میتە بە دیلگیراوەکان باس لە کۆمەڵکوژیی پاریس دەکەن
ڕۆژنیوز - ناوەندی 
ئەرهان پەکچەتین و ئایدین گونەل، دوو بەڕێوەبەری بەدلیگیراوی میتی تورک لەلایەن پەکەکەوە، سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکەی پاریسە قسەیان کرد.

لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٣دا ئەردۆغان کە لە هەموو بوارەکاندا تەنگەتاو بوبوو، هەوڵیدا لە ڕێگای شاندێکەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە ئیمرالی دانوستان بکات، ئۆجالان لەلایەکەوە لەگەڵ شاندی هەدەپە و کەجەدە و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ شاندی حکومەت دانیشت.

ئۆجالان دەیویست ئەو دیدارانە ببنە زەمینەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هەروەها پێکهاتنی دیموکراسی لە تورکیا.

ڕۆژی ٣ی مانگی ١ی ساڵی ٢٠١٣ شاندێکی مەدەنی سەردانی ئیمرالیی کرد، بەڵام شەش ڕۆژ پاش ئەو سەردانە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پاریس تیرۆرکران.

پاشان ئۆجالان بە شاندی حکومەتی ڕاگەیاند، کە پێویستە کۆمەڵکوژیی پاریس ڕوون بکرێتەوە، عومەر گونەی سەبارەت بە دۆسییەی کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس دەستگیرکرا، بەڵام بەهۆی هەبوونی دەستی میت لە پشت دۆسییەکەوە هیچ لە بارەی کۆمەڵکوژییەکەوە ئاشکرانەکرا.

لە هەندێک بەڵگەدا کە لە ڕۆژی ١٤ی مانگی ١ی ٢٠١٤دا بڵاوکرانەوە، ئاشکراکرا، کە فەرمانی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن چوار بەرێوەبەری میتی تورکەوە دراوە، هەر لەو کاتەدا فایلێکی دەنگی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا عومر گونەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی میت پلانی ئەو تاوانەیان دادەڕشت.

چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی دادگای ئەو دۆسییەیە، عومەر گونەی لە زیندادا مرد، بە مردنی گونەی هەوڵیاندا دۆسییەکە دابخەن، بەڵام گەل و ژنانی کورد بە دروشمی "تۆڵەکردنەوە و دادگەریی" دەستبەردار نەبوون و داوایان کرد هێزەکانی پشتی پردە ئەو کۆمەڵکوژییە دادگایی بکرێن.

لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٥دا و لە کاتی بەرخۆدانی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بۆ خۆبەڕێوەبەری، دوو بەڕێوەبەری میتی تورک بەدیلگیران.

لە پاش ئەو ڕووداوەدا ئاشکرابوو، کە ئەردۆغان بەتایبەتی فەرمانی داوە کە بەڕێوەبەرانی باڵای پەکەکە و کەجەکە تیرۆربکرێن، ئەردۆغان وای دانابوو کە لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆتایی بە پەکەکە بێنێت، لە بەرامبەردا پەکەکە لە مانگی ئابی ٢٠١٧دا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی پووچەڵکردنەوە کرد و ناوی ئۆپەراسیۆنەکەشی نا:"ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕانەی تۆڵەکردنەوەی شەهید ساکینە جانسز"، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا دوو بەڕێوبەری پلەبەرزی میتی تورک بەدیلگیران.


لە ڕوی ئەو قسانەی بەڕێوەبەرانەی میتی تورک دانیان پێدا ناوە، زانیاری زۆر گرنگ لە بارەی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسەوە ئاشکرادەبێت.

ئەو فایلە دەنگیانەی لە ساڵی ٢٠١٤دا بڵاوکرانەوە و تێیاندا داڕشتنی پلانی تیرۆر لەلایەن عومەر گونەی و بەڕێوەبەرانی میت تۆمارکرابوو، لەلایەن ئەو دو بەڕێوەبەر بەدیلگیراوەی میتەوە پشتڕاست کرانەوە.

