دکتۆر بەرهەمم لە زیندان چۆن بینی؟


خەبات شێخ جەناب

ناسیاوێتی من و دکتۆر بەرهەم، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹۷٥، سەردەمانێک؛ کە کوردایەتی و خەباتی شار، لە شانۆ و کاری هونەریدا چڕ کرابوەوە. لەیەکێک لەو شانۆگەریانەدا، لە هۆڵی خالیدیە، لەپڕ گەنجێک بە حەماسێکی کوردانەی بەرزەوە لەناو هۆڵەکەوە هاواری کرد: 
بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم
بەکوردی دەیدەم وەڵامی قەبرم
ئەگەر لەو دنیاش زیندوو بوومەوە
هەمدیسان بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە.

ئەو شیعرەی دکتۆر بەرهەم هۆڵەکەی شڵەقاند و ئیتحادیەکانی ئەوکات، بەوە ترسیان کەوتە دڵەوە. هەربۆیە بەخێرایی کاک بەرهەمیان لەهۆڵەکە کردە دەرەوە. لەوکاتەدا، شەهید حەمە حسێن یادی بەخێر، ڕووی لە ئێمە کرد و وتی: ئەو هەتیوە سەری هەموومان دەکات بە قوڕا.

دوای شەهیدکردنی خاڵە شەهاب، من بووم بە پێشمەرگە، چەند ساڵێک دوای ئەوە، لەسنوری کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەشەڕێکدا برینداربوم و بەبرینداری لە ئێران گیرام و ڕادەستی حکومەتی بەعس کرامەوە و بردیانم بۆ (هەیئەی خاسەی کەرکوک).
لە هەیئەی خاسەی کەرکوک، لە ژوورێکی ئینفرادی بووم، باش بوو بزمارێکم دەسکەوت و کونێکی بچوکم کردە دەرگاکەوە، ئیدی ئەو کونە بچوکە، کەمێک ژوورە تاریکە ئینفرادیەکەی بۆ کردمەوە،لەوێوە سەیری هاتوچۆی زیندانیەکانم دەکرد، کە بۆ لێپرسینەوە و ئەشکەنجە دەیانبردن، یەکێک لەوانەی لەو کونەوە دوای ساڵانێک کەوتە بەرچاوم، دکتۆر بەرهەم بوو، کەبەدەستی ئەمنەکانەوە بەکەلەپچەکراوی بەڕاڕەوەکەدا بردیان.

دوای چەند ڕۆژێک، لەژووری تاکە کەسیەوە گوازرامەوە بۆ هۆڵێکی بچوک، كە زیاتر لە ٥٠ پەنجا زیندانی تیادا بوو، یەکێک لەوانە دکتۆر بەرهەم بوو. بەبینینەوەی خۆشحاڵبوم، ئەگەرچی هەیئەی خاسەی کەرکوک، شوێنێک نەبوو بۆئەوەی خۆشحاڵبی بەبینینی هیچ کەسێک، چجای ئەوەی ئەو کەسە، هاوڕێ و ناسیاوت بێت. بەڵام دیسان، من کوڕی شێخ جەناب و ئەویش کوڕی حاکم ئەحمەد، مایەی دڵنیایی و پشت پێ بەستن و بینینەوەی، مایەی خۆشحاڵی بوو، بۆم.
هەیئەی خاسەی کەرکوک، زیندانێکی ئاسایی نەبوو، ئەوانەی لەئەوێ دەگیران، سێ چارەنوسیان هەبوو: یەکەمیان ئیعدام کردن بوو، دووەمیان بەندکردنی هەتاهەتایی بوو، سێهەمیشیان ئازادکردن بوو، بەڵام دەبوو کەسی زیندانی کراو،هیچ بەڵگەیەکی مەڵموسی لەسەر نەبوایە و خۆی و هاوڕێکانیشی توانای خۆڕاگرتنی ژێر ئەشکەنجەدانی قورسیان هەبوایە و هیچ ئیعترافێکیشان نەکردبوایە، کەئەمەش هەرگیز ئاسان نەبوو چونکە ململانێیەکی ڕاستەقینە بوو لەگەڵ مردندا.
لە زیندانی ترسناک و تۆقێنەری هەیئەی کەرکوک، هیچ زیندانیەک سەلامەت دەرنەدەچووە، هیچ زیندانیەک نەبووە، ڕوبەڕوی لێدان و هەڵواسین و ئەشکەنجەدانی جۆراوجۆری قورسی جەستەیی و سایکۆلۆجی نەکرابێتەوە. لێرەوە بەلامەوە بێویژدانیە وەک شایەدحاڵێک، بێدەنگبم لەوەی، کەبگوترێت دکتۆر بەرهەم لەزیندان (موعەزەز موکەڕەم) پاڵیداوەتەوە! ئاخر جارێ؛ هەر هەیئەی خاسەی کەرکوک خۆی ناوێکی ترسناک و سەرزەمینێکی بێ بەزەیی و بێ ڕووناکی بوو، هۆڵی ئاهەنگێڕان نەبوو، هوتێل و شوێنی حەوانەوەی مرۆڤ نەبوو. بەڵکو شوێنێک بوو بۆ مردن و بۆ زیندابونی تا هەتایی و بۆ ئەوپەڕی ئەشکەنجەدانی دڕندانە. لەوێدا حاڵی دکتۆر بەرهەمیش، وەک حاڵی هەموو زیندانیەکانی تر، لێدان و لێپرسینەوە، تۆقاندن و هەڵواسین، دارکاری و کارەبا لێدان و ئەشکەنجەی جۆربەجۆری ڕۆژانە بوو.

