”مەرجەکانی ژنانی کلتوری شەرەف لە سوید جیاوازە”


دەستپێشخەری هەڵمەتی (#underytan) بۆ بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید دەڵێت مەرجی ئێمە بۆ نموونە قەدەغەکردنی فێرگە ئاینییەکان و نەهێشتنی پشکنینی پەردەی کچێنییە لە بنکە تەندرووستییەکاندا.

گالاکسیا ئیلیاس دەستپێشخەری هەڵمەتی (#underytan) لە کاتی دەستپێکردنی بزووتنەوەی (metoo) میتوودا بووە دەنگی ئەو ژنانەی کە لە ژێر تووندووتیژیی بە پاساوی شەرەفدا دەژین و نەیاندەوێرا وەک ژنانی دیکە باس لە بەسەرهاتەکانی خۆیان بکەن.  

گالاکسیا ئەم دوانیوەڕۆیە یەکێک بوو لەو 65 نوێنەرەی هەڵمەتەکانی دیکەی میتوو کە چاویان بە وەزیری یەکسانی ئۆسا ڕێنگنێر کەوت بۆ پێشکەشکردنی مەرجەکانیان. پێش ئەو چاوپێکەوتنە گلاکسیا سەردانی ڕادیۆی سویدی کرد و بەشی کوردیی ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ ئەنجام دا. 

بەو پێیە نوێنەرانی 65 لەو هەڵمەتانە لیستێک دەدەنە وەزیری یەکسانی ئۆسا ڕێنگنێر، ئەو مەرجانە لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی (Dagens Nyheter) بڵاو کراوەتەوە. مەرجەکان بریتییە لە حەوت داواکاریی کە تێیدا بۆ نموونە پرسی سێکس و پێکەوەژیان لە فێرگەکاندا گرنگیی پی بدرێت، هەروەها خولی فێرکاریی سەبارەت بە تووندوتیژیی سێکسی بۆ یاساناس، پۆلیس و کارمەندانی تەندروستی بکرێتە مەرج.

بەڵام گالاکسیا دەڵێت تەنها ئەو حەوت مەرجە نییە بەڵکە نوێنەری هەر هەڵمەتێک بەپێی شوێنی ئیشەکەیان و هەلومەرجەکانیان مەرجی دیکە دەدەنە حکوومەت، بۆ ئێمەش لە هەڵمەتی (underytan) چەند مەرجێکمان هەیە کە لە هەڵمەتەکانی دیکە جیاوازە، بۆ نمونە ژنانی کلتوری شەرەف ناوێرن خۆیان باس لە بەسەرهاتەکانیان بکەن لەبەرئەوەی ڕەنگە ئاشکرابوونی بەسەرهاتەکانیان دیسان ببێتەوە بە تووندوتیژی دژ بەو ژنانە بەو پاساوەی شەرەفی خێزانێک لەکەدار دەبێت.

گالاکسیا ئیلیاس هەروەها دەڵێت ئەم هەڵمەتە گرنگ بوو بۆ ژنانی کلتوری شەرەف و دژ بەو گێچەڵ و دەستدرێژییە سێکسییانەی بەرامبەریان کراوە بەشێوەیەک هەڵـمەتەکە بووە هۆی ناساندن و بووە دەنگی ئەو ژنانەی کە بە هۆی کلتوری شەرەفەوە لە کۆمەڵگەدا دیار نین. ئەو ژنانە بەم هەڵمەتە هەست دەکەن بارێکی قورسیان لەسەر شان لاچووە.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  06/03/2018
545   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   258
کۆی سه‌ردان:   29231739