ئەو کەسانەی یەکمجار منداڵیان دەبێ لە سوید با 20 هەزار کرۆن وەرگرن
پارتی دیموکراتەکانی سوید  (Sverigedemokraterna) دەیانەوێت بڕی ٢٠ هەزار کرۆن کۆمەک بدرێتە ئەو کەسانەی یەکەمجار منداڵیان دەبێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم کۆمەکە بدرێت دەیانەوێت لە کۆمەکی فرە منداڵی کە ئەمڕۆ پەیڕەو ئەکرێت کەم بکرێتەوە، کە بە سویدی پێی دەوترێت (Flerbarnstilläg).

دیموکراتەکانی سوید لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا گرنگی بە پرسەکانی کۆچ، چاوەدێریی تەندرووستی، سیاسەتی تاوانکاریی و یەکگرتوویی کۆمەڵگا دەدەن.

 یەکێک لە پێشنیارە تازەکانیش وەکو باسم کرد لە پەیوەندی بە سیاسەتی خێزاندایە و وتەبێژی پارتەکە یولیا کرونلید پێی وایە ئەو کەسانەی یەکەمجار منداڵیان دەبێت پێویستیان بە پارەی زیاترە تا بتوانن بۆ نموونە تەخت، کورسی ناو ئۆتۆمبێل و عەرەبانەی منداڵ بکڕن. هەموو ئەم کەرەستانەش پێداویستی ڕۆژانەن.

هەواڵنێرەکەی ڕادیۆی سویدیش لە کرۆنلید دەپرسێت ئەی چۆن دەزانن کەم ئەم کۆمەکە دەدرێت بەم کەرەستانە بۆ منداڵ و بۆ شتی تر بەکات نایەت؟

کرونلید لە وەڵامدا دەڵێت

ـ بێشک ناتوانین ئەمە کۆنترۆڵ بکەین، ئەمەش وەکو کۆمەکی منداڵان و هەموو کۆمەکەکانی تر وایە، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە خێزانەکان ئەم بڕە پارە بۆ مەبەستی دروست بە کار دێنن. نابێ باری ئابووری ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو کەسانەی یەکمجار دەبنە دایک و باوک. لەوانەیە ٢٠ هەزار هەموو خەرجییەک دەرنەهێنێت بەڵام کۆمەکێکی خێزانە منداڵدارەکان دەکات.

بە بڕوای یولیا کرونلید ئەم کۆمەکە تەنانەت ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە مووچەی بەرزیان هەیە. چوونکە یەکەم منداڵ بۆ هەموو کەسێک سەرەڕای مووچە خەرجی زیادەی لەگەڵە.

ئەگەر بێت و ئەم پێشنیارەی دیموکراتەکانی سوید سەر بگرێت ساڵانە یەک ملیارد کرۆن هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی ئەمەش بکەوێتە بواری جێبەجێکردن پێشنیار دەکەن لە کۆمەکی فرە منداڵی (Flerbarnstilläg) کە ئەمڕۆ پەیڕەو ئەکرێت کەم بکرێتەوە،

جێی باسە (Flerbarnstilläg) ئۆتۆماتیک دەدرێتە ئەو خێزانانەی کە زیاتر لە یەک منداڵیان هەیە و ئەو خێزانەی کە دوو منداڵی هەیە مانگانە ١٥٠ کرۆنی زیاتر وەردەگرێ. ئەگەر زیاتر لە ٥ منداڵی هەبێ ٢٩٩٠ کرۆن وەردەگرێ.

 وتەبێژی دیموکراتەکانی سوید یولیا کرونلید دەڵێت ئێمە دەمانەوێت لێرەدا گۆڕانکارییەک بکرێت. چوونکە لە گەڵ زیاد بوونی هەر منداڵێک کۆمەکەکەش زۆر زیاد دەبێت. دەمانەێت کۆمەکی فرە منداڵی بمێنێتەوە بەڵام نەک بەو ئەندازەی ئەمڕۆ.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  17/03/2018
927   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   999
کۆی سه‌ردان:   29236428