سوید دووپاتی سیاسەتی بێلایەنی و ناشچێتە هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازییەوە.

لە پەرلەمانی سوید ئەم پێشنیوەڕۆیە سیاسەتی دەرەوەی سوید بۆ ساڵی 2018 تاووتوێ کرا.

 ئەم پێشنیوەڕۆیە وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤاڵسترۆم لەسەر لیستی سۆسیالدیموکراتەکان، لە پەرلەمان سیاسەتی دەرەوەی سویدی بۆ ساڵی 2018 پێشکەش کرد و دوای ئەوە وتوێژی پەرلەمان لەسەر سیاسەتی دەرەوە دەستی پێ کرد.

 ڤاڵسترۆم باسی لە ڕۆڵی سیاسیی سوید لە پرسە جۆراوجۆرە جیهانییەکاندا کرد. تەوەری سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمساڵ باس لە دیموکراتی و ئاساییش و پاراستنی سوید بوو لە ڕێی پەیوەندیی دبلۆماسیی و دیالۆگ و هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.

 هەروەها ئەوەشی دووپات کردەوە کە سوید لەسەر سیاسەتی بێلایەنی بەردەوام دەبێت و ناچێتە هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازییەوە.

ئەو وتی سوید لە دوای تەواوبوونی جەنگی داعشەوە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاشتبوونەوەی گرووپە جیاکانی عێراقدا لە شێوەی کۆمەک و خولی فێرکاریی سەربازیی بەشدارە، هەروەها لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە.

وەزیری دەرەوە هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین کرد و گوتی سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکانی نیوان تورکیا و کوردەکان جێی نیگەرانییە. یەکییەتیی ئەوروپا هاوکاریی لەگەڵ تورکیا هەبێت بەڵام هاوکات دەبێت  مەرجیشی لەسەر دابنێ، بەڵام یەکییەتیی ئەوروپا نابێت دەرگای ئەندامێتی بە ڕووی تورکیادا دابخات.

ڤاڵسترۆم هەروەها باسی لە سیاستی فێمێنیستانەی سوید کرد ڕوو بەدەرەوەی وڵات و باسی لە بزووتنەوەی (metoo) کرد وەک ئاماژەیەک بۆ مافە پێشێلکراوەکانی ژنان و کە سوید هەموو هەوڵێکی خستۆتە گەڕ بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی فێمێنیستی لە ئاستی دەرەوەدا بۆ دنیایەکی یەکسان لە نێوان ژن و پیاوددا.

 بۆ نموونە لە ڕێی کۆمەکەوە بۆ نموونە خولی فێرکاریی بۆ ژنانی ئێران و سعودییە کردۆتەوە تا لە مافەکانیان بە ئاگا بێنەوە و بتوانن خۆیان خۆیان بژێنن و پشت بە خۆیان ببەستن.

هەروەها وتی کە سوید هەوڵی داوە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی سوریا ڕۆڵی ئاشتییانەی هەبێت و هانی ژنان بدات لە دانووستانەکانی ئاشتیدا ڕۆڵیان هەبێت.

لەو پرسانەی تاوتوێ دەکرێت بۆ نموونە پرسی پەنابەرە سورییەکان و مافی یەکگرتنەوەی خێزانەکانیان، هەروەها پرسی سیاسەتی فێمێنیستی سوید لەسەر ئاستی دەرەوەدا.

دواتر لە سەرەی وتەی یاسمین پۆسیۆ نیلسۆن لە پارتی چەپ لە وەڵامی یوناس یاکوبسۆن یۆتلەر مۆدێرات سەبارەت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا دەڵێت، پێشتریش ئەندامانی بەرەی هاوپەیمانێتی ڕاست ئاماژەیان بە گرنگیی ئەندامێتیی سوید لە ناتۆدا کردووە و وەک گەرەنتی دژە ئاگر وەسفی دەکەن، بەڵام تا ئێستا و ماوەی دوو سەد ساڵە سوید لە جەنگ بەدوور بووە ئەویش بەهۆی سیاسەتی بێلایەنیی سویدەوەیە.

 یاسمین پۆسیۆ نیلسۆن نموونەی ئەو کەسانەی باس کرد کە لە وڵاتی جەنگەوە هاتوون بۆ سوید و بە چ ئەزموونێکی تالدا تێ پەڕیون هەورەها باسی هێرشەکانی تورکیای ئەندامی ناتۆی کرد بۆسەر عەفرین و وتی ئەندامێتی ناتۆ بۆ نموونە واتای ئەوەیە کە هاوکاریی لەگەڵ دۆنالد ترامپ بکرێت یاخود لەگەڵ ئەردۆگان کە هێندە نییە هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەک لە سوریا.

ئەو وتی سوید ئارامی سوید و دووری لەو جۆرە جەنگانە بەهۆی سیاسەتی بێلایەنیی بووە و بەهۆی ئەوەی کە وەک پردێک لە نێوان وڵاتاندا بۆ ئاشتی و چارەسەری ناکۆکییەکان کاری کردووە، هەر بۆیە پرسی ئەندامێتیی لە ناتۆدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بۆ پارتی چەپ بریتییە لە هەڵبژاردن لە نێوان ئەوەی سوید ببێتە پرد بۆ ئاشتی یاخود وەک ناتۆ ببێتە ڕوخینەری ئەو پردانە.

مارکوس ڤیشەل وتەبێژی پرسی سیاسەتی دەرەوە لە پارتی دیموکراتەکانی سوید بەهەمان شێوە ڕەخنەی تووندی لە سیاسەتی دەرەوەی حکوومەت گرت کە بێدەنگن لە ئاستی ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە بۆ نموونە لەلایەن حکوومەتی عێراقی و تورکیاوە ئەنجام دەدرێن. ڤیشەل دەڵێت ئەو کاتەی هێزە سەربازییەکانی عێراق بە هاوکاریی ئێران پەلاماری کەرکوکیان دا و جگە لە ئاوارەبوونی خەڵکەکەی تاڵانییان کرد ئەو کاتە جیهان و سوید بێدەنگ بوون.

ڤیشەل هەروەها باسی ئەوەی کرد کە سوید تا ئێستا کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەنییەکانی دان پێ دانەناوە و ئێستاش لە ئاستی هێرشەکانی ئیمپریالیستی تورکیدا بۆسەر عەفرین بێدەنگە. 

سوید کە باس لە سیاسەتی فێمێنیستانەی خۆی بە شانازییەوە دەکات لە ئاست هەوڵ و تێکۆشانی ژنانی کوبانێ و عەفرین بێ دەنگە، ئەو ژنانەی هێزەکانی داعشیان ڕاونا و کوبانێ و ڕەققەیان لێ پاک کردنەوە، ئێستا لە سەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بێدەنگە. 

من شەرم لەم سیاسەتی سوید دەکەم، ڤیشەل دەڵێت.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  14/02/2018
578   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   945
کۆی سه‌ردان:   29255813