ڕووسیا دەڵێ ئەمەریکا خەریکی دامەزراندنی نیمچە دەوڵەتێکە لە سوریا.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت ئەمەریکا هەنگاوی مەترسیداری یەک لایەنە لە سوریا دەنێت کە ڕەنگە ببێتە مایەی دامەزراندنی ناوچەیەک وەک نیمچە دەوڵەتێک وابێت لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە سوریا.

سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە لە مۆسکۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ دیدێیە ڕێندیرەز هاوتا بەڵجیکایـیەکەی گوتیشی ئەمە دەبێتە هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکپارچەیی خاکی سوریا.

پاشان گوتی لەو ناوچەیە بەڕێوبەرایەتی خۆجێی دادەمەزرێت کە حکومەتی سوریا دەسەڵاتی بەسەریاندا نیـیە و پارە و پـولی بۆ دابیندەکرێت تاوەکو دەسەڵاتی خۆی بسەپـێنێت و هەروەها چەکیان بۆ ڕەوانەدەکرێت تاوەکو هێزێکی نیزامیـیان بۆ پـێکبهێنرێت. لاڤرۆڤ گوتی لەم بارەیەوە پـرسیاریـیان لە ئەمەریکایـیەکان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان دەسـتنەکەوتووە. گوتیشی هەستێکی وەهایان لەلا دروستبووە کە "ئەمەریکا خوازیاربێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە سوریا بمێنێتەوە، ئەگەر بۆ هەمیشەیی نەبێت."

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەی لێدوانەکەی گوتیشی ڕووسیا ئێستاش لەگەڵ ئەوەدایە کوردەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداربن لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ سوریا. باسی لەوەش کرد تێڕوانینی مۆسکۆ جیاوازە لە تێڕوانینی ئەنکەرە بۆ کوردەکانی سوریا.

دەنگی کوردی  ئەمریکا
به‌روار:  14/02/2018
844   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   782
کۆی سه‌ردان:   29255299