ترەمپ سزای بەسەر 14 قەوارە و کەسایەتی ئێرانیدا سەپاند
رووداو - هەولێر

کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ تەنیا ئەمجارە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران پەسنددەکات و ئەگەر گۆڕانکاری تێدا نەکرێت، ئەمریکا لێی دەکشێتەوە. هاوکات سزای بەسەر 14 قەوارە و کەسایەتی ئێرانیدا سەپاند.

ترەمپ بۆ چوار مانگی دیکە گەمارۆ هەڵپەسێردراوەکانی سەر ئێرانی درێژکردەوە، هەڕەشەی ئەوەش دەکات ئەگەر گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت، ئەوا دوایین جار دەبێ هەڵپەساردنەکە درێژبکاتەوە و چوار مانگی داهاتوو گەمارۆکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە. 

هەموو 120 رۆژ جارێک سەرۆکی ئەمریکا بڕیار لەبارەی ئەو سزایانە دەدات، کە لە ئەنجامی رێککەوتنی ئەتۆمیدا ئیدارەی ئۆباما لەسەر ئێرانی هەڵپەساردوون، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ترەمپ هەڵپەساردنی گەمارۆکانی درێژکردەوە. بەڵام راشیگەیاندووە، ئەوە دوایین جار دەبێ ئەو واژۆیە بکات و سێ مانگی داهاتوو هەڵپەساردنی سزاکان کۆتایی پێدەهێنێت، ئەگەر گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت.

هەر ئەمڕۆ ئیدارەی ترەمپ سزای بەسەر 14 قەوارە و کەسایەتی ئێرانی پەیوەندیدار بە دەستدرێژی لەسەر مافەکانی مرۆڤ سەپاند، کە لەنێویاندا سادق لاریجانی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران هەیە. هاوکات بەندینخانەی رەجای شاری کەرەج و غوڵامڕەزا زیایی، بەڕێوەبەری بەندینخانەکە لەنێو لیستەکەدان.

بەرپرسێكی ئەمریکی رایگەیاندووە، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان کار دەکەن بۆ گەیشتن بە هاوپێچێک یان هەموارکردنەوەیەکی تایبەت بە رێكکەوتنە ئەتۆمییەکە.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ترەمپ دەڵێت "سەرۆک ترەمپ هەوڵدەدات دۆسیەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران هاوپێچی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی بکات".

بەگوێرەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی مانگی تەممووزی ساڵی 2015، کە لەنێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژۆکرا، حکومەتی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی بۆ ماوەی 10 ساڵ سنووردار دەکات لە بەرامبەردا ئیدارەی ئەمریکا سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سڕ دەکات و چوار مانگ جارێک، سەرۆکی ئەمریکا ئەمریکا بڕیار لەسەر هێشتنەوە یان درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی ئەو سزایانە دەدات.
به‌روار:  12/01/2018
581   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   117
کۆی سه‌ردان:   29231352