بەڵگەنامە ساختەکانی دێنە سوید بە پۆلیس دەدرێت
هەتاوەکو دێت ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات هاتوونەتە سوید و دەیانەوێت  بەڵگەنامەی خوێندنی باڵا کە لەوڵاتەکانی خۆیان تەواویان کردووە لە سوید پەسەند بکرێت زیادی کردووە.

بەتایبەت ئەو کەسانەی لەو وڵاتەکانی خۆیان مامۆستا بوون. ئێستا دەیانەێت لە سوید لەسەر ئەرکەکانیان بەردەوام بن. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ئەو کەسانە بەڵگەنامەی خوێندنی باڵا کە تەواویان کردووە ڕادەستی دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید (Skolverket) بکەن. سارا ڤاریلو بەرپرسی بەش لە دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید باس لەوە دەکات کە پێ دەچێت چەند هۆکارێک لە پشت ئەم هەڵکشانەوە بێت.

 

  سارا ڤاریلو دەڵێت، پێدەچێ یەکێک لە هۆکارەکان بە ئاگابوون بێت لەوەی کە ڕێژەی مامۆستا لە سویددا کەمە و ئیدی ئەمەش سەرنجی ئەو کەسانە زیاتر ڕادەکێشێت، هەروەها ئێمە ئەوەش دەزانیان کە لەڕووی سیاسییەوە بایەخی زۆر بەم بوارە لە ڕووی خولی تایبەتەوە دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی خاوەن بەڵگەن و لە دەرەوەی وڵات مامۆستابوون لێرەش بەهەماشێوە بەردەوام بن. هەروەها ئێمە لە ڕووی پێدانی زانیاری.

لە درێژەی وتەکانیدا ڤاریلو باسی لەوەکرد کە هۆکارێکی دیکە پێدەچێت پەیوەندی بە زیادبوونی ڕێژەی پەنابەرەوە هەیە. جێی باسە دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید (Skolverket) لەسەر داوای بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید ئاماری ئەو داخوازینامانەی کە تایبەتن بە تەواوکردنی بەڵگەنامەی خوێندنی باڵا بۆ نێردراوە، بەردەست خستووە.

 بەپێی ئەو ئامارە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ مانگی نۆی  ٢٠١٧ ساڵانە لە هەڵکشان بەردەوام بووە. بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٤ وە ساڵانە ڕێژەی داخوازینامەکان بەکۆ  ١٠٠ داخوازینامە زیادی کردووە.

بەگشتیش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ مانگی ٢٠١٧ نزیکەی ٥٦٠٠ بەڵگەنامەی تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات، لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەدەست دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید گەشتووە. لەو ڕێژەیەش نزیکەی نیوەیان واتە ٢٦٦٠ یان پەسەند نەکراون.

 جێی باسە ئەنجوومەنی زانکۆ و خوێندنی باڵا (UHR) ئەرکی هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگەنامانەیان پێشپێردراوە.

هێلێنا یونگڕووس، بەرپرسی یەکەی هەڵسەنگاند بەڵگەنامی خوێندن، لە ئەنجوومەی زانکۆ و خوێندنی باڵاکان، باس لە هۆکاری پەسەند نەکردنی ئەو ڕێژەی زۆرەی بەڵگەنامەکان دەکات و دەڵێت.

      هەندێک جار دەردەکەوێت کە ئەوان مامۆستا نین، هەندێک جارێک مامۆستان بەڵام لە هەمان ئاستدا نا کە بە سیستەمی خوێندنی سوید بگونجێت. هاوکات دەردەکەوێت کە ئاستی خوێندنی کەسەکە بەپێی پێویست نییە کە بتوانێت وانە بڵێتەوە.

جێی باسە ئەنجوومەنی زانکۆ و خوێندنی باڵا (UHR) تەنها ئەرکی هەڵسەنگاندنی هەموو جۆرە بەڵگەنامەیەکی خوێندنی باڵای لە ئەستۆدایە و دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید بڕیاری کۆتا لەسەر ئەوەی کە بەڵگەنامەی خوێندنی باڵات پەسەن بکرێت یان نا. بۆ ئەوەی بتوانیت وەک مامۆستا لە سویددا وانە بڵێیتەوە پێوستە مەرجەکان دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید پڕ بکەیتەوە.

بۆ نمونە لە ڕووی ئاستی زمانزانی سویدی. ئەوەش لە ڕێگەی خوێندن لە سویددا کە خولی فێرکاری لەم بوارەدا بەتایبەت لە زانکۆکاندا دەکرێتەوە.

 کاتێک هاوڵاتییەکی بیانی کە دەیەوێت بەڵگەنامەی تەواوکردنی خوێندنی باڵا ڕەوانەی دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید بە مەبەستی پەسەندکردن بکات، دەبێت سەرەتا هاوشێوەی داخوازینامە لەگەڵ هەموو بەڵگەکاندا لەلای دەزگاکە بەمەبەستی هەڵەسەنگاندن و پەسەندکردن تۆمار بکات، لەبەرامبەردا بۆ ئەوکار دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید پڕی ١٥٠٠ کرۆنت لێ وەردەگرن و بەڵگەنامەکانت بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ و خوێندنی باڵا (UHR) دەنێرن. ئەوانیش لەپاش هەڵسەنگاند ڕەوانەی دەزگاکەی دەکەنەوە و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

 جێی باسە هەر بەپێی ئەو ئامارەی کە دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید هەتاوکو ئێستا چوار بەڵگەنامە سکاڵایان لەلای پۆلیس بە گومانی ساختە لەسەر تۆمارکراوە. سارا ڤاریلو بەرپرسی بەش لە دەزگای کاروباری فێرگەکانی سوید (Skolverket) باس لە ئاشکرا کردنی ئەو حاڵەتانە دەکات کە بە پۆلیس دەدرێن و دەڵێت. 

   کاتێک حاڵەتێکی وا دێتە پێشی کە گومانی ساختەکاری لێ دەکرێ، ئەو بەڵگەنامانە لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆ و خوێندنی باڵا بۆ زانکۆ  یان خوێندنگاباڵاکان لە وڵاتەی لێیەوە هاتووە دەنێردرێت بۆ یەکلا بوونەوەی گومانەکان. کاتێک یەکلا بووە بۆ نمونە ئاشکرا بوو کە ئەو بەڵگەنامەی خوێندنی باڵا لەوێوە نەهاتووە، ئەوا ئەنجوومەنی زانکۆ و خوێندنی باڵا لە پاش هەڵسەنگاندن پەیوەندی بە ئێمەوە دەکەن و ئێمەش سکاڵا لەلای پۆلیس لەسەر ئەو بابەتە تۆمار دەکەین.
گوێ لە ڕاپۆرتەکەوە بگرن
به‌روار:  18/09/2017
1706   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   483
کۆی سه‌ردان:   29233114