ئەڵمانیا پارەی گەڕانەوەی پەنابەرانی زیادکرد
حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد بڕی ئەو پاداشتەی بەرزکردووەتەوە کە دەیدات بەو پەنابەرانەی داواکانیان بۆ مانەوە لەو وڵاتە ڕەتکراوەتەوە بۆئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ یەک شەممە بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە بڕی ئەو پاداشتە زیادبکات بۆ ئەو پەنابەرانەی کە داواکەیان ڕەتکراوەتەوە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە.

بڕی پاداشتەکە ١٢٠٠ یۆرۆ بۆ گەورە و ٦٠٠ یۆرۆیش بۆ منداڵی خوار ١٢ ساڵە، بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت خۆبەخشانە بگەڕێتەوە بۆ ناوخۆیی وڵاتەکەی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەت ئەو هەڵمەتەی لەژێر ناوی "وڵاتەکەت داهاتووتە" بەڕێوەدەبات، و پرۆگرامەکە تا مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام دەبێت، جگە لەوەش سەرباری ئەو بڕە پارەیە حکومەت بڕی ٣ هەزار یۆرۆی تریش بۆ ئەو خێزانانە خەرجدەکات کە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆئەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانیانی پێ دابین بکەن.

تۆماس دی میزیر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێشتر داوای لەو کەسانە کردبوو کە داوای مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە، سود لەو پرۆگرامەی حکومەت وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

بەگوێرەی سەرژمێرییەکان لە نێوان مانگی شوبات و تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی ٨ هەزار و ٦٣٩ کەس کە مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە لە ئەڵمانیا، داوای گەڕانەوەیان پێشکەش کردووە کە خۆویستانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

ئەوە لەکاتێکدایە نزیکەی ١١٥ هەزار پەنابەر داوای مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا ڕەتکراوەتەوە، لەو ژمارەیەش ٨٠ هەزاریان مافی مانەوەی کاتییان پێدراوە تا ئەو کاتەی جارێکی تر داوای مافی پەنابەرێتی دەکەنەوە، هەروەها ٣٥ هەزار کەسیش بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرکراوە و دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ماوەی چەند ساڵێکە پرۆگرامی گەڕانەوەی خۆویستییان دەستپێکردووە بۆ ئەو پەنابەرانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
نالیا

به‌روار:  04/12/2017
7585   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   677
کۆی سه‌ردان:   29257130