مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا وەرگیرایەوە
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان


پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی ٢٧٦ پەرلەمانتار، مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا، پەرلەمانتاری شاری ئاگری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە وەرگرتەوە.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیادا، ئایشەنور باخچەلی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە پاساوی ئەوەی کە ٢١٢ ڕۆژە لەیلا زانا نەچووەتە پەرلەمان، ڕاپۆرتی وەرگرتنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا خستە دەنگدانەوە و بە دەنگی ٢٧٦ پەرلەمانتار، وەرگرتنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا پەسەندکرا.

لەیلا زانا، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئاگری، لە هەڵبژاردنەکانی ٠١-١١-٢٠١٥ ی پەرلەمانتاری هەدەپە هەڵبژیردرا، لە ڕۆژی ١٧-١١-٢٠١٥ لەیلا زانا لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی خوراد، بەڵام بەبیانووی ئەوەی کە سوێندەکەی کەم بووە، پەرلەمانی تورکیا سوێندی لەیلا زانای قبوڵ نەکرد.

بە وەرگرتنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا، تاوەکو ئێستا مافی پەرلەمانتاری لە ٦ پەرلەمانتاری هەدەپە وەرگیراوەتەوە، کە پێنجیان ژنن.

پێشتریش مافی پەرلەمانتاری لە هەریەکە لە فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، نورسەل ئایدۆغان، فەیسەڵ ساریڵدز، توگبا هەزەر ئۆزتورک و بەسیمە کۆنجا، پەرلەمانتارانی هەدەپە وەرگیراوەتەوە، بەمەش ئێستا ژمارەی کورسییەکانی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە ٥٩ کورسییەوە بۆ ٥٣ کورسی کەمبووەتەوە.
به‌روار:  11/01/2018
560   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   263
کۆی سه‌ردان:   29252916