دەستدەخەمە سەر ویژدان و بەئینسافەوە دەڵێم:وێڕای ئەشکەنجەدانی جەستەیی و سایکۆلۆجی جۆربەجۆر، دکتۆر بەرهەم بەخۆڕاگری بەهیوا و بیروباوەڕی زۆرەوە هەمووجار بەدەستی ئەمنەکانەوە بەناچاری دەهێنرایەوە ناو هۆڵی زیندانیان.دواتریش زانیمان کە کاک ئاواتی شێخ جەنابی برام و کاک ئازادی شێخ ڕەئوفی ئامۆزاشم، لەهەمان شوێن گیرابوون و زۆر ئەشکەنجە درابون، بۆئەوەی ئیعتراف لەسەر دکتۆر بەرهەم بکەن. بەڵام ئەوانیش، ئەمنەکانی هەیئەی خاسەی کەرکوکیان نائومێدکردبوو، چونکە وێڕای ئەشکەنجەدانی زۆریان، ئەوانیش هەر سوربون لەسەر ئەوەی کە کەهیچ پەیوەندیەکی سیاسی و ئۆرگانیان، لەگەڵ دکتۆر بەرهەم نیە.

دوای ئەوەی کە لەزیندان، هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان لەگەڵیدا تاقیکردەوە و نەخۆی و نەهاوڕێکانی، هیچ ئیعترافێکیان نەکرد،له هەیئەی خاسەی کەرکوک ئازادکرا .

دوای مانگ و نیوێک، و هەفتەیەک پیش تاقیکردنەوەکانی بەکالۆری ئامادەیی، دکتۆر بەرهەمیان جارێکی تر لە ئیستیخباراتی سلێمانی بەند کردەوە. چونکە زۆرجار وابوو، ئەو زیندانیانەی لە هەیئەی خاسە بەڵگەیان لەسەر دەست نەدەکەوت وخۆشیان لەژێر ئەشکەنجەدا ئیعترافیان نەدەکرد، دەگێڕدرانەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی دەسگیردەکران، هەربۆیە کاک د. بەرهەمیش جاریکی تر لە ئیستیخباراتی سلێمانی گیراوە، و تەحقیقی لی کرایەوە ، بەڵام دووبارە خۆی گرت و بوێرانە هیچ ئیعترافێکی نەکرد، و سێ ڕۆژ پیش تاقیکردنەوەکان ئازاد کرا .

د بەرهەم بەوە ناسرابوو کە قوتابیەکی بەهرەمەند و زیرەکە، بۆیە سەرباری زیندانی، لە تاقیکردنەوەی بەکالۆری ٪۹٦ تیكڕای هینا، یەکەمی کوردستان و سێهەمی عیراق بوو.

وەکو قانع دەڵێت ( کونجی زیندانم قوتابخانەیە ... قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە)

 مالمۆکورد ئەم بابەتەی لە پەیجی نووسەرەوە وەرگرتووە  و گوزارشت لە بۆچوونی خۆی دەکا


به‌روار:  17/01/2018
922   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   809
کۆی سه‌ردان:   29252619