خەڵاتی ڕێزلێنانی کۆچبەرانی کورد بۆ خاتوو مەریەم زەرزا لە هۆڵەندا
مالمۆکورد

ئێوارەی ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 09-12-2017 لەهۆڵی یانەی کوردی "میدیـــا" لە ئەمستردام، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڕێیان و خزمان و دۆستانی، ئێوارە کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ بەڕێز (خاتوو مەریەم زەرزا) سازکرا....لەو ئێوارەیەدا، کۆمەڵێک بەرنامەی جوان ئامادەکرابوو، خەڵاتی تایبەتی ڕێزلێنانی ساڵی 2017 یانەی کوردی "میدیـــا"ی هۆڵەندا، کە بە ناوی تێکڕای کۆچبەرانی کوردەوە دروست کرابوو....... بەخشرایە بەڕێزیان، لە پای ئەو ڕەنج و شەونخونیی و ماندووبوونەی بۆ کۆچبەرانی کورد، لە تاراوگە کێشاوێتی لە ماوەی 35 ساڵی ڕابردوودا.
خاتوو مریەم زەرزا لە ساڵی 1959 لە شارە خنجیلانەکەی شنۆ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەێکی نیشتمانپەروەر لە عەشیرەتی زەرزا چاوی بە دونیا هەڵێناوە، هەر لەو شارەدا  قۆناغی ناوەندی بڕیووە.
ئەو دەمەی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێکرد، خاتوو مریەم وەک لاوێکی نیشتمانپەروەری کوردستان، شانبەشانی شۆڕشگێران ڕەوتی خەباتی مەدەنی خۆی بۆ ئەستاندنی مافی نەتەوایەتی گەلەکەی گرتەبەر و وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ژنانی دێموکرات لە شاری شنۆ، بۆ بەرەوپێش بردنی مافی چەمکی ژنانی مافخوراو، لە هەموو بوارێک کەمتەرخەمی نەنواند و تا بە ئێستاش بۆ ئەم مەبەستە مکوڕتر لە جاران هەوڵی بۆ ئەدات.
هەر لە سەردەمی شۆڕش و رزگاری بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک مامۆستای شۆڕش لە گوندەکانی کوردستانی رزگارکراو، وانەی بەمناڵە چاوگەشەکان دەگووتەوە، وەک مامۆستایەکی خۆبەخش، وێرای وانەگوتنەوە زۆر جاریش وەکو کادرێکی دەرمانسازی لە نەخۆشخانەکان، یارمەتی نەخۆش و بریندارەکانی ئەدا، لەئەنجامی ئەو شەڕە نەگریسەی بەسەر گەلی کورددا، ساڵەهای ساڵە سەپێنراوە.
دوای داگیرکردنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ڕژیمی ئاخوندی ئێران، پاش چەرمەسەرییەکی زۆر، خاتوو مریەم زەرزا زێدەکەی خۆی بەجێهێشت و بە ناچاری ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر، بەومەبەستەی زیاتر و بەشێوازێکی شیاوتر خزمەت بەگەلە مافخوراوەکەی بکات، لە مانگی نوامبری ساڵی 1985، وەک پەنابەرێک لە وڵاتی هۆڵەند وەرگیرا، وێڕای خوێندنی ئەکادیمی، هەر لەسەرەتای هاتنی بۆ هوڵەندا، دیسان بەکارو چالاکی مەدەنی و بەتایبەتی لە بواری بزاڤی ژنان، بە هاوکاری چەند خانمێکی دیکەی کورد هەوڵیان بۆ دامەزراندنی رێکخراوی یەکێتیی ژنانی کورد لە هوڵەندا دا. 
لە 21-03- 1987توانیان رێکخراوی یەکێتیی ژنانی کورد لە هۆڵەند بە فەرمی دابمەزرێنن، کە داکۆکیان لە مافی ژنانی کورد لە هوڵەندا ئەکرد. هەروەها لەگەڵ چەندین پلاتفۆرم و ئەنجومەن و ڕێکخراوی کلتوری و مەدەنی کوردی و هۆڵەندی کاری کردووە، یەکێک لە دامەزرێنەرانیان بووە، وەک پلاتفۆڕمی زوالوو، کوردیش ماتسخاپلک وێرک (یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بۆ کوردەکان)، ئەنجومەنی زوتەرمیر- کوردستان و چەند ڕێکخراوێکی دیکە، کە بەشداری بەرچاوی لە دامەزراندنیاندا هەبووە.
خاتوو مریەم لە ڕۆژی 29-12-1986 هاوسەرگیری لەگەڵ مەحمود موراد کردووە، کە ئەویش کوردێکی چالاکی سیاسی و ناسراوی باشوری کوردستان و خەڵکی کەرکوکە.
