ئەفرامۆپوڵۆس، ستایشی بەدەنگەوەهاتنی یەكێتی ئەوروپای كردبوو، كە بە هاریكاریی نێودەوڵەتی ناوی بردووە، و دەڵێت"ئەڵمانیا سەرلەنوێ‌ ئامادە دەبێت كاتێك مەسەلەكان پەیوەندییان بە هاریكاریی نێودەوڵەتییەوە هەبێت". 

لەبەرانبەردا كۆمیسیۆنی ئەوروپا لە بەرلین، داوای پێویستی هەڵوەشاندنەوەی رێوشوێنەكانی پشكنینی ناسنامەی كردبوو كە بەسەر سنورەكانیدا سەپێنراوە، لەكاتێكدا قەیرانی پەنابەران ئەوروپای هەژاندووە. 

ئەڵمانیا پێشتر رایگەیاندبوو، ماوەی چاودێری سنورەكانی لەگەڵ نەمسا بۆ دوای مانگی ئایاری داهاتوو درێژدەكاتەوە، لەكاتێكدا كۆمیسیۆنی ئەوروپا دەیەوێت ئەو چاودێرییە بە زووترین كات كۆتایی پێبێت. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەفرامۆپوڵۆس رایگەیاندبوو، ئەو جۆرە رێوشوێنانەی ئەڵمانیا سەپاندونی رەتدەكاتەوە، ئەو هەنگاوەیشی بە زیانگەیاندنێكی گەورە بە سیستمی شنگن دانابوو كە لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا پشتی پێدەبەسترێت و لەو بارەیەوە بەپێویستی زانیبوو بەشێوەیەكی دروست هەموو لایەك بگڕێنەوە بۆ سیستمی شنگن. 
هەروەها كۆمیسۆنی ئەوروپا هۆشداریی دابوو لە ئەگەری گێڕانەوەی چاودێری بەسەر سنورەكان لە ناوچەی شنگن، جەختیشی لەسەر گرنگی ئازادی سەفەركردن لەنێوان وڵاتانی شنگن كردبۆوە، تا دانیشتوانی یەكێتی ئەوروپا هەست بكەن یەكێتییەكەیان یەك پێكهاتەیە. 

هەر لە چوارچێوەی نیشتەجێكردنەوەی پەنابەران، واچاوەڕوان دەكرێت، نزیكەی 50 هەزار پەنابەر لە باكووری ئەفریقا لەگەڵ نزیكبوونەوەی پایزی 2019 لە یەكێتی ئەوروپا نیشتەجێ‌ بكرێن. 

كۆمیسیۆنی ئەوروپا ئەو پرۆگرامەی لە هاوینی رابردوودا ئامادەكرد بوو، بۆ مەبەستی رەخساندنی هەل بۆ ئەو كەسانەی زیاتر پێویستییان بە پارێزگاریی هەیە تا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بگەنە یەكێتی ئەوروپا. 

یەكێتی ئەوروپا بە بڕی نیو ملیار یورۆ كۆمەكی ئەو وڵاتانە دەكات كە پێشوازیی لەو پەنابەرانە دەكەن. 
به‌روار:  20/04/2018
614   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   301
کۆی سه‌ردان:   29253498