گیان لەدەستدانی کوردێکی نەمسا لە پارکێکی ڤێننا

ئێن ئاڕ تی چیرۆکی گیانلەدەستدانی گەنجێکی کورد لە پارکێکی ڤیەنای پایتەختی نەمسا بڵاودەکاتەوە کە بەهۆی بەرکەوتنی ڕێڕەوی مەرگەوە گیانی لەدەستداوە.

سەنگەر عوسمانی تەمەن ٣١ ساڵ کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە لە پارکێکی ڤیەنا دوای ئەوەی یاری "ڕێڕەوی مەرگ" "سکة الموت" بەری کەوتووە گیانی لەدەستداوە.

هۆکاری ئەوەی کە بۆچی یارییەکە بەری کەوتووە تا ئێستا ناڕوونە و یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی سەنگەر بە ناوی زانا ئاکام بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وت، سەنگەر لە پارکەکەدا کارمەند بووە، کاتێک کە ئیشی بە یارییەکە کردووە چووەتە شوێنێک کە قەدەغە بووە هەر بۆیە یارییەکە بەری کەوتووە.
هاوکات بەشێک لە میدیاکانی نەمسا باسیان لە ڕووداوەکە کردووە و ماڵپەڕی وین ئۆرف ( wien.orf) بڵاویکردووەتەوە، گەنجەکە لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە لەو پارکەدا وەک کارمەند کاریکردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەنگەر لەکاتی ئیشپێکردنی یارییەکەدا چووبێت مۆبایلی گەشتیارێکی هەڵگرتبێتەوە کە لەسەر "ڕێڕەوی مەرگ"کە بووە و لەو کاتەدا یارییەکە بەری کەوتووە.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی وتووە، پۆلیس پشتڕاستی نەکردووەتەوە، چونکە دوای ڕووداوەکە هیچ مۆبایلێکیان لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەدۆزیوەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەپێی ڤیدیۆیەک کە کامێرای چاودێری پارکەکە تۆماری کردووە، سەنگەر خۆی ئیشی بە یارییەکە کردووە و دواتر چووەتە ئەو شوێنەی کە قەدەغە بووە بچێت.
دوای ڕووداوەکە تیمەکانی فریاکەوتن ڕۆیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و سەنگەریان بە هێلیکۆپتەر گواستووەتەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەیەکەوە دوای کاتژمێرێک گیانی لەدەستداوە.
سەنگەر ماوەی چەند ساڵێک لە نەمسا لەگەڵ هاوڕێکانیدا ژیاوە، هەروەها دوو برای دیکەشی لە ئەوروپان و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لە سلێمانی دەژین.
تا ئێستا سەنگەر بە خاک نەسپێردراوە و بڕیارە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ببرێتە ئەڵمانیا و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

نالیا
به‌روار:  15/08/2017
2505   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   326
کۆی سه‌ردان:   29253163