مەراسیمی ڕێزلێنان لە تەرمی شەهیدانی هێرشەکەی کامپی مەخمور بەڕێوەچوو
ڕۆژنیوز – دانا عومەر
مەراسیمی ڕێزلێنان لە تەرمی پێنج شەهیدی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی کامپی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور، بەبەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو.

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ، مەراسیمی ڕێزلێنان لە ئەو شەهیدان لە بەردەم ناوەندی چان و هونەری کامپی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور بەڕێوەچوو، هەزاران هاوڵاتی مەخمور لەو مەراسیمەدا ئامادەبوون و تەرمی شەهیدەکانیان بە شان برد و لە ڕێگای گۆڕستان دا بە وتنەوەی دروشم هێرشەکەیان شەرمەزارکرد.
لە مەرسیمەکەدا، بەیاننامەی ئەنجومەنی گەلی مەخمور خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو: یەکینەکانی پاراستنی جەوهەری مەخمور لە پاش ئەوەی چەتەکانی داعش موسڵ-یان داگیرکرد دامەزرا، لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش-یش بۆ سەر کوردستان، ئەو یەکینانە بوون کە یەکەم گولـلەیان دژی هێرشەکەیان تەقاند و ڕێگریان کرد لە پێشڕەوی چەتەکان، هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی مەخمور بەرخۆدانی مێژووییان ئەنجامدا دژی چەتەکان، بەو بەرخۆدانەش نەک تەنیا مەخمور بەڵکو هەولێر و باشوری کوردستانیشیان پاراست.

 

لە بەردەوامی دا، ئەوەش هاتوو: ئەو هێزەی کە ڕۆژێک ئەو بەرخۆدانە مێژووییە لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعشدا ئەنجامدابوو، شەوی ڕابردوو کرایە ئامانجی هێرشی حکومەتی داگیرکەری تورک، ئێرە خاکی باشوری کوردستان و عێراقە، سەدان کیلۆمەتر دوورە لە سنوورەکانی تورکیا، ئێمەی هاوڵتیانی کامپەکە دەمانەوێت تێبگەین، کە پەیوەندیی حکومەتی عێراق بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە بۆ سەر کامپی مخمورەوە چییە؟ چاوەڕێین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەو بارەوەیە هەڵوێستیان ڕوون بکەنەوە لە ئاست هێرشێکدا، کە تۆڵەی لە ناوچوونی چەتەکانی داعش دەکاتەوە.
 

لەبەشێكی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئاماژە بەوەشکرابوو: پاراستنی ئاسایشی کامپەکە و بەرێوەبردنی لە پلەی یەکەمدا لە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرشی لەو شێوەیە بە واتای پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدرێت، داوا دەکەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە پێی بەرپسیارێتییەک کە لە ئاست کامپەکە هەیەتی، هەڵوێستی لە بارەی هێرشەکەوە ڕوون بکاتەوە.

 

لە کۆتاییشدا ڕاگەیەندرا: ئێمە وەک هاوڵاتیانی کامپی شەهید ڕوستەم جودی، ئەو هێرشە بە توندی شەرمەزار دەکەین و دەڵێین، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا پاشەکشە ناکەین، بەڵکو زیاتر و بەهێزتر لەبەرامبەر دەستدرێژی و داگیرکەرییەکانی تورکیادا تێدەکۆشین و وەک خەڵکی کامپەکە بە ئیرادەی خۆمان وەڵامی ئەو هێرشە دەدەینەوە.

 

دوای پێشکەشکردنی چەند وتارێک، بە وتنەوەی چەندین دروشم کۆتایی هات
به‌روار:  08/12/2017
762   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   739
کۆی سه‌ردان:   29251416