لێدانی ڕۆژنامەنووسێک و دەستگیرکردنی شاعیرێک لە هەولێر

لە شارى هەولێر لە یەک ڕۆژدا لە ڕۆژنامەنووسێک درا و شاعیرێکیش دەڵێت دواى دەستگیرکردنى لە لایەن ئاسایشەوە لێى دراوە، هەردووکیشیان هۆکارى ئەو ڕووداوانە بۆ نوسینەکانیان و ڕەخنەکانیان لە دۆخى هەرێمى کوردستان دەگەڕێننەوە.

ڕۆژنامەنووس ئیبراهیم عەباس کە پێشتر ئەندامى تیمى ڕاگەیاندنى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى بووە، چیرۆکى هێرشکردنە سەرى بۆ ئێن ئاڕ تی گێڕایەوە و دەڵێت، ئێوارەى ڕۆژى دووشەممە کاتێک بە تەکسى لە بازاڕەوە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، لە گەڕەکى ئازادى شارى هەولێر، دوو ئۆتۆمبێل بەردەمیان گرتووە و لە تەکسیەکە هێناویانەتە خوارەوە و بەشەق و دار لێیانداوە.

ئیبراهیم عەباس لە ماوەى ڕابردوودا چەندین وتار و بابەتى ڕەخنەیى لەسەر پارتى نووسیووە، وەک خۆشی دەڵێت ئەو کەسانەى لێیان داوە لەلایەن پارتییەوە نێردرابوون و ئیسکێکی قاچی شکێنراوە و سەری لە چەند لایەکەوە شکاوە، ئاماژەى بەوەشکرد بە ژمارەى نەناسراو تەلەفۆن بۆ کەسوکاری کراوە و پێیان وتوون ئەگەر هاوسەر و منداڵى نەبوایە دەیانکوشت.

هەر لە ڕۆژی دووشەممەدا ئومێد ئەحمەد کە شاعیرێکى شارى هەولێرە ڕایگەیاند لە لایەن ئاسایشی سێتاقانەوە دەستگیرکراوە و وەک خۆی دەڵێت لە ئاسایش لێیدراوە لەسەر ئەو شیعرانەی کە بڵاویان دەکاتەوە و ڕەخنە ئامێزن لەسەر خراپى دۆخى هاوڵاتیانى هەرێم.

سەبارەت بەو دوو دۆسیە، بەڕێوەبەرى گشتى ئاسایشى هەولێر ڕەتیکردەوە لە هیچ کەسێکیان دابێت، وتیشى ئەو کەسانەى ئەو قسانە دەکەن بە فیتی لایەنی دیکە هەڵدەپەڕن و ناوی ئاسایش بەکار دەهێنن.

ئیبراهیم عەباسى ڕۆژنامەنووس و ئومێد ئەحمەدى شاعیر وەک خۆیان وتوویانە لە لایەن ئەو کەسانەى لێیان داون و دەستگیریان کردوون، هەڕەشەى کوشتنیان لێکراوە ئەگەر بە شێوازى ڕابردوو لە نووسین و ڕەخنەکانیان بەردەوامبن.
نالیا
به‌روار:  11/07/2017
1068   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   267
کۆی سه‌ردان:   29231660