"ئەوەی بەسەر ڕوهینگییەکان دێت ئاپارتایدە"
ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئامنێستی پێشێلکارییەکانی دژ بە کەمەنەتەوەی ڕوهینگییەکان لە بورما نیشان دەدات.

- بریتیس ئێدمان بەرپرس لە ڕێکخراوی ئامنیستی لە سوید دەڵێت ئەو جیاکارییەی بەرامبەر بە ڕوهینگییەکان دەکرێت هێندە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام بەڕێوە دەچێت و لە ئاستێکی مەترسیداری وا دایە کە جگە لە ئاپارتاید هیچیتر نییە.   

جێی باسە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی (ASEM) لە نێوان یەکییەتیی ئەورووپا و چەندین وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە بورما کۆتایی هات، پرسی ئاوارەبوونی کەمەنەتەوە و ئاینیی ڕۆهینگییەکان لە بورما لە پێشەنگی گفتوگۆکانی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

کۆتاییهاتنی ئەو کۆبوونەوانە هاوکاتە لە گەڵ ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتێکی نوێی ئامنێستی کە دوو ساڵە کاری لەسەر دەکەن تێیدا بارودۆخی روهینگییەکان وەک ئاپارتاید واتا جیاکاری ڕەگەزی وەسف دەکات.

لەو کۆبوونەوانەدا مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیری دەرەوە وەک نوێنەری سویدی بەشدار بوو. ڤاڵسترۆم لەم ڕۆژانەی دواییدا سەردانی کامپی پەنابەرە ڕوهینگییەکانی لە بەنگلادش کردوو و ئەمڕۆش بەنیازە چاوی بە سەرۆکی بورما بکەوێت.

ئامنێستی لەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆیاندا ئاماژە بەو پێشێلکارییانە دەکەن کە دژ بە گرووپی ڕوهینگییەکان لە نێو بورمادا ئەنجام دەدرێت و چۆن ژیانیان لێ تاڵ کراوە.

 بریتیس ئیدمان لە ڕێکخراوی ئامنیستی لە سوید دەڵێت بۆ نموونە ڕوهینگییەکان پەڕاوێز خراون و بۆیان نییە هەندێک ڕیگەی وشکانی بەکار بهێنن، ئەو ناوچانەی تێیدا دەژین جگە لەوەی پەرژین کراون خزمەتگوزاریی تەندروستی و فێرگە بۆ منداڵان تێیدا بەردەست نییە و دابینکردنی بژێوی کارێکی سەختە.  

ڕوهینگیییەکان بۆیان نییە ئەو لادێ پەڕاوێزە بێخزمەتگوزارییانە بەجێ بهێڵن و گەر بە نیازی کارێکی وا بن ئەوا بۆیان هەیە بگوێزنەوە لادێیەکی دیکەی هاوشێوە کە موسوڵمانە ڕوهینگییەکانی تێدا دەژین. ئەمە جگە لە و سەدان هەزار روهینگییەی کە ناچار کراون بورما بەجێ بهێڵن و بەرەو سنوورەکانی بەنگلادش بەڕێ بکەون.

جا گەر بە نیاز بین ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە ڕاخاین کە شوێنی نیشتەجێبوونی ڕوهینگییەکانە لە بورما، بوەستێنین ئەوا دەبێت ئەو جوداکاری و پەڕاوێزکارییەی کە دەیان ساڵە دژ بە ڕوهینگییەکان پەیڕەو دەکرێت کۆتایی پێبهێنرێت، بەڕای ئامنسێستی ئینتەرناشناڵ.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  22/11/2017
1669   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   386
کۆی سه‌ردان:   29220535