یەکێتیی ژنانی کورد لە هۆڵەندا بڵاوکراوەی تایبەتی خۆیان هەبوو بە باوی خانمی کورد، کە بە زمانی کوردی و هۆڵەندی دەرئەچوو، کە ساڵانە چەندین ژمارەی لێ دەرئەچوو.
ئەم خانمە میهرەبانە لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 ی  باشوری کوردستان و ڕەوی بە کۆمەڵی کۆچبەرانی کورد بۆ ئەوروپا و هۆڵەندا بە تایبەتی، بە هۆی چالاکیە زۆرەکانیەوە لە ناو یەکێتیی ژنانی کورددا لە هۆڵەندا، بە تایبەتی کردنەوەی کورس و مەشق و ڕاهێنان بۆیان، کۆمەڵێکی زۆرتری لە ژنان و کچانی گەنجی کوردی، هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانی ناسی.
ئەوەی چیرۆکی ئەم خانمە و ڕێکخراوەکەیان جیائەکاتەوە ئەوەیە، کە ئەمان لەوسەردەمەدا، کە کاری ڕێکخراوەییان لە هۆڵەندا ئەکرد، ئەوکات شەڕی ناوخۆ، کۆمەڵگەی کوردی لە کوردستان و لەدەرەوەش پارچەپارچە کردبوو.
دیارە ئەو ململانێیانە و دەرهاویشتەکانی تا ئەمڕۆش بە دنیای سەرجەم کوردەوە دیارە، لە مێژووی نوێماندا، زۆربەی دەنگەکان کۆمەڵگەی کوردەوارییان بە ئاڕاستەی دابەشکردن و جیابوونەوەدا بردووە، لە ناو کۆمەڵگەیەکی واشدا، بێگومان لە ناوگێژاوێکی ئاڵۆزگاودا، تاکەکانی بەدەوری خۆیاندا ئەخولێنەوە، بەڵام لەدەروەی ئەم مێژووە خانمێک دێت و بە دەنگێکی ناسک و هێمن و بە بیرێکی قووڵ و دەرونێکی ساغەوە، هەنگاوئەنێ بۆ دروستکردنی هاوڕێیەتی لە جێی دابڕان و یەکتر قبووڵکردن لە جێی دوژمنایەتی.
ئاسان نەبوو، ئەو ئەرکەی، ئەم کۆمەڵە خانمەی کە خاتوو مەریەم سەرپەرشتی ئەکردن، ئەو کات گرتیانە ئەستۆی خۆیان، لەلایەک یارمەتی کۆمەڵێک خانم بدەن، کە غەریبی و تەنهایی و نەشارەزایی و شەڕی شوناس دۆزینەوە و خۆپێناسەکردنەوەیان، لە دنیایەکی نوێدا دەکرد و لەلایەکی دی، کۆمەڵگایەکی تا سەرئێسقان دابەش بوو، دابڕاو و بێ متمانە بەیەک بگەیەننەوە.
ئەوەی شایانی گوتنە، ئەم هەوڵەی ئەم خانمانە تەواو سەرکەوتوو بوو، بەڵێ توانیان کۆمیونتیەک دروست بکەن.... توانیان ژن لە ژێر چەتری ڕێکخراوەکەیاند کۆبکەنەوە، کە بەخۆیان بڵێن (ئێمە).... کە بەشی ئەوە متمانەیان بەیەک بێت، تا درەنگانی شەو چیرۆکی ژیان و عەشق و تێکشان و غەریبی و بەدبەختی بێ سڵکردنەوە بۆ یەک بگێڕنەوە، بەشی ئەوە متمانەیان بە یەک بێت، تا ترس و خەون و ئاواتەکانیان بۆ یەک باس بکەن، تا درەنگ پێکەوە گۆرانی بڵێن و سەما بکەن و بوێرن خۆیان بن و لەدەنگی خۆیان نەترسن.
زۆرن ئەو خانمانە، هاوڕێ ڕاستەقینەکانیان لەوێ دۆزیەوە و تا ئەمڕۆش ئەو هاوڕێتییە سەرمایەیانە، بۆیە جێی خۆیەتی لێرەدا هەمووان پێت بڵێین سوپاس خانمە بیرجوانەکەی خۆرهەڵات.... 
سوپاس بۆ ماندوو بوونت...
سوپاس بۆ بیری جوانت
سوپاس بۆ ئازایەتیت
بۆ میهرەبانیت..
بۆ ئەوەی کە هەیت..







به‌روار:  13/12/2017
2534   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   473
کۆی سه‌ردان:   29233150