بەردەوامی تێرۆری کادر و پێشمەرگەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان
مالمۆکورد

 شەوی سێشه‌مه‌ له‌ سه‌ر چوارشه‌ممە ۱۵ له‌ سه‌ر ۱۶ی ڕه‌شه‌مه‌ی ۱۳۹۶، لە بۆسەیەکی تیرۆریستی دا لە ناوچەی ڕانیە، قادر قادری ئەندامی دێرینی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کەوتە بەر دەسترێژی گولە و لە ئاکامدا گیانی بەختکرد.

شه‌وی ڕابردوو سێشه‌مه‌ له‌ سه‌ر چوارشه‌ممە ۱۵ له‌ سه‌ر ۱۶ی ڕه‌شه‌مه‌ی ۱۳۹۶، قادر قادری٬ کادر و فه‌رمانده‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە مێحوه‌ری بالیسان_چوارقوڕنه‌،دره‌نگانی شه‌و ده‌درێته‌ به‌ر ده‌سڕێژ و ته‌رمه‌که‌ی که‌ زیاتر له‌ 20 گولله‌ی وێ كه‌وتووه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری ماشێنه‌که‌ی له‌ نزیک گوندی “هه‌رته‌لێ”‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌. ده‌رده‌که‌وێ که‌ ناوبراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماشێنه‌که‌ی ده‌سڕێژی لێ کراوه‌. ته‌رمه‌که‌ی له‌ لایه‌ن پۆلیس بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ڕانیه‌ ڕاگوێزراوه‌.
تێرۆری ئەو کادێرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتێک دایە کە حەوتووی رابردوو، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به ناوی سەلاح رەحمانی کەوتە بەر پەلاماری تیرۆر کە لە ئاکام دا خۆیی بریندار بوو و کورەکەشی بەناوی سەلاح رەحمانی گیانی لە دەست دا.
جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رابردوودا بە دەیان ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی لە باشووری کوردستان تیرۆر کردبوو، ئەو دوو کردەوە تێرۆریستیە، سەرلەنوێ دەست پێ کردنەوەی کردوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان دەدات، کە دیسان دەیهەوێت بە تیرۆر، سەرکوت و نانەوەی ترس حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بێدەنگ کات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک تاوانباری سەرەکی ئەو تیرۆرانە دەبینرێت، بەتایبەت کە لەکارنامەی ئەو حکوومەتە دا بەسەدان کردەوەی لەم چەشنە هەیە.
جێی ئاماژەیە کە، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لەو تیرۆرانە بکات، بەپێی ئەوەی کە ئەو گیانبەختکراوانە لە باشووری کوردستان دەژیان، بەرپرسیاریەتی پاراستنی ژیانیان لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
به‌روار:  08/03/2018
501   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   821
کۆی سه‌ردان:   29234782