ئەمریكا لەشەرڤانانی یەپەگە سوپایەكی رێكخراو دروستدەكات
شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری "پنتاگۆن"‌و دەزگای هەواڵگیری "سی ئای ئەی"ی ئەمریكا یەكەم هەنگاویان گرتەبەر بۆ گۆڕینی شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگەو لەو چوارچێوەیەش سەدان كەس لەژێر ناوی پارێزەرانی سنوور مەشقی تایبەتیان پێكرا.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، یەكینەكانی پاراستنی گەل، كە یەك لەسەر چواری سوریای كۆنترۆڵكردووە بەپاڵپشتی ئەمریكا ئامادە دەكرێت بۆ دامەزراندنی سوپا.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، كە سەرەڕای ئەوەی لەئۆپەراسیۆنەكانی رەققە و دێرازۆر باكوورو خۆرهەڵاتی سوریادا رێكخراوی داعش دووچاری شكستێكی گەورە هاتووە، بەڵام حكومەتی ئەمریكا بەردەوامە لەپشتیوانیكردنی یەپەگە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسەكە، ئەو مەشق و راهێنانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی بە 400 ئەندامی یەپەگەیان كردووە تەواوبووە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو 400 ئەندامەی یەپەگە لە نزیك بەنداوی تشرینی سەر رووباری فورات خۆرهەڵاتی حەلەب‌و كەمپی سەباحولخەیری باشووری حەسەكە مەشقیان پێكراوە.

هەروەها ئاشكرایكردووە، كە راهێنەرانی سی ئای ئەی زانیاری تیۆری و تەكنیكیان گوتووەتەوە، یەكەكانی دابەزینی ئاسمانی و هێزە تایبەتەكانی پنتاگۆن، مەشقی هاوبەشی چەكیان بەو كەسانە كردووە.

ئاژانسەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە پنتاگۆن‌و سی ئای ئەی، لەو بەرنامەیەدا پەرە بەیەكەكانی دژە تیرۆر بەناوی YAT و هێزی تایبەتی بەناو HAT دەدەن، كە یەپەگە لە 2014 دایمەزراندن.

ئەو 400 كەسەی مەشقی تایبەتیان وەرگرتووە پەیوەندیان كرد بە پێكهاتەكانی YAT و HAT. ئەمریكا، كە لە نیسانی 2016ەوە چەك و تەقەمەنی دەداتە پەیەدە، هاوكات پاڵپشتی تەكنەلۆجیاشی زیاد دەكات، سی ئای ئەی و پنتاگۆن، بۆ ئەو پێكهاتە نوێیە دوایین پێداویستی تەكنەلۆجیای بێ تەل، ویستگەی گوێگرتن و هێمای هەواڵگری بۆ پەیەدە دەگوازێتەوە.
به‌روار:  09/01/2018
1069   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   498
کۆی سه‌ردان:   29232966