راپۆرتە هەواڵی ئەدەبی لە هۆڵەنداوە‌:
ڕاپۆرتە هەواڵی ئەدەبی لە هۆڵەنداوە‌:
دیالۆگی نێوان نوسەرانی کورد لە هۆڵەندا و مێزگردێک
بۆ نوسەر و وەرگێڕ شەفیقی حاجی خدر
دەربارەی خەرمانی کتێبە وەرگێڕاوەکانی
له‌ هۆڵی یانه‌ی کوردی "میدیــــا" له‌ئه‌مستردام
 



 
ڕۆژی یەکشه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 16-07- 2017 کات 13:00 یەکی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی یانه‌ی کوردی "میدیـــا" له‌ ئەمستردام، بە ئامادەبوونی دەستەبژێرێک لە نوسەران و رۆشنیرانی کوردی هۆڵەندا، میوانداری نوسەر و وەرگێڕ بەڕێز کاک شەفیقی حاجی خدر کرا.
پێشتر شەفیقی حاجی خدر، وەک مافناس و سیاسیەک لە ناو کوردەکانی هۆڵەندا ناسرابوو، ئەمڕۆ وەک نوسەر و وەرگێڕێکی چالاک و کارامە، خاوەنی چەندین کتێبی سیاسی و رۆمانی وەرگێڕدراوە و لە لە زمانەکانی هۆڵەندی و ئینگلیزییەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە تا ئەمڕۆ 12 بەرهەمی چاپ و بڵاوکردۆتەوە.
ناساندنێکی وەرگێڕ:
لە ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی گرتک لە دۆڵی رۆستیی دەڤەری باڵەکایەتی لە دایک بووە.
لە ساڵی ١٩٨٨ بەکالۆریۆسی لە قانون لە زانکۆی بەغدا وەرگرتووە.
لە ساڵی ١٩٩٧ ەوە تا ٢٠١٢ ئاوارەی ئەوروپا(هۆڵەندا و بەریتانیا) بووە.
لە باڵ زمانی زگماکیدا؛ زمانەکانی عەرەبی، هۆڵەندی ئینگلیزی ئەزانێ.
لە ساڵی ١٩٨٦ ەوە، هەوڵی نوسینی داوە، تا ئێستا 12 کتێبی ناوازەی لە زمانەکانی هۆڵەندی و ئینگلیزییەوە وەرگێڕاون، دەیان گوتار لێکۆڵینەوەی قانونی و سیاسی بڵاوکردۆتەوە.
کاک شەفیقی حاجی خدر، لەم مێزگردەدا بە ئامادەبوونی چەند نوسەرێکی کوردی وەک ئیبراهیم سەلمان کە تا ئێستا چوار رۆمانی بە زمانی هۆڵەندی بڵاوکردۆتەوە و دکتۆر سەروەر جوانڕۆیی، کە رۆمانێکی بە زمانی هۆڵەندی بڵاوکردۆتەوە و ڤینۆس فایەق رۆمانێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردۆتەوە، دیالۆگێکی ئەدەبی ڕووبەڕوو ئەنجام درا.
سەرەتا شەفیقی حاجی خدر،  تیشکی خستە سەر ئەزموونی کاری وەرگێڕانی خۆیی و باس لەوە کرد چۆن لە سەرەتای گەیشتنی بە هۆڵەندا لەدوای ساڵی ١٩٩٧ ەوە، پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، وەک مافناس و سیاسیەک رووی لە کاری وەرگێڕان کردووە.
شایانی باسە وەرگێڕ لەو شارکارانەی کە تا ئێستا وەریگێڕاوەنەتە سەر زمانی کوردی و بڵاویکردونەتەوە، دوو ڕۆمانی نوسەری ناسراوی هۆڵەندی قادر عەبدوڵڵای بە رەگەز ئێرانی تێدایە، کە بریتیین لە رۆمانی (خانووکەی مزگەوتێ و خەتی بزماری).
چاپکراوەکانی وەرگێڕ:
١- نهێنیەکانی مۆساد، نوسینی گۆردۆن تۆماس، وەرگێڕانی لە زمانی هۆڵەندییەوە، سێ جار چاپکراوەتەوە؛ چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٠٨ چاپخانەی هێڤی، هەولێر، چاپی دووەمدەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵات، هەولێر ٢٠١٤ ، چاپی سێهەم رۆژهەڵات هەولێر ٢٠١٦.
٢- مادلین ئۆڵبرایت، سیاسەتی ئەمەریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە، سەنتەری نما ٢٠٠٩ هەولێر.
٣- داود بنگۆریون، دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل، نوسینی رۆبەرت سەنت یوهب، بابەتی مێژوویی و سیاسی، وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی هێڤی ٢٠١١ هەولێر، چاپی دووەم ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ٢٠١٦.
٤- کوردستان لە نێوان سیڤەر و سنورە دەستکردەکاندا، نوسینی هیسەر لهێر واگنەر، بابەتی مێژوویی، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە، چاپی یەکەم ئەکادیمایی کوردی هەولێر ٢٠١٣، چاپی دووەم، ئاوێر ٢٠١٥،
٥- وەرزێکی سپی وشک و برینگ، ئەندریێ برینگ، رۆمان، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ٢٠١٣.
٦- ژیانی من، چۆن ئیسرائیل دامەزرا..؟ گۆڵدا مایەر، یادداشت، وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە، ناوەندی ئاوێر، هەولێر ٢٠١٤.
٧- ئینفێرنۆ، دۆزەخ، دان براون، رۆمان، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ٢٠١٥.
٨- شەرەف، ئەلیف شەفەق، رۆمان، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ٢٠١٥.
٩- یاخیبوون، مناحیم بێگن، یادەوەری، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ٢٠١٦.
١٠- خانووەکەی مزگەوتێ، قادر عەبدوڵڵا، رۆمان، وەرگێڕان لە هۆڵەندییەوە، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ٢٠١٦.
١١- کۆدەکەی دافنشی، رۆمان نوسینی دان براون، لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر ٢٠١٦.
١٢- خەتی بزماری ، رۆمانی قادر عەبدوڵڵا، وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە، ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە،  سلێمانی ٢٠١٦.
 
لەم مێزگردەدا ئاخاوتنێکی چڕوپڕ و جدی دەربارەی وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی کوردی و ناساندنی نوسەران و رۆشنبیرانی کورد بە بێگانە و بە پێچەوانەوە کراو و کاک شەفیقی حاجی خدر بە کورتی باسێکی مێژووی وەگێڕانی کرد لە ئەدەبیاتی کوردیدا، لە ساڵی ١٩٢٨، لە لایەن حسێن حوزنی موکریانییەوە نامیلکەی (بەخێوکردنی کرمی ئاوریشم) لە فەڕەنسییەوە کراوە بە کوردی و پاشان لەسەردەستی تۆفیق وەهبی بەگ کۆمەڵێک گوتار لە رۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستیدا لە ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی، هەروەها لەلایەن پیرەمێردی شاعیرەوە، چیرۆکی (کەمانچەژەن) لە زمانی تورکییەوە کراوە بە کوردی.
 لەم بەیەکگەیشتنەدا ئامادەبووان لە نزیکەوە بە خەرمانی وەرگێڕانەکانی کاک شەفیقی حاجی خدر ئاشنابوون و راستەوخۆ گفتوگۆی چڕوپڕیان دەربارەی کتێبە وەرگێڕاوەکانیان لەگەڵ خۆیدا کرد.
 
به‌روار:  18/07/2017
950   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   817
کۆی سه‌ردان:   29234719