نا ..



گەنجێتی خۆم، لەسەر سیاسەت دانا
سامانیشم لەسەر ژن
لە یەکەمیان پەشیمانم
لە دووەمیان .. نا .
*
خەڵک هەیە
دڵخۆشی لەپارەدا دەبینێ،
هەیە لە ژن .. هەشە لە مەی
من، لەیەکەمیان .. نا.
*
جاران، لۆمەی ئەوانەم دەکرد،
 دەیانگووت:-
ژەهر تاڵە .. بەخوا تاڵە
بەڵام، ئێستا .. نا.
*
لەنێوان زمانان دا، سنوور هەیە         
دڵان نا
بۆیە، بەدڵ خۆشمدەوێی،
بەزمان.. نا.
*
وا هەست دەکەم، کفریش بکەیت
لەوانەیە .. خوا لێتخۆشبێ.
وەلێ..
دڵی ژنێك بڕەنجێنی .. نا.
*
ئیرەیی بە پاڵەوانی ئەو رۆمانە دەبەم
دەیخوێنییەوە،
دەزانم، عاشقی ئەو دەبی
ئەو خاوەنی پارە و ..
وەلێ من .. نا.
*
من ، بەبێ تۆ .. هەست بە بوونی 
کات و شوێن دەکەم،
ئەمما..
لەگەڵ تۆ .. نا.
*
سەختە بێ تۆیی سەختە
وەلێ..
هێندەی بێ وەفاییت .. نا.



فەتاح حەسەن                   
دانیمارك/ ڤالبی                 

به‌روار:  13/07/2017
1148   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   698
کۆی سه‌ردان:   29250547