لێبوردنی نێودەڵەتی تۆمەتی تیرۆری تورکیا ڕەت دەکاتەوە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی (Amnesty International) توانیویە هەندێک زانیاری بەدست بێنێ سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو سکاڵانامەی دۆزگەری کۆماری تورکییە لەدژی چالاکانی مافی مرۆڤ تۆماری کردووە. ڕێکخراوەکە بەستنەوە مەسەلەکە بە تیرۆر ڕەت دەکاتەوە.
بەرپرسێکی لقی سویدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی (Svenska Amnesty)، کە ریکخراوێکە و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، ڕایدەگەیەنێ کە ئەو مەسەلەیە بە هیچ جۆرێک ناکرێ لەگەڵ تیرۆر گرێ بدریتەوە.
ئەو چالاکوانانەی مافی مرۆڤ کە بە گوومانی ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستگیر کرابوون، لە لایەن دۆزگەری تورکییەوە سکاڵایان لەدژ تۆمار کراوە. لەم پێوەندیە دا ئەمرۆ رێکخراوەکە ڕایگەیاند کە توانیویەتی چەند بەشێک لەو سکاڵانامەیە ببینێ کە لەلایەن دۆزگەری تورکییەوە لە دژی چالاکوانانی مافی مرۆڤ تۆمار کراوە و بە پێی زانیاریەکان لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت.
بەشێکی سکاڵانامەکە پەیوەندی بە کەمپەینی ئیمزاکۆکرندەوەی ریکخراوەکەوە هەیە بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی دوو لەو فەرمانبەرانەی لە تورکییە مانیان لە خواردن گرتووە لە دژی دەرکردنیان لە کارەکانیان، لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی هاوینی ڕابردوو لەو وڵاتە.
لایەنێکی تری شکایەتەکە پەیوەندی بەو نامەیەوە هەیە کە ڕیکخراوی ناوبراو ئاراستەی باڵیۆزی کۆریای باکوور لە تورکییەی کردووە. ناوەرۆکی نامەکە بریتییە لە ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕێکخراوەکە لە دژی هەناردەکردنی گازی فرمێسکرێژ لە کۆریای باکوورەوە بۆ تورکیا، کە بە قسەی ڕیکخراوەکە لە خۆپێشاندانە ئاشتیخوازانەکاندا بەکار دەهێنری.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
بریتیس ئیدمان لە لقی سویدی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم مەسەلەیە دەڵێ:
-هەردوو ئەو چالاکیانە مافێکی سروشتی و یاسایین. ئەمانە هەر ئەو چالاکیانەن کە بەردەوام ڕێکخراوکەی ئێمە و ڕێکخراوەکانی تری داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ئەنجامیان دەدەن. ئەو سکاڵایانەش کە تۆمار کراون هیچ بنەمایەکیان نییە.
دوو هەفتە لەمەوبەر سویدییەک لەگەڵ نۆ کەسی تر لە چالاکانی مافی مرۆڤ، بە گوومانی ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی لە تورکییە دەستگیر کران.
بهروار: 19/07/2017
600 جار خوێندراوهتهوه
|