هەزارەها هونەرمەندی سوید دژ بە سێکسیزم بێدەنگییان شکاند
چەندەها هونەرمەندی ناسراوی بواری مۆسیک و گۆرانی لە سویددا هەڵمەتێکیان لە ژێر ناوی närmusikentystnar# دژ بە سێکسیزم و گێچەڵی سێکسی ڕاگەیاند.

ئەمە وەک درێژەی ئەو هەڵمەتەیە کە لە ژێر ناوی (#metoo) لە ئەمەریکاوە دەستی پێ کرد، سەرەتا لە بواری نواندنەوە ئەکتەرەکان دەستیان پێ کرد دواتر ژنانی بواری یاساناسی و ئینجا ژنانی بواری هونەری ئۆپێرا ئێستاش مۆسیکژەن و گۆرانیبێژانیشی هاتە پاڵ.

لەو هەڵمەتەدا نزیکی دوو هەزار ژن باس لە ئەزموونی خۆیان سەبارەت بەو دەستدرێژییانە دەکەن کە لەلایەن پیاوانی ئەو بوارەوە کراوەتە سەریان.

جێی باسە لەنێو ئەو هونەرمەندانەی ئەم کامپینەیان ئیمزا کردووە گۆرانیبێژی بەناوبانگ لیلبابس و سارا داون فاینەر هەروەها زارا لارشۆن هەیە.

یەکێک لەو هونەرمەندانەی لەم هەڵمەتەدا بەشدارە نووسیویەتی کە تەمەنی تەنها 14 ساڵ بووە کە مۆسیکژەنێکیی خێزانداری 20 ساڵ گەورەتر لەخۆی گێچەڵی سێکسیی پێ کردووە. ئەو نووسیویەتی ئەمەی من باسی دەکەم یەکجار ڕووی نەداوە بەڵکە ئەمە دیاردەیەکە ڕۆژانە لە بواری هونەری موسیکو گۆرانیدا ڕوو دەدات.

هۆکاری ئەو گێچەڵ و دەستدرێژییە سێکسییانەش بۆ هەلومەرجی بواری موسیکو گۆرانی دەگەڕێننەوە کە مانەوە و وەرگرتنی کار ئاسان نییە ئەوەش وا دەکات ەک پیاوانی خاوەن پێگە و دەسەڵات لەو بوارەدا  خراپ کەڵک لەو ژنانە وەردەگرن کە ڕوو لەو بوارە دەکەن.

یەکێک لەو هونەرمەندانە نووسیویەتی کاتێک لەلایەن بەرپرسێکی ئەم بوارەوە تووشی دەستدرێژیی سیكسیی بووم و بۆ هاوکارەکانم باس کرد کەس پشتی نەگرتم بەڵکە وەڵامەکەیان ئەوە بوو کە ئەوەی ئەو بەرپرسە بەرامبەرت کردوویەتی هەڵەیە بەڵام نامانەوێت بەو هۆیەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵیدا بپچڕێت.


به‌روار:  17/11/2017
2171   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   805
کۆی سه‌ردان:   29234439