سوید باشترین وڵاتە بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی
بە پێێ ڕاپۆرتێک کە ناوەندی هاوکاریی ئۆکسفام(Oxfam) بڵاوی کردووەتەوە، سوید باشترین وڵاتە کە توانیویەتی بەرەنگاری نایەکسانی دارایی ببێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش جیاوازیە چینایەتییەکان بەرز بوونەتەوە.

لێکۆڵینەوەکە بەدواداچوونی بۆ ئەوە کردووە تا بزانێ دەسەڵاتدارانی ١٥٢ وڵات چییان کردووە تاکوو بتوانن جیاوازی نێوان چینی هەژار و چینی دەوڵەمەند کەم بکەنەوە. رۆبێرت هۆگلوند، وتەبێژی رێکخراوەکە دەڵێ:

   سەبارەت بەو خاڵانەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردوون، سوید پێگەیەکی باشی هەیە. ئێمە ڕێژەی دەرکەوتەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکانمان بەرزە و پارەیەکی زۆر بۆ بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی تەرخان دەکەین. ئەم بوارانەش دەبنە هۆی کەمکردنەوەی جیاوازییەکان.

 ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن ئۆکسفام کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەژاری خەبات دەکات، بە هاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی گەشەسەندنی ئابووری بڵاو کراوەتەوە، بەدواداچوونی بۆ ئەوە کردووە تا بزانێ حکومەتەکان چیان کردووە تاکوو بتوانن جیاوازی نێوان چینی هەژار و چینی دەوڵەمەند کەم بکەنەوە. وڵاتەکان لە چەند ڕوویەکی جیاوازەوە پۆلین بەندی کراون. لەوانە، لە ڕووی ئەوەی ئەوان تا چەند وەڵامدەرەوەی مافەکانی کرێکاران بوونە، چۆن چۆنی پارەی باج- یان بەکارهێناوە تاکوو جیاوازی رێژەی داهات کەم بکەنەوە و هاوکات، ئەو وڵاتانە بە چ ڕێژەیەک سەرمایەگوزاریان لە بواری خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان کردووە.  

هەر لەم ڕووەوە، سوید بە باشترین وڵات دادەنری لە نێوان ئەو 152 وڵاتەی لێکۆڵینەوەکە لە خۆی گرتوون سەبارەت بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانییەکان. بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە لەم چەند دەیەی دواییدا، رێژەی نایەکسانی ئابووری لە سوید بەرزبووەتەوە.

سەبارەت بەم مەسەلەیە، کەنێس نیلسۆن پرۆفیسۆری بەشی سۆسیۆلۆژی زانکۆی ستۆکهۆڵم پێی وایە کارێکی ئاسان نییە بەم شێوە وڵاتان ڕیزبەندیان بۆ بکرێ. بەڵام دیسانیس سوید لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە بەرەنگاری نایەکسانی و جیاوازی چینایەتی دەبنەوە. پرۆفیسۆر نیلسۆن دەڵێ:

  گەر بێت و هەندێک لەو نیشانە جیاوازانە بە خاڵی لە یەکچوو بگۆڕین، لەوانەیە سوید بێتە ریزی چوارەم، پێنجەم یانیش شەشەم. بەڵام دیسانیش و بێ لەبەرچاوگرتنی نیشانە دیاریکراوەکان، بێگومان ئێمە لە ڕیزی پێشەوەی ڕیزبەندیەکەدا دەمێنینەوە.

خراپترین وڵات لەم بوارەوە کە لە کۆتایی لیستەکەی ئۆکسفام جێگیر بووە  نایجیریا یە. نایجیریا لە ڕووی ئابووریەوە گەشەسەندنێکی باشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام جیاوازی و نایەکسانییەکان لە نێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند لە ئاستێکی بەرزدایە.

لینکی هەواڵ
به‌روار:  17/07/2017
3179   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   598
کۆی سه‌ردان:   29254947