پەنابەرانی سوید دەبێ ئەو خانووانەی لە کۆمۆنیان وەرگرتووە جێی بهێڵن.
ئەو پەنابەرە تازەهاتووانەی دوو ساڵە خانووی کاتییان لە کۆمۆنەکان وەرگرتووە دەبێت جێی بهێڵن.

دوای دوو ساڵ لە پەیڕەوکردنی یاسای تایبەت بە خانووی کاتیی بۆ پەنابەران هەندێک لە کۆمۆنەکان داوا لە پەنابەران دەکەن خانووەکانیان جێ بهێڵن.

یەکێک لەو پەنابەرانەی کە ئاگادار کراوەتەوە حازم بەرغوسە لە کۆمۆنی لیدینگۆ کە دەڵێت ناتوانم نە بخەوم نە بخوێنم هەموو خەیاڵم لای کێشەی بێخانووییە.

لە مانگی مارسی ساڵی 2016 دا یاسایەکی نوێ خرایە کار کە بەو پێیە هەموو کۆمۆنەکان ناچار کران بۆ ماوەی دوو ساڵ کۆنتراکتی خانوو بدەنە پەنابەرە تازەهاتووەکان. ئەویش دوای هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران بوو لە ساڵی 2015دا بۆ سوید.

ئێستا دوو ساڵ بەسەر ئەو کۆنتراکتەدا تێ پەڕیوە و کۆمۆنەکان بۆ نموونە کۆمۆنی لیدینگۆ داوا لە پەنابەران دەکەن کە ئەو خانوانەی جێ بهێڵن و خۆیان بچن خانوو بدۆزنەوە. کۆمۆنۆکی وەک لیدینگۆ لە ستۆکهۆڵم نزیکەی 300 پەنابەری وەرگرت.   

ئاننا ڕینکلود ئەندامی سەرۆکایەتیی شارەوانی لیدینگۆ لەسەر لیستی مۆدێراتەکان دەڵێت ئێمە هەر لەسەرەتاوە پەنابەرانمان ڕاگەیاندووە کە ئەم کۆنتراکتە کاتییە و دەبێت لەو ماوەیەدا خانوو بدۆزنەوە.

ڕینکلود دەڵێت ئەو پەنابەرانە وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی دانیشتوی کۆمۆنەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت واتا ئەگەر ناتوانن خانوو بدۆزنەوە ئەوا دەتوانن ڕوو لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنەکە (socialtjänst) بکەن.

بەڵام ئەم بڕیارەی کۆمۆنی لیدینگۆ لەلایەن ئەندامی شارەوانی لەسەر لیستی ژینگەوە ڕەخنەی تووندی لێ گیراوە و پاتریک سانسترۆم دەڵێت ناکرێت داوا لەکەسێک بکەین کە ماوەیەکی کورت لە سویددا ژیاوە خۆی خانوو وبدۆزێتەوە. بەڕاستی ئەمە ناچارکردنی پەنابەرە بۆ ئەوەی بچنە کۆمۆنێکی تر ئەوەش بە پێچەوانەی یاسای نیشتەجێبوونەوەیە.

جێی باسە پارتی ژینگە لەکۆمۆنی لیدینگۆ بڕیاری دەرکردنی پەنابەران دوای تەواوبوونی کۆنتراکتی دووساڵەی خانووەکانیان، دەدەنە دادگای ئیداریی تا لەوێ لەوە بکۆڵدرێتەوە و بڕیار بدرێت کە یاسای نیشتەجیبوون چۆن لێک بدرێتەوە و مامەڵەی پێ بکرێت.


گوێ لەڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  13/02/2018
652   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1021
کۆی سه‌ردان:   29236323