ئەرهان پەکچەتین، یەکێک لە بەڕێوەبەرە بەدیلگیراوەکانی میت لە بارەی ئەو فایلە دەنگیەوە دەڵێت: کاتێک گوێم بۆ ئەو فایلە دەنگییە گرت کە لە ئینتێرنێتدا بڵاوکرابووەوە تێگەیشتم، کە ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن میتەوە ئەنجامدراوە، من لەو فایلەدا دەنگی سێ بەرێوەبەری میتم ناسییەوە کە ناسنامەکانیان بەم سێوەیەن: "ئوگور کائان ئایک، سەرۆکی فەرمانگەی ئتنیکەکان و دەرەوەی وڵاتی میت، ئوگوز یورەت، بەڕێوەبەری لقی ئۆپەراسیۆن و ئایهان ئۆران، ئەندامی لقی ئۆپەراسیۆن".

ئەرهان پەکچەتین ئەوەشی ئاشکراکرد، کە عومەر گونەی ئەندامێکی میتی تورک بووە و ڕایگەیاند:"لە هۆتێلێک لە ئەنقەرە کۆبوونەوە پێکهاتووە لەگەڵ عومەر گونەی، کە خۆی ئەندامێکی میت بوو، ئەو فایلە دەنگییانە لەو هۆتێلەدا تۆمارکراون".

لە ساڵی ٢٠١٤دا هەروەها بەڵگەیەک ئاشکراکرا، کە تێیدا فەرمانی بەڕێوەبرانی میت درابووە عومەر گونەی بۆ ئەوەی ساکینە جانسز تیرۆربکات، بەڕێوەبەرانی میت ئەو بەڵگەیەشیان پشتڕاست کردەوە، پەکچەتین لەم بارەیەوە دەڵێت: بێگومان بڕیاری تیرۆر زۆر هەستیارە و لە ئاستی زۆر باڵاوە دەدرێت، لەو بارانەوە هیچ زانیارییەک نادرێتە کادیرە نزمەکان.

ئەرهان پەکچەتین دەڵێت:داواکاری بۆ تیرۆر دەگاتە دەستی سەرۆکی میت، سەرۆکی میت لەو بارەیەوە پرسیار لە سەرۆک کۆمار دەکات، کەس ناتوانێت لەو بارانەوە لەخۆیەوە بڕیار بدات، چونکە ئەو پرسانە دەتوانن پەیوەندییان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە هەبێت، لە کاتێکدا کە دیدارە ئاشتیانەکان ئەنجام دەدران، پێموانییە کە ئەو داوکارییە لەلایەن ئایهان ئورانەوە درابێت، داواکارییەوکە گەیشتووەتە دەستی ئوگور کائان ئایک، دواتریش گەیشتووەتە دەستی سەباهەدین ئاسال، دواتریش لە ڕێگەی چەن بەرپرسێکی دیکەوە گەیشتووەتە دەستی هاکان فیدانی سەرۆکی میت.

لەو بەڵگانەی لە ساڵی ٢٠١٢دا نێردراون واژۆی چوار بەرێوەبەری میت بەناوەکانی ئوگور کائان ئایک، سەباحەدین ئاسال، ئۆگوز یورەت و ئۆزجان هەبووە.

ئایدین گونەل، یەکێکی دیکە لە بەرێوەبەرە بەدیلگیراوەکانی میت ئەو ناوانە و ئەو بەڵگەیەی پشتڕاستکردووەتەوە.

هەروەها پەکچەتین ڕایگەیاندووە، کە ئەو ئەندامانەی میت وا لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزدا بەشداریان کردووە، لەلایەن ئەردۆغانەوە پلەیان لە ناو میتدا بەرزکراوەتەوە.

یوتوب ئەو دوو ڤیدیۆیەی سڕیوەتەوە کە ڕۆژنیوز بڵاوی کردۆتەوە
مالمۆکورد
به‌روار:  11/01/2018
660   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   275
کۆی سه‌ردان:   29247972