وێستگەكانی ژیانی شێركۆ بێكەس لە 205 وێنەدا

مالمۆکورد
 

قەڵەمی میللەتێك.. ناونیشانی ئەلبومێكە تازەترین چاپكراوەكانی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ە.. رۆژنامەنووس شاڵاو جەعفەر ئامادەی كردوە .. ئەم ئەلبوومە 205 وێنەی دەگمەن و ناوازەی شاعیری نەمر شێركۆ بێكەس لەخۆ دەگرێت كە وێستگەكانی ژیانی ئەو كەڵە شاعیرەی بە فۆتۆ تۆمار كردوە..

بۆ ناساندنی زیاتری ئەم ئەلبومە پێشەكی ئەلبومەكە دادەنێینەوە:

قەڵەمی میللەتێك

           

شاعیری گەورەی گەلەكەمان، شێركو بێكەس، یەك لەو كۆڵەكانەیە نەوە لەدوای نەوە مایەی شانازیی و پیاهەڵدانمان دەبێت.. سنووری ناوچەیی و هەرێمی و رۆژهەڵاتی ناوەندی بەوشە جوانەكانی بڕی و لەئاستی شاعیرە جیهانیەكاندا وەك میللەت و نەتەوەی كورد شانازی پێوە دەكەین..

رەنگ بێت كەم كەس بزانێت كە فەخری رۆشنبیریی نەتەوە، كەڵە شاعیری داهێنەر، لەپاڵ شیعرە ئاگری و ناسك و ناوازەكانیدا رۆژنامەنووسێكی بلیمەت و لێهاتووش بوو، چ لەسەردەمی شاخ یان سەردەمی شار، ئێمە لە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ماڵێكی بچكۆلە و خانەخوێیەكی بەردەرگای وشەكانی شێركۆین، مایەی شانازیمانە كە ئەم ناودارەی كورد ئەندامی كارای لقەكەمان بوو،..

وەك وەفایەك بۆ قەڵەم و خەبات و دڵسۆزی ئەم پیاوە، وەك وەفایەك بۆ ئەو ئەندامەی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بەئەرك و وەفای خۆمانی دەزانین لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیریی، ئەم ئەلبومە چاپ و بڵاو بكەینەوەو چەند وێستگەیەكی جیاوازی ژیانی شێركۆ بۆ بینەرو رۆشنبیریی كوردو بیانی تۆمار بكەین.

رێزلێنان لە بلیمەتەكان و ناودارەكان و سەركردە دڵسۆزەكان ئەركی رۆشنبیرانن، ئێمەش شێركۆ بە سەركردەیەكی وشەی رەسەن و كانیلەی شیعری كوردی دەزانین، ئەم ئەلبومەش تەنها دڵۆپێكە بەرامبەر ئەو زەریا فراوانەی شێركۆ لە داهێناندا پێشكەشی كردین، بۆیە حەزمان كرد ناوی بنێین قەڵەمی میللەتێك..

 

كاروان ئەنوەر

سكرتێری لقی سلێمانی

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
به‌روار:  03/08/2017
441   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   779
کۆی سه‌ردان:   29251982